هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەیه‌ك له‌ ناوەندی شاری ئیدلیبدا بەرزدەبێتەوە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

کارمەندان و خۆبەخشانی بەرگری شارستانی سوری ئەو خەڵکە رزگاردەکەن كه‌ لە نەخۆشخانەی پارێزگای ئیدلیب گیریانخواردووە دوای تەقینەوەکەی (12 ئایار) لە ناوەندی شاری ئیدلیبدا. [خاوەنی وێنە: ئوسامە قەنبەر]

کارمەندان و خۆبەخشانی بەرگری شارستانی سوری ئەو خەڵکە رزگاردەکەن كه‌ لە نەخۆشخانەی پارێزگای ئیدلیب گیریانخواردووە دوای تەقینەوەکەی (12 ئایار) لە ناوەندی شاری ئیدلیبدا. [خاوەنی وێنە: ئوسامە قەنبەر]

ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو شەوی شەممە (12 ئایار) لە شاری ئیدلیبی باکوری سوریادا لە یەکشەممەدا هێشتا بەردەوام له‌بەرزبوونەوەدابوو، كه‌ لانیکەم 28 مردن و زۆرێك برینداربوون، روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند.

روانگەکە رایگەیاند كه‌ لانیکەم پێنج مەدەنی و 10 ئەندامی هاوپەیمانێتی تەحریر شام لەنێو كوژراواندا بوون، لەگەڵ هەشت کەس کە تۆمەتباربوون بە ئەندامێتی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

بەگوێرەی بەڕێوەبەری روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکە دادگایه‌كی کردۆتە ئامانج کە لەلایەن تەحریر شامەوە لە ئیدلیب دامەزرێنراوە و ئەندامانی گومانلێکراوی داعشی تێدا دەستبەسەرده‌كرێن.

شایەتحاڵان بە دیارونایان وت تەقینەوەکەی ناوەندی شاری ئیدلیب یەکێك بوو لە زنجیرەی ئەو تەقینەوانەی لە ده‌وروبه‌ری شارەکەدا ئه‌نجامدراون. بووە هۆی زیانێكی بەرچاوی ماددی، بەتایبەتی له‌ نەخۆشخانەی پارێزگاكه‌، کە به‌هۆیه‌وه‌ له‌كاركه‌وت.

کارمەندان و خۆبەخشانی بەرگری شارستانیی سوری دەگەڕێن بۆ بریندارانی ژێر داروپەردووی ئەو بیانایانەی بەهۆی تەقینەوەکەی شەوی شەممەوه‌ (12 ئایار) رووخان کە ناوەندی شاری ئیدلیبی هەژاند. [خاوەنی وێنە: ئوسامە قەنبەر]

کارمەندان و خۆبەخشانی بەرگری شارستانیی سوری دەگەڕێن بۆ بریندارانی ژێر داروپەردووی ئەو بیانایانەی بەهۆی تەقینەوەکەی شەوی شەممەوه‌ (12 ئایار) رووخان کە ناوەندی شاری ئیدلیبی هەژاند. [خاوەنی وێنە: ئوسامە قەنبەر]

یەکێتی چاودێریی پزیشکی و فریاگوزاری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە ئۆتۆمبیلێك لە نزیکەی 8:50 خولەکی ئێوارەی شەممە تەقیوەتەوە، کە کەمتر لە 25 مەتر دووربوو لە نەخۆشخانەی پارێزگای ئیدلیب.

رێكخراوه‌كه‌ رایگەیاند كه‌ دوو کارمەندی پزیشکی لەنێو کوژراواندا بوون و زیاد لە 25 بریندار بوون.

ئوسامە قەنبەر، پەرستارێك لە نەخۆشخانەی پارێزگاكه‌ بە دیارونای وت تەقینەوە گەورەکە گەڕەکی کاسیحی نزیك بە نەخۆشخانەکە و کۆشکی دادپەروەریی هەژاند.

وتی سەرەڕای زیانی مرۆیی، تەقینەوەکە زیانێکی بەرچاوی ماددیی گەیاندووە، بەجۆرێك بۆتە هۆی ئەوەی داروپەردوو رێگەکە دابخات.

نەخۆشخانەی پارێزگاكه‌ لەکاركه‌وت

قەنبەر وتی نەخۆشخانەی پارێزگاكه‌ زیانێکی بەرچاوی بەرکەوت چونکە تەقینەوەکە نزیك بە دەروازەکەی بوو، وتیشی ناوەوەی داڕووخا لەگەڵ ژووری هۆشهاتنه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كان و ئامێره‌كانی خوێنگۆڕین و هی دیکەی نەشتەرگەری لەکارکەوتن.

وتی واپێدەچێت تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبێکی دەستکردەوە بووبێت کە خرابووە نێو ئۆتۆمبیلێك نزیك بە دەروازەی نەخۆشخانەکە.

وتی ژمارەیەکی زۆر لە برینداران لەژێر داروپەردووه‌كاندا رزگارکران، بەجۆرێك تیمی بەرگریی شارستانی سوری بۆ ماوەی زیاتر لە سێ کاتژمێر کاریکرد بۆ رزگارکردنی چوار پیاو کە گیریانخواردبوو.

وتیشی هەندێك لە برینداران لە دۆخێکی هەستیاردان و نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت لە نەخۆشخانەکانی دیکەی ناوچەکە.

قەنبەر وتی تەقینەوەکە بۆ خەڵکی شارەکە جێی سەرسوڕمان نەبوو، چونکە شەپۆلێکی تەقینەوە لە ناوچەکە روویداوە لەمماوەیەدا -- زیاد لە 50 لە مانگێکدا.

وتیشی ئەم تەقینەوانە بەردەوام روودەدەن سەرەڕایهەنگاوه‌ ئەمنییه‌كان لەلایەن پۆلیسی ئازادی ئیدلیبو گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنیشەوە، کە کەسایەتی چەکدار و چالاکوانان دەکەنە ئامانج، بەڵام زۆر مەدەنی بێتاوانیان تێدا کوژراون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500