هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

پشێوی لە دیمەشق دروستدەبێت دوای تەقینەوە کوشندەکان

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

دانیشتوانی دیمەشق لە شوێنی تەقینەوەکەی چوارشەممە (9 ئایار) وەستاون لە گۆڕەپانی مەیسات لە دیمەشق، کە چوار کەسی کوشت و زیاتر لە 20 کەسی دیکەی بریندار کرد. [وێنەكه‌ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

دانیشتوانی دیمەشق لە شوێنی تەقینەوەکەی چوارشەممە (9 ئایار) وەستاون لە گۆڕەپانی مەیسات لە دیمەشق، کە چوار کەسی کوشت و زیاتر لە 20 کەسی دیکەی بریندار کرد. [وێنەكه‌ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

چوار کەس کوژران و زیاتر لە 20 کەس برینداربوون چوارشەممە (9 ئایار) لە دوو تەقینەوەدا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کە لە گۆڕەپانێکی گشتیدا تەقینەوە و مەدەنی زۆری لێبوو.

هێرشەکە لەکاتێکدا بوو کە شەڕێكی سەخت بەڕێوەدەچوو لەنێوان رژێمی سوریا و میلیشیا هاوپەیمانەکانیدا لەلایەك و لەلایەکی دیکەوە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە ده‌وروبه‌ری کەمپی یەرموکی ئاوارە فەلەستینیەکان لە باشوری شارەکە.

فەرمانبەرێكی حکومەت، هەیسەم حەداد، تەمەن 40 ساڵ، لە ئۆفیسەکەیەوە لە شوێنی کارەکەی لە وەزارەتی ئەوقاف لەنزیك شوێنی تەقینەوەکەوە، بە دیارونای وت پشێوی دیمەشقی داپۆشیەوە لە دوای رووداوەکە.

وتی ژمارەیەکی زۆر سەرباز و پۆلیس و هێزە ئەمنیەکان بە جلی مەدەنییەوە نێردراون بۆ شوێنەکە لەدوای تەقینەوەکە، کە کاتژمێر 11:25 ی بەیانی چوارشەممە لە لە گۆڕەپانی مەیسات لە گەڕەکی مەرجەی دیمەشق روویدا.

هێزەکانی سوریا پاشماوەی ئۆتۆمبیلێك هەڵدەدەنەوە کە چوارشەممە (9 ئایار) تەقیەوە لە گۆڕەپانی مەیسات لە دیمەشق. [وێنەكه‌ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

هێزەکانی سوریا پاشماوەی ئۆتۆمبیلێك هەڵدەدەنەوە کە چوارشەممە (9 ئایار) تەقیەوە لە گۆڕەپانی مەیسات لە دیمەشق. [وێنەكه‌ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

تەقینەوەکە لەبەردەم 'ویمپی کافێ'دا لەنزیك وەزارەتی ئەوقاف روویدا.

ئامارە سەرەتاییەکان دەڵێن چوار کەس کوژراون و زیاتر لە 20 کەسیش برینداربوون، هەندێکیان بەسەختی.

تەقینەوەی دووەم لە هەمان شوێن

تەقینەوەی دووەم، کە پشتڕاستکراوەتەوە بە موشەکێك ئەنجامدراوە، تاوەری بازرگانیی دیمەشقی کردە ئامانج لەهەمان شوێن کە تەنیا زیانی مادیی لێکەوتەوە.

حەداد وتی راپۆرتی دژبەیەك هەبوون سەبارەت بە هۆکاری تەقینەوەکە کە راپۆرتە فەرمیەکان لەسەرەتادا وتیان دوو موشەك لەناوچەکە کەوتوونەته‌ خوارەوە و راپۆرتەکانی دواتریش ئەوەیان دەرخست کە ئۆتۆمبێلێکی مینڕێژکراو یان بۆمبێکی دەستکرد تەقیوەتەوە.

ئۆتۆمبێلێك تێکشکا و پاشماوەکانی بە شوێنی تەقینەوەکەدا پەرش و بڵاوبوونەوە.

وتیشی پاسێکی قەبارە مامناوەندیی قوتابخانه‌ش بەهۆی ئاگرەوە زیانی بەرکەوت و به‌گوێره‌ی زانیاریەکان شۆفێرەکەی کوژراوە.

هەروەها وتی بەگوێرەی سەرچاوە نێوخۆییەکان "تەقینەوەکە کاتێك رویداوە کە خوێندکاران دەزگایەکی فێرکارییان بەجێده‌هێشت لە ناوچەکە و بووەهۆی کوژرانی مامۆستایەکی بیرکاری و برینداربوونی ژمارەیەك خوێندکار."

وتیشی: "پاشماوەکانی موشەکەکە هاوشێوەی موشەکی دەستکردی نێوخۆیین." ئاماژەشی دا بەوەی پێدەچێت لە حەجەر ئەسوەدی نزیك کەمپی یەرموکەوە ئاراستەکرابێت کە داعش لەوێدا شەڕی رژێمی سوریا و هاوپەیمانانی دەکات.

هەروەها وتی دوو موشەك تاڕاده‌یه‌ك لەهەمانکاتدا کەوتنەخوارەوە لە گەڕەکی زوهرە جەدیدەی دیمەشق بەبێ لێکەوتنەوەی زیانی گیانی.

بەرپرسی روانگەی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، رامی عەبدولڕەحمان، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت داعش "بەشێوەی پچڕپچڕ موشەك بەسەر پایتەختدا دەهاوێژێت" لە 19 نیسانەوە کاتێك هێزەکانی سەربە رژێم شەڕیان دژی گروپەکە چڕکردەوە."

رژێم چاوی بڕیوەتەوە یەرموك و ناوچەکانی دەوروبەری دوای گرتنەوەی غوتەی رۆژهەڵاتی قەڵای پێشوی ئۆپۆزسیۆن لە رۆژهەڵاتی پایتەخت مانگی رابردوو.

هێرشی ئاسمانی لەشەودا لەنزیك دیمەشق

هاوکات هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ چەند ناوچەیەکی سوریا لەشەودا لانیکەم 23 سەربازی سوری و شەڕکەری هاوپەیمانه‌كانی رژێمی کوشت، ئاژانسی فرانس پرێس پێنجشەممە رایگەیاند.

سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاند كه‌ چەندین بنکەی سەربازی ئێرانییان لە سوریا کردۆتە ئامانج لە هێرشێكی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا دوایئەوەی نزیکەی 20 موشەك ئاراستەی هێزەکانی کران لە دەوروبەری نیوەشەودا لە بەرزاییە داگیرکراوەکانی جۆلان لە سوریاوە.

ئیسرائیل هێزی نوخبه‌ی قودسی ئێرانی بە هاویشتنی موشەکەکان تۆمەتبارکرد.

نزیکەی 28 فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیل بەشدارییانكرد لە هێرشەکاندا کە 70 موشەکیان تەقاند.

روانگەی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگەیاند كه‌ ناوچەکانی نزیك دیمەشق و ناوەڕاست و باشوری رۆژهەڵاتی وڵاتەكه‌ لەو ناوچانە بوون کە کرانە ئامانج.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500