گروپەکانی مافی مرۆڤ و شارەزیان زەنگی مەترسی لێدەدەن لەمهڕ ئەو یاسا نوێیەی سوریا دەریکردووە لەسەر گەشەپێدانی شار و دەڵێن چەندین ملیۆن ئاوارە لەبەردەم مەترسی ئەوەدان هەرگیز نەگەڕێنەوە دوای ئەوەی مافی خاوەنداری زەوییەکانیان لەدەستدەدەن.
یاسای نۆژەنکردنەوەی شار، کە ناسراوە بە فەرمانی 10، رێگە بە حکومەت دەدات دەستبگرێت بەسەر موڵکی تایبەتدا و بیانکاتە ناوچەی گەشەپێدان و قەرەبووی خاوەنەکانیان بکاتەوە بە پێدانی بەش لە پرۆژە نوێکاندا.
(یاسا نوێکە) بەرفراوانکردنێكه بۆ فەرمانی 66 ی ساڵی 2012 بۆ دروستکردنی دوو باڵەخانەی سەرنجڕاکێش لەسەر گەڕەکە بۆردوومانکراوەکانی رۆخی دیمەشق.
هەمان رێکار لە وڵاتانی دیکەی دنیاشدا بەکاردێت بۆ بنیاتنانەوە لە ناوچە پشتگوێخراوەکاندا و ئەو ناوچانەی لەکاتی شەڕدا وێرانبوون.
بەڵام شارەزایان لەوە دەسترن جێبەجێکردنی ئەم رێکارە لە سوریا سەراپا پێشێلکاری بێت، چونکە شەڕ لەوێ زیاتر لە 5 ملیۆن ئاوارەی بۆ دەرەوەی وڵات و شەش ملیۆن ئاوارەی لە ناوخۆدا لێکەوتۆتەوە.
لێکۆڵەری سوریای هیومان رایتس وۆچ، سارا کایلی، وتی: "ئەوەی نیگەرانیکردووین ئهو پهراوێزه گهورهیهی پێشێلکاریەکانه."
خاوەنی ئەو زەویانەی بهشێكن لهم گۆڕانكارییه نوێیە، زەویەکانیان لەدەستدەدەن و دواتر دەبێت بە پرۆسەیهكی ئیداریدا بڕۆن و لە کاتێكی كورتدا داواکانیان پێشکەشبکەن بۆئەوەی لەبەرامبەردا بەشیان پێبدرێت.
ئەوەی داواکراوە کارێکی زەحمەتە بۆ ئاوارە سوریەکان، چونکە زۆریان بەڵگەنامەکانیان ونکردووە و پارەیان نییە و لەوانەشە لەکاتی خۆیدا نەزانن داواکاریەکانی پرۆسەکە چییە.
ناوبراو وتی: "ترسی یەکەممان ئەوەیە لەو خەڵکانەی کە دەکرێت بیانگرێتەوە دەبیستین ئەوان تائیستا نازانن کە ئایا دەتوانن بگەڕێنەوە."
'وەك ئەوەی هیچ رووینهدابێت'
یاساکە باسی ئەو چەند ملیۆن ئاوارەیە ناکات -- كه بۆ دایانا سیمان لە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ زەنگی مەترسییە.
ناوبراو هۆشدارییدا کە "هیچ شتێك لە یاساکەدا نیە بۆئەوەی گهرەنتی پاراستنی ژیانیان بکات."
"وا مامهڵه لهگهڵ بابەتەکە دهكات وەك ئەوەی هیچ رووینهدابێت و هەموو کەسێك لە سوریایە و دەتوانن بێن داوای موڵکەکانیان بکەن یان پارێزەرێك بگرن بە وەکالەت."
بەپێی فەرمانی 10، ئەو کاتەی حکومەتی سوریا ناوچەیەك دەکاتە ناوچەی گەشەپێدان ئەوکاتە دەزگا پەیوەندیدارەکان یەك مانگیان هەیە بۆئەوەی خاوەن موڵکەکان ئاگاداربکەنەوە لە بژاردە و بەشەکانیان.
ئەوانەی تاپۆیان لەلای تۆماری حکومەتە راستەوخۆ بەش وەردەگرن، بەڵام ئەوەی نییەتی دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا خاوەندارێتیەکەی بسەلمێنێت.
راپۆرتێکی رێکخراوی ئهنجومهنی پهنابهرانی نهرویجی لە 2016 دەڵێت بەر لە شەڕەکە "ژمارەیەکی زۆر" لە سوریەکان بەڵگەی یاسایی درووستیان نەبووە مافیان بەسەر زەویەکانیانەوە بسەلمینێت.
تەنانەت ئهو سوریانهی تاپۆیان هەیە لە تۆمارە فەرمیەکاندا دووچاری کێشە بوونەتەوە بۆ ئەوەی خاوەندارێتییان بسەلمێنن چونکە چەندین بنکە خاپووربوون بەهۆێ شەڕهوه لە زۆر ناوچە، وەك حومس.
رێکخراوە نەرویجیەکە نوسیوێتی: "لەدەستدانی ئەو تۆمارانە دەکرێت رێخۆشبکات بۆ داگیرکاری و گواستنەوەی خاوەندارێتی موڵك بۆ کەسانی تر و بەرژەوەندییە بازرگانییهكان".
زۆربەی زۆری ئاوارەکانی ناوخۆ و ئەوانەش کە لەدودیوی سنوورن، بەڵگەنامە پێویستهكانینا لەگەڵ خۆیاندا نهبردووه، وەك تاپۆ و ناسنامە و وەسڵەکانی ئاو و کارەبا.
تهنها لهسهدا 20 لهو خێزانه ئاواره سوریانهی لە ئوردون لهلایهن ئهنجومهنی پهنابهرانی نهرویجییهوه راپرسییان لهگهڵدا كراوه، دهڵێن كه ئهو بهڵگهنامانهیان پێیه. هەروەها کەمتر لەسەدا 40 لهوانهی له غوتەی رۆژهەڵاتهوه ئاوارهبوون پێیانبوو، بهگوێرهی رێكخراوێكی ناحكومیی سوری بهناوی 'رۆژی دواتر'.
فەرمانێكی ساڵی 2017 دهتوانێت یارمهتیی گۆڕینی مهسهلهكه بدات، بەڵام کایلی ئاماژهی دا به "بەربەستی زۆری بیرۆکراتی و دارایی".
وتی: "ئەم یاسایە کاتی پێویست نادات بە خەڵك داواکانیان پێشکەشبکەن بههۆی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان و لەناوچوونی بەڵگەنامەكانیانهوه."
سیمانییش له ئەمنستی وتی تەنانەت ئەو بەشانەش کە سەرکەوتووانە وەردەگیرێن نرخیان "زۆر کەمترە" لە زەویەکانی دەستیان بەسەردا گیراون.
وتی: "نرخی موڵك لە یاساکەدا بەتەواوەتی بیری لێنەکراوەتەوە و عادیلانه نیە بۆ ئەوانەی بەرکەوتوون."
'بەشێك لە رهوشێكی نیگهرانكهر'
ئۆپۆزسیۆنی سوریا حکومەت تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی یاسا و هێزی سەربازی بۆ گۆڕینی دیموگرافیا بهگوێرهی هێڵە مەزهەبییەکان.
بەڵام ئەمنستی و هیومان رایتس وۆچ دەڵێن فەرمانی 10 بەشێکە لە رهوشێكی نیگهرانكهر لەوەی کە سوریەکان پشتگوێ بخرێنەوە بۆ ئامانجی دارایی و سیاسی.
لەسەر یاساکەی لە 2012 دا تێپەڕێنرا، حکومەت دەتوانێت دەستبگرێت بەسەر موڵکی هەر کەسێکدا کە بە "تیرۆریزم" تۆمەتبارە و رژێمیش ئەوە بۆ رکابەرەکانی بەکاردەهێنێت.
حسێن بەکر، کە بابەتێکی لەسەر یاساکە بۆ رێکخراوی رۆژی دواتر نوسیوە، وتی ئهو سوریانهی لە ناوچەکانی ژێردەستی رژێم دەژین ناوێرن داوای موڵك لەسەر فەرمانی 10 پێشکەشبکەن لەبری ئهو ئاوارانهوه كه بە خیانەتکار ناوزەدکراون.
بەکر وتی: "كارێكی باش نیه خزمەکانت بچن نوێنهرایهتی تۆ بكهن، چونكه دهسهڵاتی دەزگا ئەمنیەکان مانای وایه کە تاڕادهیهك بەدڵنیاییەوە دەستگیریاندەکهن."
وتی فەرمانی 10 "دواجار وا دەکات خاوەن زەویەکان مافیان بەسەر زەویەکانیانەوە لەدەستبدەن لە بەرژەوەندی ئەوانەی دڵسۆز و هاوپشتی رژێمن".
سەرنوسەری 'راپۆرتی سوریا' جیهاد یەزیگی دەڵێت ئەو دەستبەسەرداگرنتی زەویانە هێندهی سیاسەت پەیوەندیی بە پارەوە هەیە.
ئەو رادە زۆرە "دینامیکیەی" لە یاساکانی پەیوەند بە موڵکدا هەیە خواستی حکومەت نیشاندەدات بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەیەکی دانسقە لە ئابووری بە شهڕ وێرانبووی سوریا كه ئەویش موڵکە.
وتی: "زەوی چهندین بههای ههیه. دهتوانن چی تر بکەن؟ پیشەسازی، کشتوکاڵ، بانك؟ نهخێر، زەوی. زۆر روونوئاشكرایە."
وتی لهم مهیانهشدا ئەوانەی لە ناوچەکانی دەرەوەی دهسهڵاتی رژێمن، چارهیهكی ئهوتۆیان نیه.
"ئەمەش کۆتایی هەر هیوایەکە ئەم خەڵكە هەیانبوو بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە. ئەگەر هیوایەکیان هەبوو بێت ئەویش نەما."