هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

راهێنەرە فەرەنسیەکان توانای سوپای عێراق زیاددەکەن

خالید تائی

سەربازانی عێراقی لە فیرقەی 6ی پیادە هاوشانی راهێنەرە سەربازییەکانی فەرەنسا مارشدەکەن لەکاتی راهێنانێکدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سەربازانی عێراقی لە فیرقەی 6ی پیادە هاوشانی راهێنەرە سەربازییەکانی فەرەنسا مارشدەکەن لەکاتی راهێنانێکدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

فەرەنسا رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە هەوڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بۆ بەهێزکردنی توانای ته‌كنیكی و شەڕکردنی سوپای عێراق لەکاتی شەڕی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا و ئەم هەوڵانەش بەردەوامن.

تیمێکی راوێژکارانی سەربازیی فەرەنسی کە بەشێکن لە تیمی هێزی فەرەنسی مۆنسابێرت، ئەرکیان ئەوەیە راهێنانبكه‌ن بە ئەندامانی فیرقەی 6ی پیادە، کە دواتر راهێنان بە هاوپیشەکانیان دەکەن.

فەرماندەی فیرقەی 6ی پیادە، عەمید سەعد موحسین عورەیبی، وتی: "ئێمە چووینەتە نێو هاوبەشییەکی بەسود و چالاكه‌وه‌ لەگەڵ فەرەنسا لەڕێگەی شاندی راهێنانیانیانەوە لە عێراق."

عورەیبی بە دیارونای وت: "فەرەنسیەکان راهێنایان بە سەرباز و ئەفسەرەکانی ئێمە کرد لە چەندین ناوچە، کە بەناوبانگترینیان ئەندازیاریی سەربازییە."

سەربازانی عێراقی لە فیرقەی 6ی پیادە راهێنانیان پێدەکرێت لەلایەن راهێنەرانی سەربازی فەرەنسیەوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پیادەی فیرقەی 6]

سەربازانی عێراقی لە فیرقەی 6ی پیادە راهێنانیان پێدەکرێت لەلایەن راهێنەرانی سەربازی فەرەنسیەوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پیادەی فیرقەی 6]

وتی ئەمە رێنمایی لەخۆگرتبوو بۆ پوچەڵکردنەوەی تەقەمەنی، لەنێویاندا ئۆتۆمبیل و ماڵه‌ بۆمبڕێژکراوه‌كان.

عورەیبی وتی راهێنەرە فەرەنسیەکان پسپۆڕییه‌كانی خۆیان گه‌یاندووه‌ به‌ سه‌ربازه‌ عێراقییه‌كان له‌ بواره‌كانی وەك گواستنەوەی برینداران لە بەرەی شەڕەوە و دابینکردنی فریاگوزاری سەرەتایی.

وتی بەڵام زۆربەی راهێنانەکان چڕبوونەتەوە لە چاکسازیی جەستەیی و شەڕدا، کە یارمەتی توانا جەستەییه‌كانی سەربازانی پیادەی داوە "تا بەرگەی زه‌حمه‌تترین زۆنەکانی شەڕ بگرن".

وتیشی سەربازان فێرکراون کە ئاستێکی بەرزی پیشەییبوون پەیڕەوبکەن لە ناوچە مەدەنیەکاندا و فێربوون چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخی بارمتەگیران بکەن و دەستەبەری ئازادی بارمتەکان بکەن.

هه‌روه‌ها وتی راهێنانەکان تاکتیکی پەیوەست بە فێڵی سەربازییشی تێدایە.

عورەیبی وتی فیرقەی 6ی پیادە سێ ساڵە پشتیوانیی فەرەنسای پێدەگات و ئەمەش "به‌درێژایی شەڕ له‌گه‌ڵ داعشدا خێراتربووه‌".

وتیشی: "ئێمە لە ئاستێکی باڵای هاریکاریی هاوبەشداین لەگەڵ هاوبەشە فەرەنسیەکانمان، بەجۆرێك ئامانجی سەرەکی راهێنانی هێزەکانمانە تا بتوانن خۆشیان ببنە راهێنەر. هەوڵدەدەین راهێنان بە زۆرترین ژمارەی سەرباز بکەین."

'پەیوەندییەکی بەهێز'

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق عەمید تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت: "فەرەنسا بەشدارییەکی بەرچاو و چالاك دەکات وەك بەشێك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی."

وتی: "[فەرەنسیەکان] لەکاتی شەڕی داعشدا پاڵپشتیی هێزەکانی ئێمەیان کردووە لەڕێگەی راهێنانەوە لە چەندین هونەری شەڕدا لەگەڵ چەکدارکردن و پشتیوانی ئاسمانی فیرقە سەربازییەکان."

خەفاجی وتی وەزارەت سوورە لەسەر رێکخستنەوەی پەیکەری سوپای عێراق وەك بەشێك لە پلانێکی ستراتیژی بۆ تەرکیز خستنەسەر راهێنان وەك ئەولەویەتی باڵا.

وتیشی فەرەنسیەکان "رۆڵێکی گرنگیان دەبێت لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانمان، چونکە مەبەستیانە پشتیوانی هێزەکانمان بکەن و توانا و ئامادەییان برەوپێبدەن".

وتی: "لە زۆر رووەوە پێویستمان بە پسپۆڕی سوپای فەرەنسایە، وەکو پاککردنەوەی شارە ئازادکراوەکان لە تەقەمەنی کە داعش جێیهێشتووە، دۆزینەوەی حەشارگەی گروپە تیرۆریستییەکان، پاراستنی سنوور و ئامادەکردنی سەربازی پشت به‌خۆبه‌ستو و کارا."

خەفاجی وتی: "پەیوەندیمان لەگەڵ فەرەنسا بەهێزە و رێزی هاوبەش لەنێوان هەردوولاماندا هەیە."

پسپۆڕی ئەمنی، فازل ئەبو رەغیف، بە دیارونای وت عێراق و فەرەنسا بەشدارن لە هەوڵێکی هاوبەشی "زۆر پێشکەوتوو"دا.

وتی فەرەنسا راهێنانی شەڕی بە هێزە عێراقیەکان کردووە و هێزی ئاسمانی فەرەنسا یارمەتی بەئامانجکردنی شوێنەکانی داعشی داوە لەکاتی شەڕدا لە دژی توندڕەوان.

ئەبو رەغیف وتی هاریکاریی نێوان عێراق و فەرەنسا سەردەکێشێت بۆ بواری هەواڵگریش، بەجۆرێك زانیاری گۆڕینەوەی هەردوولا سەریکێشاوە بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی مەترسیدار لە هەردوو وڵاتەکەدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500