هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق تواناکانی شەڕیان پتەوتردەکەن

خالید تائی

سەربازێکی عێراقی رێنمایی وەردەگرێت لەکاتی بەکارهێنانی هاوەندا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سەربازێکی عێراقی رێنمایی وەردەگرێت لەکاتی بەکارهێنانی هاوەندا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

دوای سەرکەوتنە یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌كه‌یان به‌سه‌ر "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا، هێزەکانی عێراق راهێنانی سەخت دەبینن بۆ ئەوەی ئەو توانایانەیان پتەوتربکەن کە لە شەڕەکانی رزگاریدا به‌ده‌ستیانهێناوه‌.

وتەبێژی وەزارەتی بەگری عەمید تەحسین خەفاجی وتی: "بەیارمەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ناتۆ ئەم ساڵمان تەرخانکردووە بۆ ئەوەی ئامانجی بنیاتنانی توانای سوپا و ئامادەباشییەکەی به‌ده‌ستبهێنین."

خەفاجی بە دیارونای وت راهێنەرەکانی هاوپەیمانان چەندین توانای جۆراوجۆری شەڕ بە وانە دەڵێنەوە وەك بەشێك لە بەرنامە یەك ساڵیەکە و هێزەکانی عێراقیش "لەبەرەوپێشچووندان بەبێ دواکەوتن بەپێی ماوە دیاریکراوەکە".

وتی بەرنامەی راهێنانەکە چالاکییه‌ سەربازییه‌كان لەخۆدەگرێت بۆ سوپا و دەزگا ئەمنیەکانی دیکەش، وەك پۆلیس و هێزەکانی دژە تیرۆریزم.

سەربازانی عێراقی فێردەبن چۆن سەربازانی بریندار دەربازبكه‌ن لە کاتی شەڕدا، کە بەشێکە لە بەرنامەیەکی یەك ساڵەی راهێنان لەلایەن هاوپەیمانانەوە.

سەربازانی عێراقی فێردەبن چۆن سەربازانی بریندار دەربازبكه‌ن لە کاتی شەڕدا، کە بەشێکە لە بەرنامەیەکی یەك ساڵەی راهێنان لەلایەن هاوپەیمانانەوە.

وتیشی راهێنانه‌کە خۆفڕیدان لە ئاسمانەوە و هەڵکوتانە سەر بیناکان و گەیشتنە ئامانجی تایبەتی لەخۆدەگرێت، کە پێویستن بۆ سەربازەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی عێراق کە حەشارگەی چەکدارەکان دەکەنە ئامانج.

هه‌روه‌ها وتی تەکنیکی پێشکەوتووی سەربازیش لەخۆدەگرێت، وەك بەڕێوەبردنی شەڕ و پلاندانا بۆ هێرشكردن و مانۆره‌كان.

وتی بەشداربووان فێردەکرێن چۆن چەکدارەکان بکەنە ئامانج لە ئاسمانەوە، سنوورەکان بپارێزن لەوانەی دزەدەکەن، هەڵمەتی چاودێری و ئۆپەراسیۆنی پشكنین ئه‌نجامبده‌ن و بارمتەکان ئازاد بکەن.

وتیشی فێری ئەوە دەکرێن چۆن خێرا چاره‌سه‌ری پزیشكی ئه‌نجامبده‌ن لەکاتی شەڕدا و چۆن بریندارەکان لە گۆڕەپانی شەڕەوە بگوازنەوە.

خەفاجی وتی: "راهێنانی سەربازەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت. هەرکاتێك فەوجێك راهێنان تەواودەکات یه‌كێکی تر دێت و جێگەی دەگرێتەوە."

راهێنانی چەند دەزگایەك

شارەزای بواری ئەمنی سەعید جەیاشی بە دیارونای وت هەشت یەکەی سوپا راهێنانیان پێدەکرێت و دواتر هەمان ژمارە لە هێزی پۆلیسی فیدراڵ و پاسەوانی سنوور جێگەیان دەگرێتەوە.

وتی هێزە خێڵەكیه‌کانیش راهێنانیان پێدەکرێت بۆ ئەوەی هەوڵەکانی هێزە ئەمنیەکان پتەوتربکرێن بۆ پاراستنی ئارامی لە ناوچە رزگارکراوەکاندا.

جەیاشی وتی لە 2014ەوە هاوپەیمانان چەك و راهێنانیان كردووه‌ بە ژمارەیەکی زۆر لە هێزە عێراقیەکان و هاوکاری لۆژیستی و پاڵپشتی ئاسمانیشیان لە گۆڕەپانه‌كانی شەڕدا بۆ دابینکردوون.

وتیشی: "هاوپەیمانان بە هیوان ئه‌ركه‌كه‌یان به‌ ئامانج بگه‌یه‌نن کە هاوکاریکردنی عێراقه‌ بۆ پێشخستنی دەزگا سەربازی و ئەمنیەکانی."

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ راهێنانەکانی ئێستا هەردوو لایەنی تیۆری و پراکتیکییان لەخۆده‌گرن تا شەرڤانەکان ئەو شارەزاییە به‌ده‌ستبهێنن کە پێویستیانە بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سەختترینی بارودۆخه‌كان لە ئاستێكی باڵای پیشەییدا.

جەیاشی وتیشی: "سەرکەوتنە مەزنەکەی بەدەستمانهێنا دژی تیرۆریزم، هانمانده‌دات بەردەوامبین له‌ هەوڵەکانمان بەرەو بنیاتنانی توانای هێزەکانمان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500