ماوەیەکە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) هەوڵدەدات هەڕەشە لە راکردووان بکات تا بگەڕێنەوە بۆ نێو گروپەکە بە هەڕەشەی دەرخستنی بەڵگەنامەی ڤیدیۆیی دەربارەی ئەندامێتی پێشویان، بەرپرسانی پارێزگای ئەنبار بە دیارونایان وت.
لە هەنگاوێکی هاوشێوەی تۆڵەسەندنەوەدا، گروپەکە تەلەفۆنی کردووە بۆ هەڕەشەکردن لەو ئەندامانەی هێزەکانی پۆلیسی پارێزگا کە رەتیانکردۆتەوە ئیشیان لەگەڵدا بکەن.
دوای ئەوەی گروپەکە لە عێراق شکستی هێنا، دەیان ئەندامی پێشووی داعش پەیوەندییانكردهوه بە کۆمەڵگەكهیانهوه و گەڕانەوە بۆ ئیش و کاری خۆیان.
بەرپرسان وتیان زۆربەی ئەم راکردووانە پێشتر خەڵکی ئاسایی بوون کە لەلایەن گروپەکەوە فریودراون، نەك سەرکردەی بەناوبانگ بووبن یان تێوەگلابن لە تاوانی وەك کوشتن و تەقینەوە.
بەرپرسی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار نەعیم كهعود بە دیارونای وت بەڵام ئەم پەیوەندییە وایکردووە بتوانرێت هەڕەشەیان لێبکرێت، كه تاکتیکێكه ماوەیەکە داعش بەکاریدەهێنێت بۆ ناچارکردنیان بە گەڕانەوە بۆ گروپەکە.
وتی ماوەیەکە داعش فشار دەخاتەسەر ئەو راکردوانەی "کە هۆشیان بۆ گەڕاوەتەوە" بە هەڕەشەکردن لەوەی ڤیدیۆی کۆنی کارەکانیان نیشاندەدات.
وتیشی ئەم هەڕەشەیە وایکردووە هەندێك لە ئەندامانی داعش پەیوەندی بکەن بە شانە نوستووەکانەوە، کە بەوجۆرەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمنیەتی پارێزگاکە.
هەڕەشە لە پۆلیس
سەرۆکی پارتی ئەحرار فورات و فەرماندەی پێشوی هێزەکانی حەشدی خێڵەکی لە ئەنبار شێخ عەبدوڵا جوغەیفی وتی هەڕەشە نێردراوە بۆ دەزگا ئەمنیەکانی پارێزگاكه لە هەوڵێکدا بۆ لاوازکردنی پۆلیسی ئەنبار.
جوغەیفی بە دیارونای وت: "بەڕێوەبەرێتیەکانی پۆلیس لە ناوچەکانی خۆرئاوای پارێزگاکە پەیوەندی تەلەفۆنییان پێوەکراوە لەلایەن ئەندامانی داعشەوە گوایە ئەوان دڵنیان لەوەی هەندێك لە ئەندامانی پۆلیسی ناوچەکە پێشتر ئەندامی گروپەکە بوون."
وتی داعش هەوڵیداوە هەندێك کارمەندی پۆلیس قایلبکات بەوەی کاریان لەگەڵ بکەن، "کاتێك رەتیانکردهوه، کاردانەوەی بەرامبەریان ئەوە بووە زانیارییان لەبارەوە بدات، بەهیوای ئەوەی دەستگیربکرێن" و سزابدرێن لەلایەن کاربەدەستانەوە.
جوغەیفی نیگەرانیی دەربڕی بەوەی ئەو تاکتیکە دەکرێت سەرکەوتووبێت لە راکێشانی ئەندامانی داعش لەنێو پارێزگاکەدا، کە هەندێك لە دانیشتوان ناسراون بەوەی دڵسۆزیی خۆیان دەربڕیوە بۆ گروپەکە کاتێك کە ئەنباری کۆنترۆڵکردوە.
ئەندامانی ههڵهاتووی داعش
جوغەیفی وتی جێی نیگەرانیە کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی داعش ماون، ئاماژەیکرد بەوەی لەکاتێكدا زۆریان کوژراون لە شەڕەکان بۆ دەرکردنی گروپەکە لە عێراق، ژمارەیەکی باش هێشتا ماون.
زۆر له ئەندامی داعش هەڵهاتن بۆ شارەکانی دێرەزوور و ئەلبوکەمال یان خۆیان شاردۆتەوە لە بیابانی ئەنباردا لە عێراق، بەتایبەتی لە ناوچەکانی شامیە و وادی حۆران.
بوونیان لە بیابانهكهدا ئاشكرایه، وهك دهستگیركردنی ژمارەیەکی زۆر لێیان لە ناوچەکە دهریدهخات و دۆزینەوەی ئەمدواییانەی ماتۆڕێك و حەشارگەیەکی هەڵکەنراویش لەلایەن فیرقەی 7 هێزەکانی سوپاوه لەکاتی بەسەردادانێکدا لە وادی حۆران.
فەرماندەی فەوجی 2 فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار، عەقید مەحمود عەزاوی، بە دیارونای وت هێزەکانی لە 5 ئازار جبەخانەیەکی چەکیان گرت کە هی داعش بوو لە ناحیەی کەرابلە.
وتی جبەخانەکە چەکی سوك و مامناوەندی و قورسی تێدابوو لەگەڵ موشەکهاوێژ و ئاماژەشیکرد بەوەی کە پۆلیسی ئەنبار بەردەوامە لە دۆزینەوەی جبەخانەكانی چەك لە پارێزگاکەدا.