هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

ئەنبار کاردەکات بۆ رێگرتن لە تۆڵەکردنەوە دژی خێزانەکانی داعش

عەلا حسێن لە بەغدا

پۆلیسی ئەنبار پێشوازیده‌كات لە خێزانە ئاوارەکان کە گەڕاونەتەوە بۆ نێو ماڵەکانیان دوای رزگارکردنی پارێزگاکە لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی پۆلیسی ئەنبارەوە وەرگیراوە]

پۆلیسی ئەنبار پێشوازیده‌كات لە خێزانە ئاوارەکان کە گەڕاونەتەوە بۆ نێو ماڵەکانیان دوای رزگارکردنی پارێزگاکە لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی پۆلیسی ئەنبارەوە وەرگیراوە]

کردەی تۆڵەکردنەوە دژی خێزانه‌كانی ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) په‌سه‌ندناکرێت، سەرکردە خێڵەکی و عێراقیه‌كان بە دیارونایان وت و جەختیانکردەوە لەوەی ئەم خەڵکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بەگوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

سەرکردە خێڵەکیەکانی ئەنبار بەشێوەیەکی کاتی رێگرییان کردووە لە گەڕانەوەی خێزانه‌كانی ئەندامانی داعش بۆ پارێزگاکە تا رێگربن لە شەپۆلێك لە کردەی تۆڵەکردنەوە لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار نەعیم که‌عود وتی سەرەکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی روونیکردۆتەوە کە ئەم خێزانانە دەبێت بەشێوەی هاوڵاتی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

که‌عود بە دیارونای وت نابێت بە تاوانبار دابنرێن "به‌هۆی په‌یوه‌ندییان به‌ کوڕە داعشەکانیانه‌وه‌".

وتی دوای ئەمە، نیگەرانییه‌كی رەوا هەیە له‌و هەڕەشەیه‌ی ئەم خێزانانە ده‌شێت هه‌یانبێت کاتێك دەگەڕێنەوە بۆ پارێزگاکە، چونکە دەکرێت هەندێکیان پەناگەی ئارام بدەنە پاشماوەکانی داعش.

جەختیشیکردەوە لەوەی پێویستە دانیشتوان هەر نیگەرانیەکیان هەیە دەربارەی کەسانی گومانلێکراو بیگەیەننە بەرپرسانی جێبەجێکاری یاسا، نەك خۆیان ئەو کارە بکەن.

رێگرتن لە تۆڵەسه‌ندنه‌وه‌

سەرۆکی ئەنجومەنی خێڵەکی ئەنبار عەبدولوەهاب سەرحان بە دیارونای وت ماوەیەکە خێڵەکانی ئەنبار کاردەکەن بۆ رێگرتن لە تۆڵەکردنەوە لە خێزانەکانی داعش.

سەرحان داوای لەو کەسانەکرد کە بەدەستی داعش زیانیان پێگەیشتوە هەوڵی دادپەروەری بدەن نەك تۆڵەسه‌ندنه‌وه‌.

روونیشیکردەوە كه‌ بۆ رێگرتن لە هەوڵی تۆڵەکردنەوە، "خێڵەکان لە پارێزگای ئەنبار بڕیاریانداوە رێگربن لە گەڕانەوەی خێزانەکانی داعش بۆ نیو ماڵەکانیان بۆ ماوەیەك تا بارودۆخ ئارامدەبێتەوە و قوربانیەکان قەرەبوو دەکرێنەوە".

وتیشی: "سەرکردە خێڵەکیەکان بەردەوام کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەكان و هێورکردنەوەی رقی خێڵەکی، لەکاتێکدا پابەندن بە پاراستنی ژن و منداڵی بێتاوانی خێزانەکانی داعشه‌وه‌."

وتی ریشسپی خێڵەکان لیستی ئەو ئەندامانەی داعشیان داوەتە هێزە ئەمنیەکان کە خۆیان لێ بێبەری کردوون لە ئەنبار بۆ ئەوەی دەستبەسەربکرێن.

وتی: "تەنیا له‌سه‌دا 1ی خێزانەکان بەتەواوی خۆیان بێبەریکردووە لە کوڕەکانیان لە دەستپێکی قەیرانەکەوە." ئاماژەشیکرد بەوەی ئەم خێزانانە رێگەیان پێدراوە بگەڕێنەوە و په‌سه‌ندکراون له‌نێو کۆمەڵگەكه‌دا لەلایەن خەڵك و هێزە ئەمنیەکانەوە.

جێبەجێکردنی حوکمی یاسا

ریشسپی خێلەکانی ئەنبار و فەرماندەکانی هێزەکانی حەشدی خێڵەکیپه‌یمانیانداوه‌ هاوشانی هێزە ئەمنی و بەرپرسە یاساییەکان بنلەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ خێزانەکانی داعشدا، فەرماندەیەکی هێزەکانی حەشدی خێڵەکی فەلاح قەرەغولی وتی.

قەرەغولی بە دیارونای وت: "یاسا سەردەکەوێت و هەر کردەیەکی تۆڵەکردنەوە دژی خێزانەکانی داعش په‌سه‌ندناکرێت."

وتی: "گەر کەسێك گومانی ئەندامبوونی ئەو گروپە تیرۆریستیەی لێبکرێت، لەلایەن بەرپرسانی یاسایی پەیوەندیدارەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."

بە جیاوازگرتنی هەندێك حاڵەت لە ناوچەی دوورەدەست کە ناسراون بە پشتگیرییان بۆ داعش، هیچ حاڵەتێك نەبووە لە پارێزگاکە کە دانیشتوویەك هەوڵی تۆڵەکردنەوە بدات.

وتی: "رووداوی تۆڵەکردنەوە زۆر كه‌م روویداوه‌ و بەشێوەیەکی تاکەکەسی ئەنجامدراون نەك بەشێوەی فەرمی."

وتیشی: "هێزەکانی حەشدی خێڵەکی لە پارێزگاکە بەتەواوی پابەندی یاسان." هه‌روه‌ها وتی ئەوان تەواو ئامادەکراون بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە پارێزگاکەدا لەوکاتەوەی داعش شکستی پێهێنراوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500