وەزارەتی پەروەردەی عێراق چوارشەممە (14 ئازار) رایگەیاند دەستیکردوە بە پرۆژەیەك بۆ بوژاندنەوەی خوێندکاران لەو ناوچانەی وڵاتەکە کە لە دەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگارکراون.
پرۆژەکە بەشێکە لە پلانێکی سەرەکی وەزارەتەکە بۆ زیندووکردنەوەی چالاکی پەروەردەیی لەو ناوچانە.
وتەبێژی وەزارەتهكه، سەرمەد سەلام لەفتە، بە دیارونای وت بوژاندنەوەی خوێندکاران یەکێکە لە گرنگترین ئامانجەکانی وەزارەت لەم قۆناغەی دواتردا.
وتی: "تیرۆریستان سیستمی پەروەردەیان گەندەڵکردووە لەو ناوچانهی لەژێردەستیاندا بوو بۆ زیاد لە سێ ساڵ. چەند مەنهەجێکی خوێندنیان داناوە کە بانگەوازی توندوتیژی و رق دەکات و چەمکە نیشتمانی و مرۆییەکانیان شێواندووە."
وتیشی: "پرۆژەکەمان هەوڵدەدات خوێندکاران بگەڕێنێتەوە سەرڕێگەی راستی پەروەردە و خوێندن و نەوەیەك پێبگەیەنێت کە هیچ ئاکام و کاریگەرییەکی خراپی چاخی تاریکی تیرۆریزمی بەسەرەوە نهبێت."
لابردنی مەنهەجی سەردەمی داعش
لەفتە وتی ئامانجی سەرەتایی وەزارەت راستکردنەوەی ئایدۆلۆژیا و رێگەی هەڵە و شێواوی ئەو بیرکردنەوەیەیە کە داعش هەوڵیدا لە مێشکی منداڵاندا بیچێنێت.
وتی بە مەنهەجێك جێیاندەگیرێتەوە کە متمانە بهخۆبوونیان دەگەڕێنێتەوە، ههروهها دونیابینیی ئەرێنی و "بەهای مۆراڵ و خۆشەویستی و پەیوەستبوون بە نیشتیمانهوه پتهودهكات".
لەفتە وتی: "لەڕێگەی لیژنە پەروەردەیی و کارگێڕی و زانیارییەکانەوە دەستمانکردووە بە پێدانی وانەكان بە خوێندکاران لە نەینەوا و پارێزگاکانی دیکە کە زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی تیرۆریزمەوە."
وتیشی: "چاپخانەکانی وەزارەت لەئێستادا کاردەکەن بۆ چاپکردنی کتێبی نوێ بۆ هۆشیاری نەتەوەیی و پەروەردەی مۆراڵی و هزری."
وتی ستافی فێرکاری "دەستیانکردووە بە بەشداریکردن لە خولی راهێناندا لەسەر ئەوەی چۆن ئامانجەکانی پرۆژەکە بەدەستبهێنن، لەکاتێکدا کارگێڕی خوێندنگەکان ئاراستەکراون بۆ تەرکیزخستنەسەر رێکخستنی چالاکیەکان و بۆنە و کێبڕکێ کە پشتگیری ئەم ئامانجانە بکەن".
پرۆژەکە بەشێکە لە پلانێکی فراوان بۆ زیندووکردنەوەی کەرتی پەروەردە لە شارە رزگارکراوەکان بە پشتگیری لە رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانەوه.
لەفتە وتی پرۆژەکە بەشێکە لە بنیاتنانەوە و دروستکردنەوەی سەدان بینای روخێنراو، وەك بەشێك لە پرۆژەیەك کە پێیدەوترێت "خوێندنگەکەمان ماڵمانه".
ئەم پرۆژەیە چەند پرۆگرامێکی پشتگیریش لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا پرۆگرامی خۆراك بۆ خوێندنگەکان، کە لە ناوهڕاستی شوباتدا دەستیپێکرد بۆ پێدانی ژەمی خۆراك بە خوێندکاران.
لەفتە وتی یەکەم قۆناغی پرۆگرامەکە لە خۆرئاوای موسڵ دەستیپێکرد، لەکاتێکدا وەزارەت ئامانجێتی خۆراك بداتە 88,000 خوێندکار لەکاتی خوێندنی ئەمساڵدا.