یەکشەممە (11 ئازار) پێکدادانی توند هەڵگیرسا لە دەوروبەری ئیدلیب و حەلەب لەنێوان تەحریر شام و بەرەی رزگاری سوریا (هەیئەت تەحریر سوریا) دوای ئاگربەستێکی دوو رۆژە لەنیوان ئەو دوو هاوپەیمانێتیە رکابەرەدا، چالاکوانان بە دیارونایان وت.
دەستپێکردنەوەی پێکدادان لەنێوان ئەو هاوپەیمانێتیە توندڕەوە و رکابەرەکەیدا، کە گروپێکی نوێیە بە یەکگرتنی نورەدین زەنکی و ئەحرار شام دروستبووە،هاوکات بوو بە گەڕێکی کوشندەی هێرشی ئاسمانی رژێمی سوری.
چالاکوانی ئیدلیب هەیسەم ئیدلیبی وتی پێش دەستپێکردنەوەی شەڕ، دوو لایەنەکە پابەندی ئاگربەستێکی دوو رۆژە بوون، کە بەهۆی میانگیری لیژنەیەکەوە دەروستبوو، پێکهاتبوو لە ئەندامانی فەیلەق شام و ریشسپیانی پارێزگای ئیدلیب.
ئیدلیبی بە دیارونای وت لیژنەکە میانگیرییكرد لەنێوان دوو لایەنەکەدا و رازییکردن بەوەی رێکبکەون لەسەر ئاگربەستێکی 48 سەعاتی کە هەینی دەستیپێکرد -- بۆ یهكهمجار لە ناوچەکەدا له 18 رۆژی دەستپێکی دوژمنکارییەکاندا.
وتی: "ئامانجی ئاگربەستەکە رێخۆشکردن بوو بۆ دانوستان لەنێوان دوو لایەنەکەدا بۆ بنەبڕکردنی هۆکارەکانی ناکۆکی لەنێوانیاندا و گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ وەستاندنی شەڕ."
ئیدلیبی وتی بەڵام شەڕ زوو دەستیپێکردەوە، بەتایبەتی لە شارۆچکەی بەسەرتون لە خۆرئاوای حەلەب و وتیشی لەوێوە بڵاوبووهوە بۆ زۆربەی بەرەکانی دەوروبەری حەلەب و ئیدلیب.
تێبینی ئەوەشیکرد: "هەردوولا هەوڵی میانگیرییان رەتکردەوە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست بەهۆی جیاوازییە ریشەییەکانیانەوە و هەردوولایان پێگەی خۆیان بەهێز هێشتەوە و داوایان لە لایەنهکەی دیکە کرد کە چەك و ناوچەکانی بدات بەدەستەوە."
وتی دەستپێکردنەوەی پێکدادان هاوکات بوو بە هێرشی ئاسمانی قورسی رژێم بۆسەر چەندین بەشی ئیدلیب، لەنێویاندا شارەکانی ئیدلیب و جسر شوغور و شارۆچکەکانی کەفر سەجنە، تامینە، عالیە، کەفر زیتا و زەربە.
فڕۆکە جەنگیەکانی رژێم بۆ یەکەمجار و لەماوەی ساڵێکدا شاری بنشیان کردە ئامانج، هەرچەندە کەوتۆتە ناوچەی هێوردکردنەوە و ئاگربەستهوه کە ساڵی رابردوو راگەیەندرا.
ئیدلیبی وتی هێرشە ئاسمانیەکانی سەر شاری ئیدلیب بینایەکی ئیدارەی خۆجێیان کردە ئامانج کە روخێنرا دوای ئەوەی دوو موشەکی بەرکەوت و گەراجێکی پاس کە شارەکە دەبەستێتەوە بە هەموو ناوچەکانی دەوروبەریهوه لە پارێزگاکە.