هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

جارێکی تر گوماندەکرێت گازی ژەهراوی لە هێرشی غوتەدا بەکارهاتبێت

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

دوو منداڵ لە شارۆچکەی حەموریە دەشۆرێن بۆ ئەوەی پاشماوەی کیمیاییان پێوە نەمێنێت دوای ئەوەی ناوچەکه‌یان لەلایەن رژێمی سوریاوە تۆپباران کرا. [خاوەنی وێنە: بنکەی راگەیاندنی غوتە]

دوو منداڵ لە شارۆچکەی حەموریە دەشۆرێن بۆ ئەوەی پاشماوەی کیمیاییان پێوە نەمێنێت دوای ئەوەی ناوچەکه‌یان لەلایەن رژێمی سوریاوە تۆپباران کرا. [خاوەنی وێنە: بنکەی راگەیاندنی غوتە]

پزیشكان و چالاکوانان دەڵێن زیاتر لە 100 مەدەنی سوری توشی تەنگەنەفەسی توند بوون دوای تۆپبارانێکی چڕ لە غوتەی رۆژهەڵات چوارشەممە (7 ئازار) .

حەنان ئیبراهیم، کە پزیشکە و لە غوتەی رۆژهەڵات کار دەکات، وتی بنکە تەندروستیەکان لە هەرێمەکە چەند نەخۆشی دیکەیان بۆ هاتووە بەو نیشانانەوە دوای ئەوەی رژێم تۆپبارانی شارۆچکەکانی حەموریە و سەقبەی کرد.

ناوبراو بە دیارونای وت نیشانەکان دەریدەخەن "ئەگەرێکی زۆر هەیە" هێزەکانی رژێم گازی ژەهراوییان بەکارهێنابێت لە تۆپبارانە چڕەکەی چوارشەمەیاندا.

وتی زۆرترین ژمارەی تەنگەنەفەسییان تۆمارکردووە لەو کاتەوەی رژێم دوایین هێرشی دەستپێکرد، چونکە ئه‌و ناوچه‌یه‌ی کراوەتە ئامانج خەڵكی زۆری تێدایه‌ و سەرباری ئەوەش موشەکباران کرا.

کارمەندانی تەندروستی برینپێچیی منداڵێك دەکەن کە لە هێرشی ئاسمانی رژێمی سوریادا برینداربووە لە غوتەی رۆژهەڵات شەوی چوارشەممە (7 ئازار). [خاوەنی وێنە: بنکەی راگەیاندنی غوتە]

کارمەندانی تەندروستی برینپێچیی منداڵێك دەکەن کە لە هێرشی ئاسمانی رژێمی سوریادا برینداربووە لە غوتەی رۆژهەڵات شەوی چوارشەممە (7 ئازار). [خاوەنی وێنە: بنکەی راگەیاندنی غوتە]

وتیشی هەوا پیسبووەکەش خۆیدەکرد بە ژێرزەمین و حەشارگەکاندا و خەڵكه‌كه‌ی ناچارده‌كرد رابكه‌نه‌ دەرەوە لە ترسی ئەوەی بخنکێن.

ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکیدا رایگه‌یاند کۆمەڵەی پزیشكیی سوری و ئه‌مریكی، کە پشتگیری نەخۆشخانەکانی غوتەی رۆژهەڵات دەکات، دەڵێت قوربانیەکان بە تەنگەنەفەسیەوە دەناڵێنن و دەنگی سنگیان دێت و چاویان سوورهەڵگەڕاوه‌.

دووەم هێرشی لەوشێوەیە لە هەفتەیەکدا

چالاکوانێك لە غوتەی رۆژهەڵات، محەمەد به‌یك، بە دیارونای وت ئەمە دووەم جارە لەم هەفتەیەدا حاڵەتی تەنگەنەفەسی تۆماردەکرێت.

شارۆچکەی حەموریە بە چڕی تۆپباران کرا درەنگانی دووشەممە (5 ئازار) و لانیکەم 30 مەدەنی توشی تەنگەنەفەسی بوون.

به‌یك وتی به‌ڵام تۆپبارانی شەوی چوارشەممە له‌ حەموریە و سەقبە زۆر دژوار بوو، كه‌ گه‌ڕه‌كه‌كانیشی کردە ئامانج و لانیکەم 70 کەس کوژران و چەندانی دیکەش برینداربوون، بەگوێره‌ی ئامارە سەرەتاییەکان.

وتیشی ژمارەی قوربانیەکان لە زیادبووندایە "چونکە ئەوەندەی دیکەش لەژێر بینا روخاوەکاندان و زۆر زەحمەتە پێیان بگەین لەبەر تۆپبارانە دژوارەکە، کە چالاکی و جوڵەی تیمەکانی بەرگری شارستانی سنووردارکردووە."

به‌یك ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ "هێزەکانی رژێم و میلیشیا هاوپەیمانەکانیان چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەکارهێناوە بۆ هێرشە ئاسمانیەکانیان بۆ سەر شارۆچکە و گوندەکانی غوتەی رۆژهەڵات" كه‌ "بە نزمی دەفڕن و به‌تایبه‌تی حەشارگە و پەناگەکان بە ئامانج دەگرن".

'موشەكەکانی کلۆریان تیادایە'

دكتۆر رافایل پیتی، کە سەر بە یەکێتی رێکخراوەکانی خزمەت و کۆمەکی پزیشكیه‌، وتی ئەگەری زۆر هەیە گازی ژەهراوی خەڵكی کوشتبێت لە غوتەی رۆژهەڵات.

پیتی کە پزیشكێكی تایبه‌تمه‌ندی به‌نجكردنی فەرەنسیە و پێشتر پزیشکی سەربازی بووە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "شەڕەکە زۆر دژوار بوو شەوی [چوارشەممە]."

وتی: "ئاگادارکرامەوە كه‌ ئه‌و موشەکانه‌ی تەقێنراون گازی کلۆریان تێدابووە، جگه‌ له‌ تۆپباران و بۆمبارانی چڕ و به‌رده‌وام بە ناپاڵم و فسفۆڕ."

وتیشی: "بەگوێره‌ی زانیاریەکانی ئێمە، 124 کەس کێشەی تەنگەنەفەسییان هەبووە لە سەبقە و حەموریە و زیاتر لە 100 کەسیش بە بۆمب کوژراون."

هه‌روه‌ها وتی: "زۆربەی کات ئەوانەی بە سەختی بریندارده‌بن هەر لەوێدا دەمرن لە ماوەی کاتژمێرێکدا و ناگەنە نەخۆشخانە. به‌هۆی نه‌مانی ئۆکسجینه‌وه‌ دەمرن. بەڵام کەس تەرمەکان هه‌ڵناگرێت؛ یه‌كسه‌ر ده‌نێژرێن. كه‌س پشکنین ناكات بۆ ئەوەی بزانرێت بە چی مردوون."

کاریگەریی پزیشكیی جدی

پیتی روونیکردەوە كه‌ کاریگەریە پزیشكیەکانی هێرشی گازی کلۆر بریتین له‌ برین -- وەکو سوتاوی -- لەسەر ریشاڵی سییەکان.

وتیشی: "کلۆر توێژاڵی به‌ڵغه‌می لەناودەبات، كه‌ یەکسەر هەست بە سوتانه‌وه‌ دەکرێت، سوتانه‌وه‌یه‌ك لە بۆریەکانی هه‌وادا كه‌ تیره‌ی لوله‌كانی هه‌ناسه‌دان تەسکدەکاتەوە."

"ئەمەش هەناسەدان زه‌حمه‌تده‌كات، وەك ئەوەی هێرشی رەبوت لێڕووبدات."

وتی: "بۆ ئەوانەی بە سوکی برینداربوون ئەوەی دەکرێت تەنیا ئەوەیە بچنەوە ماڵەوە چونکە پزیشکەکان بوتڵی ئۆکسجینیان نیە. دەتوانن ئامێرێکی هەناسەکێشانیان بدەنێ کەهەناسەدان ئاسانتر دەکات."

وتی ئاراسته‌یه‌ك هەیە به‌ره‌و به‌كارهێنانی ستێرۆیدی وەك کۆرتیزۆن، بەڵام بە دڵنیایەوە ئەوە هەستی سوتانه‌وه‌كه‌ کەمناکاتەوە و لەوانەشە وابکات بۆریەکانی هەناسە خێراتر نەخۆشیەکە بیانگرێتەوە.

وتیشی: "بەداخەوە ئەوان کاردەکەن بەوەی کە لەبەردەستیاندایه‌. بۆ بریندارە سەختەکانیش دەبێت بیانخەوێنیت و بیانخەیتە سەر ئامێری هەناسەدان لەرێگای دەمیانەوە. پێویستت به‌ ده‌زگاكانی چاودێریی چڕوپڕه‌."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500