هەڵمەتی زەمینی و ئاسمانی رژێمی سوریای پاڵپشتیلێکراو لەلایەن روسیاوە دژی غوتەی رۆژهەڵات بەسەختی گەیاندنی کۆمەکی پچڕاندووە بۆ هەزاران مەدەنی گەمارۆدراو.
بۆردومانه نوێكان گەیاندنی کۆمەکه ژیارییهكانیان خستە مەترسیەوە بۆ ئەو ههرێمهی ئۆپۆزسیۆن، هەینی (9 ئازار) دوو کاتژمێر دوایئەوەی کاروانێکی هاوکاری چووە ناو شارۆچکە گەمارۆدراوەکەوه، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند.
کاروانێكی پێكهاتوو له 13 بارهەڵگر کە 2,400 بەشە خۆراکیان بارکردبوو لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سووری عەرەبی سوریاوه چووەناو غوتەی رۆژهەڵات سەرلەبەیانی هەینی.
وتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، ئینجی سێدکی، وتی بارهەڵگرەکان لەبەردەم ناوچەکە چاوەڕێیاندەکرد لە رۆژهەڵاتی دیمەشق دوایئەوەی وهجبهیهكی پێشوو دووشەممە بەهۆی بۆردومانکردنەوە بهتهواوی نەنێردرا.
بەرەبەیانی هەینی وچانێك لە بۆردومانەکەدا رێگەیدا بە کاروانەکە بچێتە ناو غوتەی رۆژهەڵاتهوه کە زیاتر لە 930 مەدەنی تێدا کوژراوە لەوکاتەوەی هێزەکانی رژێمی پاڵپشتیلێکراو لەلایەن روسیاوە هێرشێکیان ئەنجامدا لە 18 شوبات.
کاروانە نوێکە ئهو خۆراکهی گواستەوە کە کۆمەکبەخشان نەیانتوانی دووشەممە دابەشیبکەن. دەبوایە پێنجشەممە بچێته ناوهوه، بەڵام دواخرا.
سێدکی وتی: "ئەمڕۆ ئەوان هاوکاریە ماوەکە دەگەیەنن کە لە کاروانی پێشوتردا نەگەیشت لە 5 ئازار."
وتی: "هەروەها هەندێك ئاماژەی باشمان هەیە کە رهنگه کاروانێکی گەورەتر بە کەلوپەلی زیاترهوه ئەنجامبدرێت لەنێویاندا کەلوپەلی تەندروستی، هەفتەی داهاتوو."
رێکخەری کۆمەکی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، عەلی زەعتەری، لە بەیاننامەیەکدا وتی بەڵام بۆردومانی بەردەوام "لە نزیکی دوما، رۆژهەڵاتی غوتە، ئەمڕۆ کاروانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سووری عەرەبی سوریای خستۆتە مەترسیهوه سەرەڕای دڵنیاکردنەوەی سەلامەتی لەلایەن لایەنەکانهوه، لەنێویاندا روسیای فیدراڵ".
زەعتەری وتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان داوای وەستانی رەفتاری دوژمنكارانە دەکات لە ناوچەکەدا و ئارامی بۆ سەرانسەری سوریا بۆئەوەی بتوانرێت هاوکاری بە سەلامەتی بگاتە ئهو خەڵکهی پێویستیان پێیهتی."
'بێهیوایی و نائومێدبوون'
هیچ کەلوپەلێکی پزیشكی له کاروانهكهی هەینیدا نەبوو.
400,000 دانیشتوی ناوچەکە لەژێر گەمارۆی حکومەتدا ژیاون لە 2013وە کە سەرچاوەی خۆراك و دەرمان زۆر کەم بووە تەنانەت پێش هێرشەکەی ئەمدواییەش.
روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند كه دەستپێکردنەوەی تۆپباران دوای ئەوە هات کە نوێنەرانی دیمەشق و كاسبكاران جەختیان لە دانوستان کردەوە بۆ چارەسەرێك کە رێگە بە مەدەنییان و شەڕکەران بدات ناوچەکە بەجێبهێڵن.
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سوریا، سەنا، رایگەیاند پێشبیندەکرا دەیان مەدەنی غوتەی رۆژهەڵات بەجێبهێڵن هەینی.
ئەو هێرشە ئاسمانی و زەمینیە کێشەی بۆ کارمەندانی پزیشكی دروستکردووە تا پێڕابگەن سەدان مەدەنی بریندار چارەسەربکەن كه، لهكاتێكدا به خوێن و تۆزوخۆڵ داپۆشراون، دەرژێنە نەخۆشخانەکانهوه.
رێکخراوی پزیشکانی بێسنور هەینی رایگەیاند كه پزیشکان و پهرستاران بهبێ كهرهسه ژیارییهكان ماونهتهوه و دووبارە فهراههمكردنی کەلوپەلی پزیشکی پێویستییەکی بەپەلە و گرنگە.
رێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "پێویستی به دووبارە دابینکردنی پێداویستییه پزیشكیهكان، بێئهوهی كهرهسه ژیارییهكانیان لێدهربهێنرێت، كاتژمێر دوای كاتژمێر پێویستتر دهبێت."
ئەم رێکخراوە کۆمەکبەخشە كه بنكهكهی لە پاریسە داوای لە لایەنەکانی شەڕ کرد بۆدومان و تۆپباران بوەستێنن بۆ رێگەدان بە گواستنهوهی خەڵکی زۆر نەخۆش و بریندار.
رێکخراوەکە رایگەیاند پزیشکانی ههرێمهكه شەکەتبوون.
بەڕێوبەری گشتی رێکخراوەکە، مەینی نیکۆڵای، وتی: "رۆژانە گوێمان لە زیادبوونی هەستێکی بێهیوایی و نائومێدبوون دەبێت، كه هاوڕێ پزیشکهكانمان دەگەنە ئەو سنورەی کە لە ئاستی توانای کەسێكدا بێت."
سوریا و روسیا پلانی 'ئاخرزهمان'ی داهاتوو دادەنێن
رێکخراوە خێرخوازیەکە رایگەیاند لە 20 بنکەی تەندروستی کە پشتیوانیدەکات لە غوتەی رۆژهەڵات 15 دانەیان بوونەتە ئامانجی هێرشی ئاسمانی و تۆپباران.
بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ هێزەکانی رژێم بەخێرایی پێشڕەوییان کردووە بەناو زەویە کشتوکاڵیەکانی ناوچەکەدا لە هەفتەی رابردووەوە و زیاتر لە نیوەی ناوچەکەیان لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن سهندۆتهوه.
سەرۆکی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، وتی هێزەکانی رژێم ئێستا هەوڵدەدەن دۆما داببڕن لە ناوچهكانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە باشورترهوه.
هێرشه چڕهكهی حکومەتی سوریا، بە پاڵپشتی کرێملین، ناڕەزایی نێودەوڵەتی لێکەوتۆتەوە، لەنێویاندا تۆمەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە حکومەتەکە "ئاخرزهمان"ێك سازدهكات.
بەرپرسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، زەید رەعد حسێن، چوارشەممە (7 ئازار) رایگەیاند رژێمی سوریا و هاوپەیمانە بیانیەکانی خهریكی پلاندانانن بۆ "ئاخرزهمان"ێكی تر.
وتیشی: "ئەم مانگە رۆژهەڵاتی غوتەیە."
"مانگی داهاتوو یان مانگی دواتر شوێنێکی تر دەبێت کە خەڵك رووبەڕووی ئاخرزهمانێك دهبنەوە -- ئاخرزهمانێك کە لەلایەن کەسانی ناو حکومەتهوه بهمهبهست پلانی بۆ دارێژراوە و ئەنجامدراوە، بە ئاشکرایی بە پشتیوانی تەواوی هەندێك پشتیوانكهرانی بیانی،" كه ئاماژەیەكه به روسیا و ئێران.
'ئاگربەستی روسیا گاڵتهجاڕییه'
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان 24 شوبات داوای کۆتاییهێنانی دوژمنکارییهكانی کرد بۆ ماوەی 30 رۆژ بەڵام بڕیارهكه شتێکی ئەوتۆی نەکرد بۆ هاوکاری هێنان بۆ مەدەنیهكان.
بڕیارە ئەنجومەنەکە دووشەممە کۆبێتەوە بۆ گوێگرتن لە راپۆرتێكی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گیتێرێس و هەوڵی فەرمانێك بدات بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە بهكردهوه.
"وچانێکی مرۆیی" پێشووتر کە لەلایەن روسیاوە لە کۆتایی شوباتدا راگەیاندرا، شکستیهێنا لە کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لە رۆژهەڵاتی غوتە و بووە جێی باوەڕێكی کەم لەنێوان 400,000 دانیشتوانهكهی ههرێمه گەمارۆدراوەکەدا.
زۆربەی خەڵکی ناوچەکە بێباوەڕانە دەرکەوتن بەرامبەر ئەو "وچانەی" لەلایەن هاوپەیمانی سەرەکی دیمەشقەوە راگەیەندرا.
سامر بوهیزانی، 25 ساڵ، خەڵکی دوما وتی: "ئاگربەستی روسیا گاڵتهجاڕییه. روسیا ئێمە دەکوژێت و هەموو رۆژێك بۆردومانمان دەکات."
بوهیزانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "باوەڕناکەم بۆ من و خێزانەکەم سەلامەتبێت بەپێی ئەو سیستەمە ناوچەکە بەجێبهێڵین."
رژێم چوارشەممە چەند پاسێکی لە وافیدین جێگیرکرد بۆ گواستنەوەی ئەو دانیشتوانەی دەیانەوێت هەڵبێن کە سەرۆکی نەتەوە یەکگتووەکان، ئەنتۆنیۆ گیتێرێس، بە "دۆزەخی سەر زەمین" ناوزەندی کرد.
بەڵام هیچ مەدەنییەك نەبینرا بچن بەرەو هێزەکانی رژێم کە پاسەوانی ئەو خاڵەی پشکنین دەکەن کە وێنەی گەورەی سەرۆکی سوریا، بەشار ئەسەد و سەرۆکی روسیا، ڤلادیمێر پوتین، لەمبەر و ئەوبەری دەبینرێن.