نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند كه شەڕ هەر بەردەوامە لە غوتەی خۆرهەڵاتی سوریا لە سێشهممه (27 شوبات)، کە وادەکات ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری بۆ ئەو ههرێمهی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن ئەستەم بێت سەرەڕای "ئاگربەستی مرۆیی" کە لەلایەن روسیاوە راگەیەنرا.
پێنج کاتژمێر ئاگربەستی رۆژانە، کە لە كاتژمێر 9:00 بەیانیەوە دەستیپێکرد، لەلایەن روسیاوە راگەیەنرا لەژێر فشاری هێزە نێودەوڵەتیەكاندا كه نیگەرانن بۆ راگرتنی زیاد لە هەفتەیەك هێرشی ئاسمانی و تۆپباران و موشەکباران کە زیاد لە 500 کەسی کوشت.
وتەبێژی نوسینگەی مرۆیی نەتەوە یەکگرتوەکان، جێنس لاێركی، وتی: "شەڕ ئەم بەیانیە بەردەوامبوو. راپۆرتەکان لە غوتەی خۆرهەڵاتەوە وامان پێدەڵێن."
لاێركی لە جنێف بە رۆژنامەوانانی وت: "نەتەوە یەکگرتوەکان کۆبۆتەوە و ئامادەیە بۆ دەستبەجێ پشتگیریکردنی کۆمەكی رزگارکەری ژیان بۆ چەندین ناوچە لە غوتەی خۆرهەڵات هەرکاتێك دۆخەکە لەباربوو."
وتی: "ئێمە ئامادەشین و پلانمان هەیە بۆ گواستنەوەی سەدان نهخۆش ههركه توانیمان." بەڵام نیگەرانیی دەربڕی لەوەی لەئێستادا "ئەستەمە" بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان رێبدات بە هیچ ئۆپهراسیۆنێكی کۆمەك بۆ ئهو خەڵکهی پێویستیانه بەهۆی بەردەوامیی پێکدادانهكانەوە.
وتەبێژی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، تاریك جەسارێڤیچ، بە رۆژنامەوانانی وت دەزگاکە لیستی 1,000 کەسی هەیە کە پێویستیان بە گواستنەوەیە بەهۆی تەندروستییانەوە لە غوتەی خۆرهەڵاتهوه، بەجۆرێك 600 لەوانە دۆخی تەندروستییان بە "مامناوهندی یان سەخت" دادەنرێت.
روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند سێشەممە، موشەکەکانی رژێمی سوریا منداڵێکیان لە شارۆچکەی جسرهین کوشت، کە حەوت کەسیش لەوێ برینداربوون.
گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن ئامادەن چەکدارە توندڕەوەکان دەربکەن.
گروپە سەرەکیەکانی ئۆپۆزسیۆن لە غوتەی خۆرهەڵاتی سوریا سێشەممە رایانگەیاند کە ئامادەن چەکدارە توندڕەوەکان لە ناوچەکە دەربکەن هەرکات ئاگربەستەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان جێبەجێکرا.
غوتەی خۆرهەڵات، کە لە خۆرهەڵاتی دیمەشقە، شوێنی 400,000 مەدەنیە و لەلایەن چەند گروپێکی چەکدارەوە کۆنترۆڵکراوە، هەندێکیان تەنیا لە هەندێك بەشی ناوچەکە بوونیان هەیە.
هێزه سەرەکییهكان بریتین له جەیش ئیسلام، فەیلەق رەحمان و ئەحرار شام، کە سێشەممە نامهیهكیان نارد بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان و لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە بینراوە.
ئەوان "پابەندبوونی تەواویان بۆ دیپۆرتكردنی" چەکدارە توندڕەوەکانی تەحریر شام راگەیاند، كه گروپێکە زیاتر لە چەکدارانی بەرەی نوسرە پێکهاتووە.
گروپەکە وتی ئەو گواستنهوانه، کە پێشتر زۆرجار باسکراوە بەڵام هەرگیز هیچ ئەنجامێکی نەبووە، 15 رۆژی دەوێت بۆ دەستپێكردن کاتێک ئاگربەستی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەنجامدەدرێت.
واژۆکاران رایانگەیاند ویستویانە هەر گواستنەوەیەك کە هەبێت لەژێر کۆنترۆڵ و سەرپەرشتی میکانیزمی هەماهەنگی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکانەوە ئەنجامبدرێت.
حکومەتی سوریا کۆنترۆڵی بەسەر غوتەی خۆرهەڵاتدا لەدەستدا لە 2012، کە لە خۆرهەڵاتی دیمەشقی پایتەختە و تاڕادهیهك لەوکاتەوە گەمارۆدراوە.
گروپە سەرەکیەکانی ئۆپۆزسیۆن تائێستا پێشنیازەکانی روسیایان رەتکردۆتەوە بۆ گواستنەوەی مەدەنیەکان یان هەر چەکدارێکی سەر بەخۆیان.