هه‌واڵه‌كانی عێراق
تەندروستی

خەڵکی ئەنبار کە داعش کەمئەندامی کردوون یارمەتییان پێدەگات

خالید تائی

لەم وێنەیەدا بەرپرسانی بەڕێوبەرێتی تەندروستی ئەنبار کورسی کەمئەندامی کارەبایی دابەشدەکەن بۆ دانیشتوانی پارێزگاکە کە 8 ئایاری 2017 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی تەندروستی ئەنبار]

لەم وێنەیەدا بەرپرسانی بەڕێوبەرێتی تەندروستی ئەنبار کورسی کەمئەندامی کارەبایی دابەشدەکەن بۆ دانیشتوانی پارێزگاکە کە 8 ئایاری 2017 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی تەندروستی ئەنبار]

ماوەیەکە حکومەتی خۆجێی ئەنبار کاردەکات بۆ بەخشینی چارەسەر و پاڵپشتی تەندروستی بەو دانیشتوانەی کە کەمئەندام بوون بەهۆی هێرشەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌ یان بۆمبە دەستکردەکانیان.

بەرپرسانی پارێزگاکە وتیان بە هەزاران مەدەنی بەسەختی برینداربوون لەکاتێکدا داعش فەرمانڕەوا بوو لە ناوچەکە و قاچ و دەستیان لەدەستداوە بەهۆی بۆمبی دەستکردی گروپەکەوە کە چاندبوونیانن تا پێشڕەوی هێزەکانی عێراق خاوبکەنەوە.

رەعد خەمیس، 46 ساڵ، دانیشتووی فەلوجە، بە دیارونای وت قاچی چەپی لە کۆتایی 2016 لەدەستدا دوای ئەوەی قاچی خستبووه سەر بۆمبێکی دەستکردی چێنراو لەلایەن داعشەوە.

وتی پارچەیەك چووبووە قاچیەوە، کە دەبوو دواتر ببڕدرێتەوە.

قاچی خەمیس بە قاچێکی دەستکرد جێیگیرایەوە و لەوکاتەوە دەبوو نەشتەرگەریی چاکسازی بۆ بکرێت تا یارمەتی بدرێت جوڵە و سەربەخۆیی بەدەستبێنێتەوە.

وتی: "دەمەوێت ژیانم بگەڕێتەوە بەبێ ئەوەی بیر لە کەمئەندامیەکەم بکەمەوە."

خه‌میس لەئێستادا وەك شۆفێری تاکسی کاردەکات بۆ پاڵپشتی ژن و چوار منداڵەکەی.

وتی: "یارمەتیم لە حکومەتەوە پێدەگات و لەئێستادا دەتوانم زیاتریش پەیدابکەم بەهۆی کارکردنمەوە."

کۆمەکی پزیشكی 'ئەولەویەتی پێشینەیە'

بەڕێوبەرێتی تەندروستی ئەنبار لانیکەم 4,000 حاڵەتی کەمئەندامی جۆراوجۆری تۆمارکردووە لە ناوەندی 2014وە بۆ حوزەیرانی 2017.

جێگری بەڕێوبەری بەڕێوبەرێتی تەندروستی ئەنبار دکتۆر مونعیم عەفتان بە دیارونای وت نیوەی ئەم حاڵەتانە هی فەلوجە و رەمادین.

وتی زۆربەی ئەم حاڵەتانە بەهۆی بۆمب و هێرشەکانی داعشەوە بوون کە مەدەنی و هێزە ئازادکەرەکانیان دەکردە ئامانج.

وتیشی پێشکەشکردنی کۆمەکی پزیشكی به‌م خەڵکە "ئەولەیەتی پێشینەیە" بۆ بەڕێوەبەرێتی تەندروستی ئەنبار.

عەفتان وتی: "ئێمە چارەسەر و کۆمەکی به‌رده‌وام و بەدواداچوون بۆ هەر حاڵەتێکی تایبەت دەکەین، لەگەڵ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بوژاندنەوەی جەستەیی بۆ ئەو خەڵکەی کە قاچ و دەستیان لەدەستداوە و ئێستا هی دەستکردیان هەیە."

وتی بەڕێوبەرێتیەکە عەرەبانەی کەمئەندامی و ئامرازی بزاوتنی دیکە دەبەخشێتە ئەو خەڵکەی کەمئەندامن یان پێداویستی تایبەتییان هەیە و وتیشی کە "ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ پشتگیریی ئەم چینە بە هەر سەرچاوەیەك کە لەبەردەستماندا بێت".

لە 11 کانونی یەکەم، بەڕێوەبەرێتیەکە ناوەندێکی ده‌ست و قاچی دەستکردی کردەوە لە فەلوجە -- کە تاکە ناوەندێکی لەوجۆرەیە لە پارێزگای ئەنبار.

وتی پێش ئەوەی بکرێتەوە، دەبوو نەخۆشەکان گەشت بکەن بۆ بەغدا و پارە بدەن بۆ چارەسەرەکەیان گەر بیانویستایە چارەسەر و هەمان خزمەتگوزاری وەربگرن.

پاڵپشتی و خزمەتگوزاری زیاتر

سەرەڕای پاڵپشتی پزیشكی، دوو لیژنەی حکومەتی خۆجێی خزمەتگوزاری پێشکەش بە دانیشتوانی کەمئەندام دەکەن.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ئەسال فەهداوی بە دیارونای وت: "لیژنەیەکی خۆجێیمان هەیە کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیە بۆ خەڵکانی کەمئەندام."

وتی ئەم کیانە بەرپرسە لە دروستکردنی داتابەیسێك بۆ خەڵکانی کەمئەندام و بەخشینی بە وەزارەتەکە تا بتوانن موچە و سوودی مانگانەیان پێبگات و شیاوی بەرنامەکانی بوژاندنەوە و دامەزراندن بن.

کەسێکی کەمئەندام مافی موچەیەکی مانگانەی 170,000 دینار (143 دۆلار)ی هه‌یه‌، کە کەمترین بڕی موچەیە بۆ کارمەندانی کەرتی دەوڵەتی، وەك لە مادەی 38ی بڕیاری کەمئەندامانی 2013 هاتووە.

فەهداوی وتی لیژنەیەکی خۆجێی دیکەی سەر بە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ئەرکی بەخشینی قەرەبووی دارایی و پارچە زەوییه‌كی له‌سه‌رشانه‌ به‌ کەسانێك کە بەهۆی تیرۆریزمەوە کەمئەندام بوون.

کەمئەندامان شیاوی پاڵپشتی زیاترن

ژنە سەرۆکی لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ئەسما ئوسامە عەبدولڕەحمان داوای لە حکومەت کرد کاری زیاتر بکات بۆ کەمئەندامان.

ناوبراو بە دیارونای وت ئەم خەڵکە مەینەتییان چەشتووە، سەرەتا بەهۆی حوکمی داعشەوە و دواتر لە شەڕەکانی دەرکردنی گروپەکەدا و شایەنی پاڵپشتی زیاترن تا بتوانن دۆخی ژیانیان باشتر بکەن.

وتی: "زۆرێکیان هێشتا لە کەمپی ئاوارەکاندا دەژین، دوای ئەوەی ماڵەکانیان لەکاتی شەڕدا روخێنران و ئێستا پێویستیان بە چارەسەرە."

هەروەها داوای زیادکردنی ژمارەی سودمەندانی کرد کە شیاوی دەستڕاگەیشتنن بە خزمەتگوزاری و قەرەبووەکانی کەمئەندامی.

وتیشی: "چەند ئاستێکی جیاوازی کەمئەندامی هەیە و هەندێك خەڵك تۆمار نەکراون چونکە بە هیچ جۆرێك نازانن لەسەر ئینتەرنێت خۆیان بۆ ئەم بەرنامانە تۆماربکەن. گرنگە ئەم خەڵکە بدۆزرێنەوە و تۆماربکرێن تا بتوانن تەواوی مافەکانی خۆیان وەربگرن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

من بێ قاچم (قاچی راستم لەدەستداوە لەسەروی ئەژنۆوە). هیوادارم ئەوانەی هەست بە ئازاری ئێمە دەکەن یارمەتیمان بدەن. داوا لە وەزارەتی تەندروستی و دەزگاکانی حکومەت دەکەین یارمەتی هەموو خەڵكی کەمئەندام بدەن و بە بەزەییەوە سەیریانبکەن.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌