هه‌واڵه‌كانی عێراق
خۆپیشاندان

نزیکەی 200 كه‌س کوژران لە غۆتەی خۆرهەڵات و نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداری دەدات دۆخەکە 'کۆنترۆڵ ناکرێت'

ئاژانسی فرانس پرێس

منداڵانی سوری دەگرین لە نەخۆشخانەیەکی كاتی لە دوما دوای هێرشی ئاسمانی بۆ سەر گوندی میسرابای سوری لە ناوچەی غۆتەی خۆرهەڵاتی گەمارۆدراو، 19 شوباتی 2018. [حەمزە عەجویح / ئاژانسی فرانس پرێس]

منداڵانی سوری دەگرین لە نەخۆشخانەیەکی كاتی لە دوما دوای هێرشی ئاسمانی بۆ سەر گوندی میسرابای سوری لە ناوچەی غۆتەی خۆرهەڵاتی گەمارۆدراو، 19 شوباتی 2018. [حەمزە عەجویح / ئاژانسی فرانس پرێس]

هێرشی ئاسمانی لە غۆتەی خۆرهەڵاتی دا بۆ رۆژی سێیەم و لەسەریەك لە پێنجشەممە (20 شوبات)، کە وایکرد ئاماری کوژراوانی مەدەنی بەرزبێتەوە بۆ نزیکەی 200 و نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداریدا لەوەی دۆخەکە لە ناوچەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن "لە کۆنترۆڵ دەرچووە".

هێرشی ئاسمانی و موشەك و تۆپخانە ناوچەیەکی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنی تێكشکاندووە لە یەکشمەوە و لە ئامادەکاریی ئاشکرای حکومەتدا بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر ئەو ناوچە گەمارۆدراوە.

روانگەی سوری بۆ چاودێری مافی مرۆڤ رایگەیاند لانیکەم 194 مەدەنی کوژراون، لەنێویاندا 57 منداڵ.

تەنیا دووشەممە، 127 مەدەنی، لەنێویاندا 39 منداڵ، بەهۆی بۆمبارانەوە کوژران -- کە خوێناویترین رۆژ بوو بۆ غۆتەی خۆرهەڵات لە چوار ساڵی رابردوودا.

روانگەکە رایگەیاند هێرشی ئاسمانی نوێ لە بەیانیی سێشەممەدا لانیکەم 50 مەدەنی کوشت، لەنێویاندا 13 منداڵ.

غۆتەی خۆرهەڵات، کە لە 2012وە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە کۆنترۆڵکراوە، دوایین ناوچەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنە نزیك بە دیمەشق.

هەماهەنگكاری هەرێمیی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا پانۆس مۆمتزیس هؤشداریداوە لەوەی بەئامانجکردنی مەدەنیەکان لە ناوچەکەدا "دەبێت دەستبەجێ بوەستێنرێت".

مۆمتزیس دووشەممە رایگەیاند: "دۆخی مرۆیی مەدەنیەکانی غۆتەی خۆرهەڵات لە کۆنترۆڵ دەرچووە. پێویستە دەستبەجێ ئەو مەینەتیە مرۆییە بێمانایە بوەستێنرێت."

نەتەوە یەکگرتوەکان بەردەوام داوای ئاگربەستێکی یەك مانگەی کردووە لە بەرەکانی شەڕی سوریا، لە غۆتەی خۆرهەڵاتەوە بۆ عەفرین لە باکوری خۆرئاوا، کە تورکیا سێشەممە هەڕەشەی ئەوەیکرد لە چەند رۆژی داهاتوودا گەمارۆی بدات.

' قسە نەماوە'

دکتۆرێكی ماندوو لە نەخۆشخانەیەکی غۆتەی خۆرهەڵات وتی: "19 شوبات خراپترین رۆژی ژیانمان بوو لە مێژووی ئەم قەیرانەدا."

ئەم دكتۆره‌ کە خۆی بە ئەبو یاسر ناساند، باسی لە چارەسەرکردنی منداڵێکی یەك ساڵان کرد کە هێنرابوو بۆ نەخۆشخانەی عه‌ربین کە پێستی شین بووبووه‌وه‌، تەنگەنەفەسیش بوو، لەنێو داروپەردوودا رزگارکرابوو.

ئەبو یاسر بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "دەمیم کردەوە تا بۆری هەناسەدان بخەمە دەمیەوە و بینیم پڕە لە خۆڵ و خاشاك."

خۆڵەکەی دەرهێنا بە خێراترین شێوە، بۆری هەناسەدانی خستە دەمیەوە و توانی ژیانی منداڵەکە رزگاربکات.

"ئەمە تەنیا یەکێکە لەو سەدان کەسەی برینداربوون."

ئەو کوشتارە وایکرد کە ئاژانسی منداڵانی نەتەوە یەکگرتوەکان، یونیسێف، بەیاننامەیەکی به‌زۆری بەتاڵ بڵاوبکاتەوە، رۆژی سێشەممە، بۆ دەربڕینی توڕەیی خۆی.

ئاژانسەكه‌ لە پوختەیەکی کۆتایی بەیاننامەکەدا کە لە بەشی خوارەوەی پەڕەکە نوسرابوو رایگەیاند: "چیتر وشەمان پێنەماوە بۆ دەربڕینی مەینەتی منداڵان و توڕەیی خۆمان."

"ئایا ئەوانەی ئەو مەینەتیە دەسەپێنن هێشتا وشەیان پێماوە بۆ کردە بەربەرییەکانیان."

زیاد لە 400,000 کەس لە غۆتەی خۆرهەڵات دەژین، کە لە 2013وە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەوری گیراوە. دەستکەوتنی خۆراك، دەرمان و پێداویستیە سەرەتاییەکانی دیکە تاڕاده‌یه‌ك ئەستەمن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500