دەیان تەرمی چهكدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بە نەنێژراوی ماونهتهوه لە رۆژئاوای موسڵ کە مەترسی تەندروستی دروستکردووە و رێگەی لە گەڕانەوەی دانیشتوان گرتووه بۆ ماڵەکانیان و دەستپێکردنەوەی ژیانی ئاساییان.
سەدان شەڕکەری داعش کوژران كاتێك هێزەکانی عێراق دهستیانكرده شهڕ بۆ گرتنەوەی شارەکە لە حوزەیراندا و چەندین تەرم بە شاراوەیی ماونەتهوە لەژێر داروپهردووهكاندا یان لە قەراغ روباری دیجلە كهوتوون، بەرپرسانی تەندروستی و حکومەتی خۆجێیی نەینەوا بە دیارونایان وت.
بەرپرسی فەرمانگەی تەندروستی نەینەوا، ساڵح تائی، وتی: "نیگەرانی راستەقینە هەیە سەبارەت بەو تەرمانه کە چەندین نەخۆشی جددی بگوازنەوە کە بە تێپهڕبوونی کات بۆگەندەکەن."
وتیشی تائێستا بارودۆخی تەندروستی لە موسڵ لەژێر کۆنترۆڵدایە بەڵام ئەو بۆنە ناخۆشەی لە تەرمەکان دەردەچێت ئەو دانیشتوانەی وەستاندووە کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە و رێگەی لێگرتون لە دەستپێکردنی هەوڵهکانی بنیاتنانەوە.
لابردنی تەرمەکان
تیمەکانی بەرگری شارستانی کە راسپێردرابوون بە لابردنی تەرمی مەدەنییان لەژێر داروپهردووهكاندا بەفەرمی کارەکانیان تەواوکرد لە 10 کانونی دووەم، ئاژانسی فرانس پرێس لە 21 کانونی دووەم رایگەیاند.
بەڵام ئەوە بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی شارەکەیە تەرمی شەڕکەرانی داعش لاببات کە هەندێکیان هێشتا تەقەمەنی نەتەقیویان پێوەیە.
سەرۆکی ئەنجومەنی خزمەتگوزاری شارەکە، عەبدولستار حەبو، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئێمە پێشتر 450 تەرممان لەژێر داروپهردووهكان دەرهێناوەتهوه بەڵام سەدانی تر ماون."
تائی بە دیارونای وت فەرمانگەی تەندروستی پلانێکی داناوە بۆ لابردنی تەرمەکان و دەستیکردووە بە لابردنیان و سەدانیانی لە گۆڕستانەکانی دەرەوەی موسڵ ناشتووە.
وتی بەڵام پرۆسەی لابردنی تەرمەکان رووبەڕووی "ئاستەنگی گەورە" دەبێتەوە.
وتیشی: "زۆربەی تەرمەکانی ژێر داروپهردووهكان ناتوانرێت دەستیان پێبگات و پێویستی بە ئامێری گەورە و هەوڵی سەخت و پارە هەیە کە فەرمانگەی تەندروستی لەئێستادا نیەتی."
وتیشی فەرمانگەی تەندروستی داوای یارمەتی کرد لە بهڕێوبهرێتی شارەوانی پارێزگاکە و حکومەتی خۆجێیی بۆ بەدەستهێنانی ئامێر و سەرچاوەی دارایی پێویست بۆ تەواوکردنی ئەرکەکە بەزووترین کات.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حوسام عەبار، بە دیارونای وت بهڕێوبهرێتی شارەوانی لانیکەم 400 تەرمی گواستۆتهوه لە رۆژئاوی موسڵ بۆ گۆڕستانەکانی دەرەوەی موسڵ.
وتی بەڵام فەرمانگەکە "ناتوانێت بهردهوامبێت لهسهر کارەکانی لە ناوچەکانی تر کە زیاتر سەختن و پێویستیان بە ئامێری گەورە هەیە کە فەرمانگەکە لەمکاتەدا نیەتی" و داوای پشتیوانی لە حکومەتی فیدراڵی کرد.
مەترسی ژەهراویبوونی ئاو
عەبار نیگهرانی دەربڕی کە تەرمەکان بەتایبەتی ئەوانەی لە قەراغ دیجلەن لەوانەیە روبارەکە و ئاوی خواردنەوەی شارەکە پیسبکهن.
وتی: "مەترسیەکە ئەوەیە زۆربەی تەرمەکان ئێستا لە نزیك [وێستگهی پاڵاوتنی ئاو]ی دەندان و غەزلانی بڵاوبوونەتهوه."
وتی ئەو دوو وێستگهیه ئاوی هەموو شاری موسڵ دابیندەکەن و روونیشیکردەوە كه ئەگەر تەرمەکان لەوێدا بمێننەوە لەکاتی بارانباریندا دەبنە مەترسییەکی تەندروستی راستەقینە.
وتیشی ههڕهشهكانی تریش بۆ سەر ژینگە و بارودۆخی تەندروستی شارەکە بریتین لە بۆمبی دەستکرد، پاشماوە نەتەقیوەکانی شهڕ و پاشەڕۆی پزیشكی و ئامێرە تیشکدەرەوهكان کە لەژێر داروپهردووی نەخۆشخانەکاندا ماونهتهوه.
وتی پارێزگاکە سەرچاوەی کەمی هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی گشتی و داوای لە بەغدا کرد پشتیوانی زیادبکات لە ماوەی داهاتوودا.
ئەفسەرێکی بەشی رزگارکردن لە فەرمانگەی بەرگری شارستانی لە موسڵ، رابین ئیبراهیم، وتی: "تیمەکانی بەرگری شارستانی رۆڵێکی گرنگ دەبینن لە لابردنی تەرمەکان لە بەری رۆژئاوای موسڵ بەڵام رووبهڕووی ئاستەنگەکانی وهك بەرتەسکی شەقامەکان دهبنهوه کە رێ له چوونەژوورەوەی زۆربەی ئامێرەکانیان دهگرێت."
وتی تیمەکانی بەرگری شارستانی کاریش دەکەن بۆ لابردنی هەموو پاشماوەکانی شهڕ و بۆمبه دەستکردهكان و پوچەڵکردنەوەی ئەو تەقەمەنیانەی لەپاش گروپەکه بەجێماون.
ئەمە چۆن روویدا؟
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت