هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

کۆمەکبەخشان بەڵێنی 30 ملیار دۆلار دەدەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق

خالید تائی و ئاژانسی فرانس پرێس

کۆنفرانسی بنیاتنانەوەی عێراق کە لە کوێت ئەنجامدرا چوارشەممە (14 شوبات) کۆتایی هات لەگەڵ بەڵێنی 30 ملیار دۆلار. [خاوەندارێتی وێنە: پەیجی فەیسبوکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرەکوەزیرانی عێراق]

کۆنفرانسی بنیاتنانەوەی عێراق کە لە کوێت ئەنجامدرا چوارشەممە (14 شوبات) کۆتایی هات لەگەڵ بەڵێنی 30 ملیار دۆلار. [خاوەندارێتی وێنە: پەیجی فەیسبوکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرەکوەزیرانی عێراق]

کوێت چوارشەممە (14 شوبات) رایگەیاند کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ بنیاتنانەوەی عێراق کە لەوێ ئەنجامدرا 30 ملیار دۆلاری کۆکردۆتەوە.

وەزیری دەرەوەی کوێت، شێخ سەباح خالید سەباح، وتی: "پابەندبوونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە کۆنفرانسەکەدا روونبوو."

وتیشی بەگشتی 76 وڵات و چه‌ندین رێکخراوی کۆمەکی نێودەوڵەتی ئەو بەڵێنانەیان داوە.

عێراق رایگەیاندبوو پێویستی بە نزیکەی 90 ملیار دۆلارە لە قۆناغی دوای شەڕی سێ ساڵەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا کە ماڵان و قوتابخانە و نەخۆشخانە و ژێرخانی وێرانكرد و ملیۆنان کەسی ئاوارەکرد.

وەزیری دەرەوەی عێراق، ئیبراهیم جەعفەری، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئێمە هیوای زیاترمان هەبوو. بێهیوا نەبووین، بەڵام ئەو بڕە کەمترە لەوەی چاوەڕواندەکرا."

عێراق رایگەیاندبوو كه‌ پلانی 10 ساڵەی ئاوەدانکردنەوەی 88.2 ملیار دۆلاری تێدەچێت و پێویستی دەستبەجێشی هه‌یه‌ بە 22 ملیاری.

بەڵێنەکان بۆ پشتیوانی عێراق

لەنێوان گەورەترین بەشداربوواندا بەریتانیا و تورکیا هەبوون.

بەریتانیا رایگەیاند به‌درێژایی 10 ساڵ، ساڵانه‌ یه‌ك ملیار دۆلار قه‌رزی هه‌نارده‌ ده‌دات به‌ عێراق، لەکاتێکدا وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغلو، وتی وڵاتەکەی 5 ملیار دۆلار دابیندەکات وەك قەرز و وەبەرهێنان بەبێ دیاریکردنی به‌شبه‌شكردنی بڕه‌ پاره‌كان.

وڵاتانی کەنداویش کە لەلایەن کوێتەوە سەرۆکایەتی دەکران بەڵێنی 5 ملیار دۆلاریان دا وەك وەبەرهێنان و قەرز و هاوکاری دارایی بۆ هەناردەکردن.

راوێژکارێکی ئابوریی سەرەکوەزیران، موزهیر محەمەد ساڵح، بە دیارونای وت ئەو پشتیوانیەی لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە پیشاندرا لەماوەی کۆنفرانسەکەدا "خەڵاتێکە" کە عێراق بەدەستیهێناوە بۆ سەرکەوتنەکانی بەسەر تیرۆریزمدا.

وتیشی: "ئێمە چوینە کۆنفرانسەکە بە دیدێكی گشتگیره‌وه‌ لەسەر بنەمای پلانێكی تۆکمە و شەفاف."

وتی ئەگەر ئەو پلانانە بچنە بواری جێبەجێکردنەوە "ئەوا گۆڕانێکی بەرچاو دروستدەکەن و وڵاتەکەمان دەکەنە کارگەیەکی گەورەی كار و بەرهەمهێنان."

ساڵح گەشبینی دەربڕی کە وڵاتە کۆمەکبەخشەکان پابەندبوون و بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێدەکەن بۆ یارمەتیدانی عێراق.

70 رێکخراوی عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتی دووشەممە بەڵێنیاندا پرۆژە مرۆییه‌كان بەبڕی 30 ملیار دۆلار ئەنجامبدەن لەو ناوچانەی بەهۆی شەڕەوە وێرانبوون و كۆمسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوریش بەڵێنی 130 ملیۆن دۆلاری دا.

ساڵح وتی: "کۆمەکە داراییەکان بۆ بوژانەوەی سەدان هەزار کەسی ئاوارە و خەڵکی زیانلێکەوتوو دەچێت، بۆئەوەی بەپەلە پێداویستیەکانیان دابینبکرێت لەبواری داڵده‌دان و تەندروستی و پەروەردەدا."

هەوڵەکان بۆ گوڕدان به‌ وەبەرهێنان

بەرپرسانی عێراق کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانیان هاندا بۆ وەبەرهێنان لە عێراق بە جەختکردنەوە لەسەر هەوڵەکانی حکومەت بۆ بنیاتنانی ژینگەیەکی سەرنجراکێشی وەبەرهێنان.

ساڵح وتی: "ئێمە پلانێکی وەبەرهێنانی ئومێدبه‌خشمان پێشکەشکردووە کە لە چەندین پرۆژە پێکهاتووە، لەنێویاندا زیاتر لە 50 پرۆژەی ئامادە بۆ وەبەرهێنانی بەپەلە." ئاماژەشیدا بەوەی پاراستنی یاسایی و ئەمنی پێشکەش کراوە به‌ وەبەرهێنەران بۆ پرۆژەکانیان.

وتیشی حکومەتی عێراق ئەنجومەنێکی باڵای وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوەی دامەزراندووە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەو پرۆژە جۆراوجۆرانە بۆ بنیاتنانەوە و "رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و تیرۆریزمی ئابوری."

وتی عێراق هەلی وەبەرهێنانی لە كه‌رته‌كانی نیشتەجێبوون و پەروەردە و تەندروستی و گواستنەوە و كه‌رته‌كانی تردا پێشکەشکردووە و جەختیشی كرده‌وه‌ لە گرنگی وەبەرهێنان بۆ بوژانەوە و بنیاتنانەوەی ئەو شارانەی لەلایەن تیرۆریزمەوە زیانیان بەرکەوتووە.

وتی: "وەبەرهێنان پایەیه‌کی سەرەکی پلانی 10 ساڵەی ئێمەیە بۆ بنیاتنانەوەی شارەکانمان."

هەروەها نوێنەرانی کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان کە بەشداری کۆنفرانسە کۆمەکبەخشەکە بوون خواستیان دەربڕی بۆ وەبەرهێنان لە عێراق.

گروپی دارایی نێودەوڵەتی رایگەیاند كه‌ ده‌یه‌وێت بە بڕی 1.2 ملیار دۆلار وەبەرهێنانبكات لە پرۆژەی جۆراوجۆردا لە عێراق و ئامادەکاری دەکات بۆ راگەیاندنی پرۆژەیەک له‌ بواری په‌یوه‌ندیه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كاندا بەبڕی 250 ملیۆن دۆلار.

رێکەونێکیش ئیمزاکراوە لەنێوان وەزارەتی دارایی عێراق و بانکی هەناردەی و هاوردەی ئەمریکا بەبڕی 3 ملیار دۆلار بۆ كۆمه‌كی بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500