هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزە هاوبەشەکان پاشماوەکانی داعش پاکدەکەنەوە لە دوزخورماتوو

خالید تائی

هێزە هاوبەشەکان لە گوند و ناوچەکانی دەوروبەری شاری دوز خورماتوو لە رۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین جێگیردەبن لەم وێنەیەدا کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە لە 7 شوبات. [خاوەندارێتی وێنە: فەرماندەیی بەرپەچدانەوەی خێرا]

هێزە هاوبەشەکان لە گوند و ناوچەکانی دەوروبەری شاری دوز خورماتوو لە رۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین جێگیردەبن لەم وێنەیەدا کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە لە 7 شوبات. [خاوەندارێتی وێنە: فەرماندەیی بەرپەچدانەوەی خێرا]

هێزە هاوبەشەکان پێنجشەممە (13 شوبات) رایانگەیاند توانیویانە مەترسی تیرۆر لەسەر دوز خورماتوو لابدەن لە رۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحه‌دین.

لە 7 شوبات هێزە ئەمنیەکان هەڵمەتێکی گەورەیان راگەیاند بۆ پاککردنەوەی ناوچەكانی دەوروبەری شارەکە لە ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

بەرپرسی راگەیاندن لە هێزەکانی بەرپەچدانەوەی خێرای سەربە وەزارەتی ناوخۆ، موقەدەم عەبدولئەمیر محەمەداوی، وتی هێزە ئەمنیەکان بۆ بنکە و شانەکانی داعش گەڕان لە ناوچەكانی دەوروبەری دوز خورماتوو.

محەمەداوی بە دیارونای وت ناوچەی گەڕانەکە بەرەو حەویجە لە کەرکوك و پارێزگای دیالەوه‌ درێژدەبێتەوە و ژمارەیەك گوند لەخۆدەگرێت لە سەڵاحەدین.

وتیشی فیرقەی 9ی زرێپۆشی سوپای عێراق و خۆبەخشە نێوخۆییەکانیش بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کرد بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و پشتیوانیی سوپا و فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانان.

محەمەداوی وتی ئامانجەکە "ئەنجامی گەورە"ی لێکەوتەوە.

وتیشی هێزە هاوبەشەکان ناوچەكانی دەوروبەری پێنج بیرە نەوتیان پاککردەوە لە نزیك دوز خورماتوو و چەند گوندێکیشیان پشکنی بەتایبەتی جەبەل شێخ مەیدان، پەلکەڵە سەلیم، پەلکەڵە کوبرا و قەڵغانی سوغرا.

وتی هەروەها توانییان "ژمارەیەك تیرۆریست" بکوژن.

وتیشی: "دەیان بۆمبی دەستکرد تێکشکێنران کە لەلایەن تیرۆیرستانەوە لەسەر ئەو رێگایانەی هێزە سەربازیەکان پێشڕەوییان لێوەکرد چێندرابوون،" لەگەڵ کەمپێکی داعش و چه‌ند ئۆتۆمبیلێك و نزیکەی 30 حەشارگەی گروپەکە.

دوز خورماتوو 'لەژێر کۆنترۆڵدایە'

محەمەداوی وتی هێزە هاوبەشەکان دوز خورماتوو و ناوچەکانی دەوروبەریان لەژێر کۆنترۆڵدایە.

وتیشی: "ئێمە توانیومانە مەترسی تیرۆریزم دووربخه‌ینه‌وه‌ و تەواوی ناوچەکە بپارێزین و بارودۆخی ئەمنی ئێستا سەقامگیرە."

محەمەداوی وتی هەڵمەتە ئەمنیەکە هاوکات بوو لەگەڵ هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆئەوەی سەقامگیری په‌ره‌پێبده‌ین و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بەهێزبکەین لەنێوان هەموو گروپە کۆمەڵایەتیەکاندا.

وتیشی: "ئێمە 4,000 ئاوارەمان گەڕاندۆتەوە لە ئایینزا و گروپی ئێتنیی جیاواز بۆ ماڵەکانیان و دەستیانکردۆته‌وە بە ژیانی رۆژانەیان بە سروشتی و سەلامەتی."

وتی وەك بەشێك لە هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایش، "هێزەکانمان لەهەموو شوێنێك جێگیرن و ئێستا بەرپرسن لە پاراستنی ئاسایش لەوێ".

وتیشی بنکەی پۆلیسی دوز خورماتوو و بنکەکانی تری نزیك ناوچەکە -- سڵێمان بەگ، ئامه‌رلی، یاکینجە -- دووبارە کراونه‌تەوە.

هەروەها وتی: "ئەو بنکانە کاردەکەن بەهاوکاری لەگەڵ خەڵکی ناوچه‌كان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەك کە هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژیانیان بكات بۆ دڵنیابوون لەوەی سەروەری یاسا و فەرمانەکان دەچەسپێن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500