حکومەتی عێراق پردەکانی موسڵ بنیاتدەنێتەوە کە زیانیان بەرکەوتووە لە شەڕی وەدەرنانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا لە شارەکە وەك بەشێك لە پلانی بنیاتنانەوە کە لەلایەن کۆمەکی نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەرپرسان بە دیارونایان وت.
پێنج پردی سەرەکی لەسەر روباری دیجلە رۆژهەڵات و رۆژئاوای موسڵ بەیەکەوە دەبستنەوە لەکاتێکدا پردە بچوکەکانی تریش دەکەونە سەر روباری خۆسر کە بەناو بەشی رۆژهەڵاتی موسڵدا دەڕوات.
پلانەکە بە دوو قۆناغ جێبەجێدەکرێت کە یەکەمیان تەرکیز دەخاتەسەر چاککردنەوەی ئەو پردانەی کەمترین زیانیان بەرکەوتووە و دابینکردنی پەڕینەوەی کاتی. قۆناغی دووەمیش ئەو پردانە دەگرێتەوە کە زیانی سەختیان بەرکەوتووە.
بهڕێوبهری شارەوانی موسڵ، عەبدولستار حەبوب، بە دیارونای وت نۆژەنکردنەوە تەواوبووە لە کۆنترین پردی شارەکە کە پردی حەدیدیە.
وتی: "هیوادارین پردەکە بەڕووی خەڵکدا بکرێتەوە لە ناوەراستی شوباتدا."
وتیشی کۆمپانیای ئاوەدانکردنەوەی سەعد کە لقێکی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونە، کاری چاککردنەوەی تەواوکرد لەماوەی پێنج مانگدا بە كۆمهكی 2.5 ملیۆن دۆلار کە لەلایەن بانکی نێودەوڵەتییەوە دابینکرا.
پردە کاتیەکان
حەبوب وتی وەك بەشێك لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە وەزارەتەکە دوو پردی کاتی دامەزراند کە یەکێکیان لەبری پردی حوڕییە بەکاردێت.
وتیشی پردێکی کاتیش جێی ئەو پردە دەگرێتەوە کە گەڕەکی زوبات لە رۆژهەڵاتی موسڵ دەبەستێتەوە بە ناوچەی دەواسیح لە رۆژئاوا.
وتی: "سوپا، شانبەشانی شارەوانی موسڵ، دوو پردی تری کاتییان کردۆتەوە."
ئەوانە جێی پردی ئەبی تەمام تائی و پردێكی تر دەگرنەوە کە درێژترین پردی موسڵە و گهڕهكی موهەندیسین لە رۆژهەڵاتی موسڵ دەبەستێتەوە بە شیفاوە لە رۆژئاوا.
وتیشی وەزارەتەكه خەریکە پردی سەیداتی جەمیلە تەواوبکات کە پردێکی لاوەکیە و گەڕەکەکانی زوهور و موسەننا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ههروهها وتی ئەو پردە نوێیانە تەنها رێکاری کاتین بۆ ئاسانکاری هاتوچۆ و یارمەتیدانی خەڵك بە شارەکەدا تێپهڕن تا پردە سەرەکیەکان چاکدەکرێنەوە.
حەبوب وتی ئەو چوار پردە سەرەکیەی هێشتا پێویستیان بەچاککردنەوەیە "پێویستیان بە لانیكهم ساڵێك هەیە بۆ بنیاتنانەوە."
وتیشی: "راپۆرتێکی چڕوپڕ لەسەر زیانەکان و خەمڵاندنی تێچووی چاککردنەوەی پردەکانی حوڕییە و رابع تەواوبووە" کە بنیاتنانەوەیان بەمزوانە دانراوە بەیارمەتی قەرزێك لە ئەڵمانیا.
حەبوب وتی: "سەرجەمی تێچووی بنیاتنانەوەی پردی حوڕییە 25 ملیۆن دۆلار دەبێت و ئەوەی پردی رابعیش 35 ملیۆن دۆلار."
بنیاتنانەوە کاری لەپێشینە دەبێت
ئەندامی لیژنەی ئەمنی له ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حەسەن شەبیب سەبعاوی، بە دیارونای وت گرنگە بنیاتنانەوە کاری لەپێشینە بێت کە 37 پردی روخاو لە پارێزگاکەدا هەن.
وتیشی ئەوە گرنگترین شتە چونكه پردەکان "راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵکی هەیە و یارمەتی پاراستنی سەقامگیری و گێڕانەوەی چالاکی دەدەن لە شارەکەدا."
وتی: "پردە کاتییەکان لە موسڵ توانیویانە قەرەباڵغی هاتوچۆ کەمبکەنەوە کە زیادیکردووە دوای دەستپێکردنی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان." ئاماژەشی دا بەوەی ئەوانە بەدیلی پردە هەمیشەییەکان نین.
بەرپرسانی نەینەوا بە دیارونایان وت کۆنفرانسی کۆمەککردن له کوێت یارمەتی هەوڵەکانی بنیاتنانەوە دهدات لە پارێزگاکەیاندا.
ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاریەکانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حوسامەدین عەبار، وتی: "بڕێكی زۆری پارە پێویستە بۆ بنیاتنانەوەی پردەکان خەرجبکرێت. ئێمە پشت بە کۆنفرانسی کۆمەکبەخشی کوێت و کۆمەکی تر دەبەستین کە لەلایەن وڵاتە کۆمەکبەخشەکانەوە پێشکەشدهكرێن."
عەبار بە دیارونای وت: "راپۆرتی گشتگیرمان هەیە لەسەر هەموو پرۆژەکانی بنیاتنانەوە، لەنێویاندا پردەکان، کە بەهۆی تیرۆریزمەوە زیانیان بەرکەوتووە و ئەوەی پێویستمانە هاوکاری نێودەوڵەتییە بۆ دەستکردن بە کار."