ئهم ناوچەیهی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە غۆتەی خۆرهەڵات سێشەممە (6 شوبات) رووبهڕووی خراپترین خوێنڕێژی بووەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا، کاتێك رژێم هێرشەکەی چڕکردەوە رۆژی چوارشەممە و ئاماری مردووان بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوە.
گەڕێکی نوێی هێرشەکانی رژێم چوارشەممە 23 مەدەنی کوشت لە ناوچەیەکی نزیك دیمەشق، لەکاتێکدا زۆربەی تیمە پزیشکیەکان هێشتا خەریکی چارەسەرکردنی رزگاربووەکانی سێشەممەن.
بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ چاودێری مافی مرۆڤ رامی عەبدولڕەحمان وتی: "ژمارەی قوربانیانی مەدەنی ئێستا 88 کەسە. دوو برینداریش دوای نیوەشەو مردن."
عەبدولڕەحمان بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئەمە بەرزترین ئاستی قوربانیانی مەدەنی بوو لە سوریا لە نزیکەی نۆ مانگدا و یەکێك بوو لە خوێناویترین رۆژەکانی غۆتەی خۆرهەڵات لە چەندین ساڵدا."
وتی لەنێو مردووەکاندا 19 منداڵ و 20 ژن هەبوون و نزیکەی 200 برینداربوون.
دوای هێرشەکەی سێشەممە، فڕۆکە جەنگیەکانی رژێم بەیانی چوارشەممە گەڕانەوە و چەند هێرشێکیان ئەنجامدا کە 15 مەدەنی کوشت و بە دەیانی بریندارکرد.
روانگەکە رایگەیاند 10 كهس لە بەیت سەوا کوژران، لەنێویاندا چوار منداڵ. هەشتی دیکەش مردن لە حەموریە و پێنج لە دوما.
ناوچەکانی دەوروبەر و گوندەکان سێشەممە بە سەختی لە هێرشەکاندا زیانیان پێگەیەنرا و نەخۆشخانەکانی دوما پڕبوون لە منداڵ.
'هەموو ئاماژەکان' بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی
غۆتەی خۆرهەڵات كه شوێنی نزیكهی 400,000 کەسه، لەنێو رێککەوتنی هێورکردنەوەدایە کە بەمەبەستی ئارامکردنەوەی چەندین ناوچەی کرابوو.
بەڵام بۆمباران لەوێ و لەم رۆژانەی دواییدا زیادیکردووە، لەنێویدا گومانی تەقەمەنی بە گازی کلۆر دەکرێت.
رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی چوارشەممە رایگەیاند کە لێکۆڵینەوە "لە هەموو تۆمەتێکی باوهڕپێكراو" دەکات دەربارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سوریا.
ئەم رێکخراوە نێودەوڵەتییە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند تیمێکی دۆزینەوەی راستیەکانی رێکخراوەکە کە ئەرکی "پشتڕاستکردنەوەی راستیهكانی دهربارهی تۆمەتهكانی بەکارهێنانی مادەی ژەهراوی پێسپێردراوه ... لە تۆمەتە باوهڕپێكراوهكان دەکۆڵێتەوە" و "زۆر نیگەرانە" لە راپۆرتە نوێیەکان.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ژان-یڤس لۆ دریان چوارشەممە وتی "هەموو ئاماژەکان" بەرەو ئەوە دەچن رژێمی سوریا چەکی گازی کلۆری لە سوریا بەکارهێنابێت.
کە پرسیاری لێکرا فەرەنسا چۆن وەڵامدەداتەوە، لۆ دریان پهنجهی راكێشا بۆ "بهشدارانی دژی پارێزبەندی" کە لەلایەن بیست وڵاتێكهوه لە کانونی دووەمدا رێککەوتنی لەسەر کرا بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەنجامدەرانی هێرشی کیمیایی لە سوریا بەرپرس رادەگیرێن.
لەکاتێکدا نەتەوە یەکگرتوەکان سێشەممە داوای ئاگربەستێکی یەك مانگەی کرد له سهراسهری وڵاتەكهدا، لێکۆڵەرانی تاوانی جەنگ وتیان لە "ژمارەیەك" راپۆرت دەکۆڵنەوە کە ئاماژە دەکەن بەوەیچەکی کیمیایی بەکارهێنراوە لە غۆتەی خۆرهەڵات و لە پارێزگای ئیدلیب.
ئەمریکا سهرهتای ئەم هەفتەیە رایگەیاند کە "بەڵگەی ئاشکرا" هەیە لەسەر هێرشەکانی ئەمدواییانە بە گازی کلۆر، لەنێویاندا لە غۆتەی خۆرهەڵات.
'چڕترین و خوێناویترین' هێرشی ئاسمانی
ئەو چالاکوانانەی قسەیان بۆ دیارونا کرد، وتیان هێرشە ئاسمانیەکان کە لەم دوو رۆژەی دواییدا ئەنجامدران تائێستا سەختترین و توندوتیژترین بوون.
بەڕێوبەری نوسینگەی تەندروستی لە مهرج، دکتۆر ئەنەس ئەبو یاسر، بە دیارونای وت: "فڕۆکە جەنگیەکانی رژێمی سوریا سێشەممە بەردەوامبوون لە هێرشه ئاسمانییه چڕهكاندا بۆ رۆژی دووەم بۆ سەر چەندین گوند و شار لە غۆتەی خۆرهەڵات."
وتی هەموو ناوەندە سەرەکیەکانی دانیشتوان لێیاندرا، لەنێویاندا کەفر بەتنە، حەموریە، سەقبە، شاری زەمالکه، میسرابا و عەرەبەین، حەرهستا، مەدیارا، دوما، شیفونیە و بەیت سەوا.
ئەبو یاسر وتی بەرزترین رێژەی قوربانیان لە شاری میسرابا بوو، کە بازاڕێکی قەرەباڵغ بە خەڵکی مامەڵەکارەوە کرایە ئامانج.
وتی شاری عەرەبەینیش لەژێر تۆپباران و هێرشی ئاسمانی و نیشانگراندایە، هاوکات بە شەڕی سەخت کە لە دەوروبەری ئەنجامدەدرێت، لەکاتێکدا رژێمی سوریا و میلیشیا هاوپەیمانەکانی هەوڵدەدەن پێشڕەوی بکەن بۆ گرتنی.
وتیشی: "ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵ لەنێو قوربانیەکاندان، چونکە هێرشە ئاسمانیەکان بەشێوەیەکی سەرەکی گەڕەکەکانیان کردۆتە ئامانج."
ههروهها وتی پێشبینیدەکرێت ئاماری مردووان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە، چونکە گەڕان بەدوای مردووان و برینداراندا هیشتا تەواونەبووە بەهۆی سەختی گەیشتن بە شوێنی بۆمبەکان لەترسی لێدانیان بە تۆپ و هێرشی ئاسمانی.
وتی هەندێك لە بریندارە سەختەکان دەکرێت رزگاریان نەبێت، لە دۆخێکدا کە خراپتر بووە بەهۆی کەمی خزمەتگوزاری تەندروستییهوه لە غۆتەی خۆرهەڵات بەهۆی زیاد لە چوار ساڵ لە گەمارۆی رژێمەوە.