چالاکوانانی سوریا هەڵمەتێکی مەدەنی ئەنجامدەدەن بۆ هاندانی کچان و بێوەژنان تا هاسەرگیری لەگەڵ ئەو چەکدارە بیانیانە نەکەن کە سەر بە گروپە تیرۆریستیەکانن.
دەڵێن ئەم پێکەوەبوونانە کێشە دروستکەرن لە زۆر ئاستدا و دەبێت خۆی لێبەدووربگیرێت، چونکە کێشەی زۆر بۆ ژنان و منداڵەکانیان دروستدەکەن.
ئهو چالاكوانانه سوریانهی هەماهەنگی دهكهن لهگهڵ عاسم زەیدان، رێكخهری "کێ مێردتە؟" بە دیارونایان وت ئەو و گروپێك لە چالاکوان بڕیاریاندا دەستپێشخەرییەك بکەن بەهۆی ژمارەی زۆری ئەو ژنانەوه كه هاوسەرگیری لەگەڵ چەکدارانی بیانی دەکەن و ئەو ئاکامە نەرێنییانەی کە لەو جۆرە هاوسەرگیریانەوە دەکەونەوە.
ئەم هەڵمەتە ئەو کۆمەڵگانە دەکاتە ئامانج کە تیایاندا کردەکە بۆتە باو، بەتایبەتی لەو بەشانەی باکوری سوریا کە تەحریر شام بوونی هەیە.
وتی "گروپی بەئامانجکراوی هەڵمەتەکە پێکدێن لە ژنان، دایکوباوکان و پیاوانی ئاینی و بەرپرسان کە مۆڵەتی نایاسایی بۆ ئەم جۆرە هاوسەرگیرییانە دەکەن،" وتیشی کە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەی سوریی دەتوانن سوود لەم پەیامە وەربگرن.
منداڵان مافی مەدەنییان نیە
زەیدان وایخەمڵاند کە 1,750 هاوسەرگیریی لەمشێوەیە ئەنجامدراوە.
وتی نیگەرانی سەرەکی داهاتو و شوناسی ئەو منداڵانەیە کە لەم هاوسەرگیریانە دەکەونەوە و ئەو ئاستەنگە زۆرانەی چاوەڕێیان دەکات.
وتیشی لە رەهەندی یاساییەوە، ئەم منداڵانە هیچ مافێکی مەدەنییان لە سوریادا نیە، لەنێویاندا مافی خوێندن، چونکە هیچ بەڵگەنامەیەکی ناسنامەی فەرمیان نیە.
زەیدان وتی ئەم منداڵانە میراتی باوکیشیان بۆ دەمێنێتەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ دۆخی نەرێنی دەروونی، تەندروستی و خێزانی کە خۆیان و دایکیان رووبەڕووی دەبنەوە.
وتی کێشەکە گەورەتر دەبێت کاتێك پیاوان ژنە سورییەکانیان جێدەهێڵن، جا لەبەرئەوەبێت کە دەگەڕێنەوە وڵاتانی خۆیان یان لەبەرئەوەی بەدوای گروپەکەیان دەکەون بۆ شوێنی دیکە، کە لەوێ و لە شەڕدا دەکوژرێن.
وتیشی "لە دۆخی لەو جۆرەدا، ژنان جێدەهێڵرێن تەنیا خۆیان و منداڵەکانیان بەبێ هیچ پاڵپشتیەك" و ناچارن منداڵەکانیان بەتەنیا بەخێوبکەن.
دەکرێت رووبەڕووی ئاکامی کۆمەڵایەتی و تەنانەت دۆخی سەختیش ببنەوە لەگەڵ منداڵەکانیان.
زەیدان وتی "کێ مێردتە؟" گفتوگۆیەك لەگەڵ ژنان دەستپێدەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی ئەم نیگەرانیانە و هەڵواسینی پۆستەر و دابهشكردنی نامیلكهش لەخۆدەگرێت لە ئیدلیب و دەوروبەری لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵمەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.
هاوسەرگیریی نایاسایی رێپێنەدراوە
وتاربێژی پێشووی مزگەوتی عومەر لە حەلەب کە ئێستا لە قاهیرە دەژی، شێخ موعاز عەبدولکەریم، وتی ئەم جۆرە لە هاوسەرگیری لە ئیسلامدا رێیپێنهدراوه.
بە دیارونای وت ئیسلام دەخوازێت کە بوك و زاوا شوناسی خۆیان لە بەڵگەنامەی هاوسەرگیریدا رابگەیەنن بۆ خەڵك، کە لە دۆخی بیانیەکاندا بەوجۆرە نیە کە نایانەوێت ناوی راستەقینەی خۆیان دەربخەن بەهۆی "هۆکاری ئەمنیەوە".
وتی لە هاوسەرگیری مەدەنیدا دەتوانرێت رەسەن دیاریبکرێت، کە بۆ منداڵانی ئەم جۆرە هاوسەرگیریانە ناکرێت، چونکە شوناسی باوکیان بە نەزانراوی دەمێنێتەوە.
وتیشی تاکە ئامانجی ئەم جۆرە لە هاوسەرگیری دابینکردنی چێژی سێكسه بۆ چەکدارە بیانیەکان و ئاماژەی بەوەش کرد کە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئەمەی بەکاردەهێنا بۆ راکێشان و فریودانی چەکداران لە دەرەوەی سوریاوە.
عەبدولکەریم تێبینی ئەوەی کرد کە ئەوانەی ئەم جۆرە هاوسەرگیریانە رێپێدەدەن و مۆڵەتیان دەدەنێ پێویستیان بە زانیاری تایبەتی هەیە لەسهر شەریعەتی ئیسلامی، کە بەشێوەیەکی ئاسایی لەنێو چەکدارە بیانیەکاندا نابینرێت.
لەجیاتی ئەوە، تەنیا بەناو "ئەمیر"ێك ئەم جۆرە هاوسەرگیریانە واژۆدەکات.
محەمەد عەشوه، پهنابهرێكی دیمەشق کە ئێستا لە قاهیرە دەژی، وتی حاڵەتی باوی هاوسەرگیریکردنی کچانی سووری لەگەڵ چەکدارانی بیانی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی هێنانی خێزانەکەی بۆ میسر.
بەگوێرەی عەشوه، کە ئێستا سهرچاوهی ژیانی فرۆشتنی خۆراكی سورییه، ئەوەی روودەدات هیچ پەیوەندی بە هاوسەرگیریەوە نیە و یەکسانە بە "بازرگانیكردن به سێکسهوه".
وتی: "کچان ناچاردەکرێن هاوسەرگیری لەگەڵ ئەم پیاوانە بکەن دوای ئەوەی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە خێزانەکانیان دەکرێت." وتیشی بۆخۆی چەندین ژنی ناسیوە کە بێوەژن بوون و دواتر ناچارکراون زیاد لە جارێك هاوسەرگیری بکەن "بە پاساوی پاراستنی شەرەفیان".