هه‌واڵه‌كانی عێراق
تەندروستی

نەخۆشخانەی دیالە دەکرێتەوە دوای نۆژەنکردنەوەکانی پاش داعش

خالید تائی

تیمێکی پزیشكی چارەسەری نەخۆشێکی ئافرەت دەکەن لە نەخۆشخانەی گشتی جەلەولا لە باکوری خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالە، کە لە 10 کانونی دووەم بەفەرمی کرایەوە. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی نەخۆشخانەی گشتی جەلەولاوە وەرگیراوە]

تیمێکی پزیشكی چارەسەری نەخۆشێکی ئافرەت دەکەن لە نەخۆشخانەی گشتی جەلەولا لە باکوری خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالە، کە لە 10 کانونی دووەم بەفەرمی کرایەوە. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی نەخۆشخانەی گشتی جەلەولاوە وەرگیراوە]

نەخۆشخانەی گشتی جەلەولا لە باکوری خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالە بە فەرمی خزمەتگوزارییەکانی دەستپێکردەوە لە 10 کانونی دووەم، وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند.

بەڕێوبەری پەیوەندیەکانی بەڕێوبه‌رێتی تەندروستی دیالە فارس عەزاوی وتی نەخۆشخانەکە، یەکێکە لە گەورەترینی پارێزگاکە، زیانی گەورەی پێگەیشت کاتێك چوار ساڵ لەمەوبەر رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دیالەی داگیرکرد.

عەزاوی بە دیارونای وت کاری نۆژەنکاری ساڵێك دواتر دەستیپێکرد، دوای ئەوەی داعش دەرکرا.

وتی: "بەهۆی ئاستی بەرزی زیانه‌كانه‌وه‌ لە بەشە سەرەکیەکانی نەخۆشخانەکە و لقەکانی، تەنیا ئاستێکی سنورداری خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە نەخۆشەکان دەکرا."

تەواوی نەخۆشخانەکە نۆژەنکراوەتەوە و ئامرازی نوێی بۆ دابینکراوە تا پشکنینی ئاسایی پزیشکی و نەشتەرگەریی تێدا ئەنجامبدرێت.

وتی: "ئەمڕۆ نەخۆشخانەکە بەتەواوی چاککراوەتەوە و خزمەتگوزاری پزیشكی پێشکەشده‌كات بە نزیکەی 100,000 کەس کە لە شاری جەلەولا و ناوچەی دۆڵی حەمرین دەژین."

عەزاوی وتی ئەو نەخۆشخانە 50 قەرەوێڵەییە چارەسەری چەند دۆخێکی کتوپڕی تەندروستی پێشکەشدەکات لەگەڵ نەشتەرگەریی ئاڵۆز.

کردنەوەی دەزگا تەندروستیەکان

عەزاوی وتی: "بە نۆژەنکردنەوەی بینای ئەم نەخۆشخانەیە، تەنیا یەك نەخۆشخانەی گشتی ماوە لە شاری سەعدیەی نزیكی، کە نەخۆشخانەیەکی دیکەیە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە دیالە وێرانکرا."

وتی کارکردن لە نەخۆشخانەی 30 قەرەوێڵەیی سەعدیە خەریکە تەواودەبێت.

عەزاوی وتی لەکاتێکدا نەخۆشخانەی جەلەولا لەکارکەوتبوو، بەڕێوبەرێتی تەندروستی جەلەولا ناوەندێکی تەندروستی کردەوە لە عەزیم و دۆڵی حەمرین.

وتیشی هەموو نەخۆشخانە نۆژەنکراوه‌كان و ناوەندە پزیشكیه‌كان بەتەواوی کارمەندیان بۆ دابینکراوە.

عومەر کەرەوی کە نوێنەرایەتی دۆڵی حەمرین دەکات لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە وتی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی جەلەولا چەندین بەش و بینای لەخۆگرتبوو.

کەرەوی بە دیارونای وت: "له‌نێویاندا ژووری نەشتەرگەری، یەکەی دۆخی کتوپڕ، شوێنی منداڵبوون، شوێنی چاودێری چڕوپڕ، بەشەکانی پشکنین و ئێکسڕەی، لەگەڵ چەند کلینیکێکی ناوەندی."

وتی زۆربەی بیناکان کراونەتە داروپەردوو، وتیشی کە ئامرازه‌ پزیشكیه‌كان و شتەکانی ناویان تاڵانکراون لەلایەن ئەندامانی داعشەوە.

وتیشی بەڕێوەبەرێتی تەندروستی دیالە ژمارەیەك ئامرازی پزیشكی پێشکەشكردووه‌ بە نەخۆشخانەکە، لەنێویاندا پشکنینی ئێم ئاڕ ئای، سكانی سی تی و ئامێری ئێکسڕەی، لەگەڵ دەرمان و دەرزی و کەلوپەلی فریاگوزاری سەرەتایی.

خزمەتکردن بە خەڵکی ناوچەکە

نەخۆشخانەکە بە پاڵپشتی راستەوخۆی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتوەکان، بانکی جیهانی و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی دیکە نۆژەنکرایەوە، لەکاتێکدا پزیشکانی بێسنوور خولی راهێنانی بۆ كارمه‌نده‌ پزیشكیه‌كان کردەوە.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە خدر موسلیم بە دیارونای وت کردنەوەی نەخۆشخانەی جەلەولا یارمەتی ئەو خێزانانە دەدات "کە دەبوو رێگایه‌كی زۆر ببڕن تا بگەنە نەخۆشخانەی بەعقوبە و میقدادیە".

وتی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکە بەشێکە لە هەڵمەتێکی سەقامگیری کە لەلایەن حکومەتی خۆجێی دیالەوە سەرپەرشتی دەکرێت، مەبەستی بنیاتنانەوەی ئەو ناوچانەیە کە لەلایەن داعشەوە زیانیان بەرکەوتووە.

لەئێستادا نەخۆشخانەکە رۆژانە بڕێك نەخۆشی پێدەگات.

دانیشتوی جەلەولا مەیادە عەلی، 50 ساڵ، کە لەگەڵ مێردەکەیدا هاتبوو بۆ چارەسەركردنی ئازاری جومگەكانی، وتی: "ئێستا خۆشحاڵین. ناتوانم وێنای ئەوە بکەم چۆن دەبووین گەر نەخۆشخانەکە نۆژەننەکرایەتەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500