ئیدارەی ناوخۆیی پێنجشەممە (25 کانونی دووەم) رایگەیاند هێزە ئەمنیەکانی عێراق پلانێکی ئەمنییان ئەنجامداوە بۆ هەڵکوتانە سەر چەکدارە پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە شاری هیت لە پارێزگای ئەنبار.
هێزەکانی سەربە فیرقەی 7 ی سوپا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و فەوجی 8 ی بهرپهچدانهوهی خێرای سهربه پۆلیسی هیت و پیاوانی خێڵەکان بەشداری هەڵمەتەکە دەبن.
قائیمقامی هیت، موهەنەد عوبێدی، وتی هەڵمەتەکە چەندین رێکاری ئەمنی لەخۆ گرتووە وەك "زیادکردنی ئۆپەرایسۆنەکانی گەڕان و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی حەشارگەی تیرۆریستەکان و شانە نوستووەکانیان، بۆئەوەی هێرشیان بکرێنەسەر لە ئۆپەراسیۆنی پێشوهخت پلانکراودا".
عوبێدی بە دیارونای وت هێزەکانی عێراق سەرچاوە هەواڵگریەکانیشیان فراوانترکردووە لەڕێی کارکردنهوه لەگەڵ دانیشتوانە ناوخۆییەکەدا.
وتی هەڵمەتەکە "ههموو ئەو زانیاریە ئەمنیانەی لەبەردەستدان بهههند وهردهگرێت، راست بن یان نا، هەروەها زۆر بە وریاییهوه مامهڵهیان لهگهڵدا دهكات بۆئەوەی هیچ هەلێك نەڕەخسێت بۆ تیرۆریستەکان ئەمنیەتی شارەکە تێکبدەن یان ببنە هەڕەشە بۆسەر ژیانی دانیشتوانەکە".
وتی رەوشە ئەمنیەکەی هیت ئێستا زۆر جێگیرە و باسی لەوەش کرد كه "هاونیشتمانیان پشتگیری هەموو هەوڵە ئەمنیەکان دەکەن و ئیرادەیەکی باشیشیان نیشانداوە بۆئەوەی هاوکاریی پۆلیس و سوپا بکەن".
خزمەتگوزاریە گشتیەکان چاككراونهتهوه
عوبێدی وتی ئیدارەی ناوخۆی هیت هەموو شتێك دەکات کە لە دەسەڵاتیدایە بۆ بەگەڕخستنەوە و چاککردنەوەی ژێرخان و ئهو خزمەتگوزاریانهی لەلایەن داعشەوە وێرانکرابوون.
وتی هەڵمەتی بنیاتنانەوەی هیت هەر دوای رزگارکردنی شارەکە لە داعش لە نیسانی 2014 دەستیپێکرد.
وتیشی: "شارەکە زۆر وێرانکرابوو بەڵام بەهۆی هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرنامەی گەشەکردنی نەتەوە یەکگرتوەکاندا و فەندی بنیاتنانەوەی عێراق و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، سەرکەوتین بەسەر زۆربەی بەربەستەکاندا و دەستکەوتی ئەرێنیمان بەدەستهێناوه."
ههروهها وتی خزمەتگوزاریەکانی کارەبا و ئاو ئێستا کاردەکەن لە گەڕەکەکانی هیت و ئاماژەشی کرد به چاککردنەوەی نەخۆشخانەی گشتی شارەکە و بنکە سەرەکیەکانی تەندروستی و بنیاتنانەوەی ئەو قوتابخانانەی زۆرترین زیانیان پێگهیشتووه.
وتی هەوڵدراوە بۆ دەستکردن بە چاککردنەوەی پردی سەرەکی هیت کە خەریكبوو بە تەواوەتی بڕوخێت.
وتیشی: "کۆمپانیای کەرتی گشتی ئاشور [كه کۆمپانیایەکی بنیاتنانەوەی سەربە وەزارەتی ئاوهدانكردنهوهیه] بەرپرسە لە چاککردنەوەی لە کەمتر لە شەش مانگدا."
ههروهها وتی زۆربەی شەقامەکان قیرتاوكراون و چاککراونەتەوە، لهنێویاندا رێگا خێراکەی نێوان هیت و رەمادی.