هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

عێراق پێویستی بە پشتیوانیە بۆ کۆمەککردنی قوربانیانی داعش و کەمئەندامان

عەلا حسێن لە بەغدا

سەرەکوەزیران حەیدەر عەبادی سەردانی پیاوێك دەکات کە برینداربووە لە شەڕەکانی دەپه‌ڕاندنی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)دا لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی سەرەکوەزیران]

سەرەکوەزیران حەیدەر عەبادی سەردانی پیاوێك دەکات کە برینداربووە لە شەڕەکانی دەپه‌ڕاندنی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)دا لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی سەرەکوەزیران]

حکومەتی عێراق پێویستی بە پیشتوانیی بەرفراوانە لە کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هەزاران بریندار و کەمئەندامی قوربانیانی دەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، بەرپرسان بە دیارونایان وت.

وتیان پاڵپشتی حکومەت بەتەنیا بەپێی پێویست نیە بۆ خزمەتکردنی ئەوانەی بریندار یان کەمئەندام بوون بەهۆی داعشەوە یان لەکاتی شەڕەکانی دەرکردنی ئەو گروپە لە عێراق.

وتەبێژی وەزارەت، عەمار مونعیم، بە دیارونای وت وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی داوای لە هەموو دەزگاکانی حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی کردووە بەشداریبکەن لە دابینکردنی کۆمەك و یارمەتی بۆ کەمئەندامان.

وتی: "لەئێستادا وەزارەت قورسترین ئەرکی لەسەرشانە بۆ خزمەتکردنیان دوای بنەبڕکردنی داعش" و پێویستی بە یارمەتییە بۆ کاریگەرییە خراپ و ماوەکانی داگیرکاریی ئەو گروپە.

مونعیم وتی وەزارەت بەپێی یاسای ژمارەی 38 ساڵی 2018 کاردەکات بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییه‌ تایبەتەكان، نه‌هێشتنی جیاوازیگه‌ری دژیان و یارمەتیدانیان لە دۆزینەوەی کاردا.

وتی لەسەر پلانێك کاردەکات بۆ دابینکردنی دەرماڵەی مانگانە بۆ هەر کەسێك کە خزمەتی کەسێكی کەمئەندام بکات بە تەواوکات لە هەموو پارێزگاکانی عێراقدا.

وتیشی: "چەردەیەكی نوێی موچە دابەشکراوە به‌سه‌ر ئەوانەدا كه‌ لە پارێزگای نەینەوا خزمەتده‌كه‌ن [بە کەمئەندامان] دوای رزگارکردنی لەدەستی داعش."

چارەسەر لە دەرەوەی وڵات

ماوەیەکە حکومەتی عێراق، بە هاریکاری لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەربازانی بریندار و کەمئەندام دەنێرێتە دەرەوە بۆ چارەسەر وەرگرتن.

فازل غەڕاوی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی عێراق وتی: "ژمارەی بریندار و کەمئەندامان زۆر زیاتره‌ لە بڕی ئەو خزمەت و پاڵپشتییه‌ پزیشكییه‌ی حکومەت و رێکخراوە مرۆییەکان دەتوانن پێشکەشی بکەن."

بڕیارە کوەیت کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بەخشین ئەنجامبدات لە 12 بۆ 14 شوبات بۆ پەیداکردنی پارە بۆ بنیاتنانەوەی عێراقی دوای داعش.

غەڕاوی بە دیارونای وت ئەمە دەرفەتێکی گرنگ دەبێت بۆ دەستکەوتنی پاڵپشتی نێودەوڵەتی زیاتر بۆ خزمەتی بریندار و کەمئەندامانی شەڕ.

وتی: "رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەتوانن یارمەتی عێراق بدەن لە چارەسەرکردنی زیانە دەروونی و جەستەییەکانی قوربانیانی شه‌ڕ و کۆمەکی راستەقینەی مرۆیی پێشکەشبکەن به‌ هاوڵاتیان و ناوچە زیانبەرکەوتووەکان."

وتیشی ئەمە دەکرێت هه‌م وه‌ك پشتیوانی خێرخوازی و هه‌م وه‌ك یارمەتی داراییش پێشكه‌شبكرێت.

هه‌روه‌ها وتی ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نیە دەربارەی ژمارەی بریندار و کەمئەندامانی شه‌ڕی دژی داعش و ئاماژەیشکرد بەوەی کە ئەمە ئاستەنگی دروستکردووە.

وتی ئەو ئامارە پێویستە بۆ دروستکردنی داتابەیسێك کە دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ دابینکردنی پاڵپشتی بۆ ئەو کەسانە و ئاماژەیکرد بەوەی دەزگا ئەمنیەکان تائێستا کاری خۆیان سنووردارکردووە بۆ بە بەڵگەنامەکردنی ژمارەی مردوانی شه‌ڕ.

داواكاری بۆ پاڵپشتی زیاتر

بەگوێرەی حکومەتی خۆجێی ئەنبار، ئەو پاڵپشتی و یارمەتییەی دابینکراوە بۆ قوربانیانی داعش و ئەوانەی کەمئەندام بوون لە ده‌ئەنجامی کردەکانی گروپەکەوە هێشتا لەژێر ئاستی خوازراودایه‌.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ئەسال فەهداوی بە دیارونای وت وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەرماڵەی مانگانەی بۆ کەمئەندامان بڕیوەتەوە و جارجاریش راهێنان و ۆرکشۆپیان پێدەکات.

وتی بەڵام ئەمە پێداویستییه‌ راستەقینەكانی ئەم توێژەی جەماوەر پڕناکاتەوە.

فەهداوی بە دیارونای وت: "زۆرێك لە کەمئەندام و بریندارانی ئەنبار بێماڵ مانه‌وه‌ دوای شه‌ڕ به‌هۆی ئەوەی گەڕەکەکانیان لە جەنگدا رووخێنران یان زیانیان بەرکەوت."

وتی دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە و داوای "دەستێوەردانی راستەوخۆی حکومەت و پاڵپشتی زیاتری کرد لەلایەن دەزگا پەیوەستەکانەوە".

بەگوێرەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەو دەرماڵە مانگانەیەی بۆ ئەوانە دابینکراوە کە خزمەتی کەمئەندامانی تۆمارکراو ده‌كه‌ن لە داتابەیسی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدا لە 170,000 دینار (144 دۆلار) تێپەڕناکات.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500