هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئایین

وه‌قفی سوننە لە ئەنبار وتارەکان رێکدەخات

خالید تائی

نوێژخوێنان لە مزگەوتی ئەحباب مستەفا لە رەمادی گوێ بۆ وتارێك دەگرن کە داوای هاریکاریکردنی هێزە ئەمنیەکان دەکات، لەم وێنەیەدا کە 18 تشرینی دووەم 2016 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: دیوانی وه‌قفی سوننە لە ئەنبار]

نوێژخوێنان لە مزگەوتی ئەحباب مستەفا لە رەمادی گوێ بۆ وتارێك دەگرن کە داوای هاریکاریکردنی هێزە ئەمنیەکان دەکات، لەم وێنەیەدا کە 18 تشرینی دووەم 2016 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: دیوانی وه‌قفی سوننە لە ئەنبار]

وه‌قفی سوننە لە ئەنبار سێشەممە (23 کانونی دووەم) رایگەیاند "مەرجی توند"ی داناوە بۆ یەکخستنی وتاری ئایینی لە هەموو مزگەوتەکانی پارێزگاکەدا.

جێگری بەڕێوەبەر، حامید جەبار، بە دیارونای وت: "وه‌قفه‌كه‌ پابەندە بە شەڕی دژی تیرۆریزم و توندڕەویه‌وه‌."

وتی: "مەرجی توندمان داناوە لەمبارەیەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی وتاری ئایینی لە مزگەوتەکان لە رۆڵی ئاسایی خۆی لانه‌دات؛ کە پەروەردەکردنی خەڵكە و داواکردنە لێیان کە پێکەوەژیانی ئاشتیانە په‌سه‌ندبکەن و توندڕەوی رەتبکەنەوە."

جەبار وتی ئەم مەرجانە رێگریدەکەن "لەو کەسانەی کە دیوانی وه‌قفی سوننی رێگەی پێنەداون مینبەری مزگەوتەکان بەکاربهێنن یان پێشنوێژیی نوێژخوێنان بکەن".

روونیشیکردەوە: "هەر ئیمام و وتاربێژێك دەبێت مۆڵەت یان فەرمانی کارگێڕی لە دیوانەوە بەدەستبهێنێت کە رێگەی پێدەدات بچێتەسەر مینبەر و وتاربدات یان نوێژبکات یاخود پێشنوێژی بکات. ئیمام و وتاربێژان دەبێت بڕوانامەی فەرمی بەدەستبهێنن تا ئەرکەکانیان بەئەنجامبگەیەنن."

هەموو مانگێك، لانیکەم 20 ئیمام و وتاربێژ بە تاقیکردنەوەیەکی کارامەییدا دەڕۆن کە لەلایەن ئەنجومەنی زانایانی وه‌قفی سوننەوە دانراوە، کە پێکدێن لە 10 کەسی بەناوبانگ و هەریەکەیان مامۆستایه‌كی ئایینیی باڵا یان پرۆفیسۆری شەریعەن.

جەبار وتی تاقیکردنەوەکان سەختن و پرسیارەکان رەنگە هەندێك رەهەندی راستگۆیی ئایدۆلۆژیی داواکاران لەخۆبگرن، تا دڵنیابن لە ئاستی خوێندەواریی ئایینی و دڵنیابن لەوەی سازشی له‌گه‌ڵ بیرۆکە توندڕەوەکان نەکردووە.

هه‌روه‌ها یادەوەری و زمان و توانای وتاربێژیی داواکارانیش تاقیده‌كه‌نه‌وه‌.

دەبێت وتارەکان تەرکیز لەسەر یەکێتیی بکەن

جه‌بار وتی تاقیکردنەوەکان بەبێ پچڕان بەردەوامن لەوکاتەوەی رەمادی لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئازادکرا لە 28 کانونی یەکەمی 2015 و وتیشی توانیویانە "بەشداریبکەن لە هەڵبژاردنی خەڵکی شیاودا".

هه‌روه‌ها وتی وتاری هەینی لە مزگەوتەکانی ئەنبار بەووردی چاودێریدەکرێت و نابێت لابدات لە رێنماییە تایبەتەکانی دیوان.

وتی: "بابەتەکانی وتاردان دەبێت بەگشتی تەرکیزبخەنەسەر یەکێتی گوتار، بەهێزکردنی پێکەوەژیان بەبێ جیاکاری لەسەر بنەمای ئایینی و رەگەز یان تائیفی و هه‌روه‌ها هاریکاری لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان."

جەبار وتیشی: "هەماهەنگی هەیە لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان و کۆبوونەوەی دەوری هەیە لەپێناو هاریکاریی دوولایەنەدا لە بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لەنێو شارەکانی پارێزگاکەدا."

وتی ئاماری نوێ ژمارەی ئەو پیاوە ئایینیانە دەردەخات کە لەلایەن توندڕەوانەوە لە ئەنبار کوژراون.

هه‌روه‌ها وتی لە 2006ەوە، 500 وتاربێژ و ئیمام و مامۆستای ئایینی "تیرۆرکراون لەلایەن تیرۆریستانەوە لەسه‌ر هه‌ڵوێستی نیشتیمانی و رەتکردنەوەیان بۆ ملکەچبوون بە فەرمانەکانی تیرۆریستان".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500