هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردن بەردەوامە دژی پاشماوەکانی داعش لە بیابانی ئەنبار

خالید تائی

ئەندامانی هێزە ئەمنیەکانی عێراق خۆیان جێگیرده‌كه‌ن لەکاتی پێشڕەویدا بەرەو پارێزگای سەلاحەدین لە بیابانی خۆرئاوای سەر سنووری سوریا، لە 26 تشرینی دووەم 2017، لە هەوڵێکدا بۆ نەهێشتنی پاشماوەکانی چەکدارانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لە ناوچەی جەزیرە. [مەحمود ساڵح / ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەندامانی هێزە ئەمنیەکانی عێراق خۆیان جێگیرده‌كه‌ن لەکاتی پێشڕەویدا بەرەو پارێزگای سەلاحەدین لە بیابانی خۆرئاوای سەر سنووری سوریا، لە 26 تشرینی دووەم 2017، لە هەوڵێکدا بۆ نەهێشتنی پاشماوەکانی چەکدارانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لە ناوچەی جەزیرە. [مەحمود ساڵح / ئاژانسی فرانس پرێس]

هێزەکانی عێراق دەستیانکرد بە ئەنجامدانی هەڵمەتێكی ئاسایی کێوماڵکردنی ناوچە بیابانیەکان لە گەڕانیاندا بەدوای پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا، سەرکردەیه‌كی خێڵەکی، شێخ قەتەری سەمەرمەد، چوارشەممە (17 کانونی دووەم) بە دیارونای وت.

وتی هێزە هاوبەشەکانی سوپا و پۆلیس و خێڵەکیەکان بەشداری هەڵمەتی ناوبەناو دەکەن لە قوڵایی بیابانه‌كه‌ی خۆرئاوادا.

سەمەرمەد، کە فەرماندەی حەشدی خێڵەکی قەزای بەغدادییە، وتی: "هەڵمەتەکانمان چیتر لە کاتی هەڕەمەکیدا ئەنجامنادرێن."

وتی لەئێستادا هەفتانە و نیمچەهەفتانە ئەنجامدەدرێن، هەریەکەیان ماوەی 48 تا 72 سەعات بەردەوامدەبن.

وتیشی هەڵمەتەکان پشتگیریی ئاسمانییان پێدەگات لەلایەن هێزی ئاسمانی عێراق یان هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە.

ئەو ناوچانەی لەلایەن ئەم ئۆپەراسیۆنانەوە رووماڵدەکرێن بە دوو ئاراستەدا دەڕۆن: لە باشوورەوە بەرەو شارەکانی بەغدادی و حەدیسە و قائیم تا باکور بۆ روتبە، لەنێویاندا حۆران و دەشتی قه‌زف و ناوچەی بیابانیی دوورەدەستی دیکە.

سەمەرمەد وتیشی بەرەی دووەم درێژدەبێتەوە لە "باکوری فوراتەوە بۆ شاری بێجی لە پارێزگای سەلاحەدین و بەرەو ناوچەکانی هاوسێی لەسەر سنووری عێراق و سوریا".

رێگرتن لە هەوڵەکانی داعش بۆ خۆڕێکخستنەوە

سەمەرمەد وتی هەڵمەتی کێوماڵکردن برەوی پێدراوە بە ئامانجی "رێگرتن لە ئەندامانی داعش لە هەر دەرفەتێك بۆ دامەزراندنی بنکەی نهێنی و پێگه‌ لە بیابانه‌كه‌دا یان تواناییان لە جوڵان بەشێوەیەکی ئازادانە".

وتیشی هێزەکانی عێراق بەمدواییانە زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامدا بۆ شوێنکەوتنی ئەندامانی داعش لە باشوری بەغدادی، کە بووە هۆی کوشتنی ژمارەیەکیان و روخاندنی چەندین تونێل و حەشارگە.

هه‌روه‌ها وتی: "بە دەیان تونێلمان لە دەشتی حۆران روخاند، کە ناوچەیەکی بیابانی فراوان و سەختی نزیکەی 400 کیلۆمەترییە لەسەر سنووری سعودیە."

وتیشی هێزەکانی عێراق چەندین چەردەشیان لە چەك و ئامراز تێكشکاند کە دۆزرابوونەوە لە حوسەینیات، ئوم واز، دائی و موزیم، كه‌ هەموویان ناوچەی بیابانین له‌ باشوری بەغدادی.

هه‌روه‌ها وتی لەم ناوچانەدا "چەندین ئۆتۆمبیلی خراپبوویان دۆزییەوە کە لەلایەن چەکدارەکانەوە بەمەبەستی گواستنەوە بەکارهێنرابوون".

وتی هێزەکانی عێراق دوورگەی بەغدادیشیان لە پاشماوەکانی داعش پاککردەوە، کە کەوتۆتە رۆخی باکوری خۆرهەڵاتی روباری فورات لەنێوان بەغدادی و هیتدا و ناوچەکەیان پاراست دژی هەر چالاکیەکی تیرۆریستی.

وتیشی لەوێ لێکۆڵینەوە بەردەوامە چونکە گەورەترین حەشارگەی داعش لە دوورگەکە تەنیا مانگێك لەوەوبەر تێكشکێنرا.

سەمەرمەد وتی: "بە یارمەتی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان ئەشکەوتێکی نهێنیمان تێكشکاند کە 12 تیرۆریست تیایدا خۆیان شاردبووه‌وە و چەردەیەکی گەورەی چەك و شمەکی تێدابوو."

وتیشی: "توانیمان تەنیا سێ جەستە دەربهێنینەوە، کە دەرکەوت سەرکردەی داعش بوون لە ناوچەکە و لە گوندەکانی سەڕاجیە و مەحبوبیە لە هیت." هه‌روه‌ها وتی کە "ئەوان داواکرابوون لەبەر ئەنجامدانی تاوانی قێزەون".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500