هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

ئەمنیەتی توند لە بەغدا دەگیرێتەبەر دوای هێرشێكی کوشندە

خالید تائی

هێزە ئەمنیەکانی عێراق ناوچەکەیان دابڕی کە دوو تەقینەوەی خۆکوژی تیادا ئەنجامدرا و 31 کەسیان کوشت لە مەیدانی تەیه‌رانی ناوەندی بەغدا لە 15 کانونی دووەم. [سەباح ئارار / ئاژانسی فرانس پرێس]

هێزە ئەمنیەکانی عێراق ناوچەکەیان دابڕی کە دوو تەقینەوەی خۆکوژی تیادا ئەنجامدرا و 31 کەسیان کوشت لە مەیدانی تەیه‌رانی ناوەندی بەغدا لە 15 کانونی دووەم. [سەباح ئارار / ئاژانسی فرانس پرێس]

هێزەکانی عێراق هەنگاوی ئەمنیی توندیان ناوە لە بەغدا دوای هێرشێکی خۆکوژی کوشندە لە دووشەممە (15 کانونی دووەم) کە لەلایەن دوو خۆکوژەوە ئەنجامدرا و 31 کەسی کوشت و نزیکەی 100 کەسی دیکەی بریندارکرد، بەرپرسان بە دیارونایان وت.

وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند كه‌ زۆر کارمەندی بیناسازی لەنێو کوژراو و برینداراندا بوون لە هێرشەکەی بەیانی مەیدانی تەیه‌ران لە دڵی پایتەختدا.

وەزارەتەکە رایگەیاند هێزە ئەمنیەکان لە دۆخی ئامدەباشیدا بوون دوای هێرشەکە، چونە شەقامەکان و پرۆسه‌ی پشکنینیان بەهێزترکرد لە شوێنە گشتیەکاندا.

ئەندامی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، سەعد مەتلەبی، بە دیارونای وت هێرشەکەی دووشەممە ئاماژە بەوە دەکات کە شانەی نوستووی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە شارەکەدا ماون.

ئەندامێکی هێزە ئەمنیەکانی عێراق پاسەوانی لە مەیدانی تەیارانی بەغدا دەکات، کە دوو تەقینەوەی خۆکوژی تێدا ئەنجامدرا و 31 کەسی کوشت لە 15 کانونی دووەم. [سەباح ئارار / ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەندامێکی هێزە ئەمنیەکانی عێراق پاسەوانی لە مەیدانی تەیارانی بەغدا دەکات، کە دوو تەقینەوەی خۆکوژی تێدا ئەنجامدرا و 31 کەسی کوشت لە 15 کانونی دووەم. [سەباح ئارار / ئاژانسی فرانس پرێس]

وتی گروپەکە "بەڕوونی درزێکی لە بەرگری ئەمنیدا قۆستۆتەوە" و وادەردەکەوێت کە هەوڵبدات تۆڵەبکاتەوە دوای ئەو شکستانەی تووشی بوون.

وتیشی: "گەڕان بەدوای شوێنی ئەمنیەت لاوازدا و سوودبینین لە نه‌شئه‌ی سەرکەوتن رەنگە شتێك بێت تیرۆریستان گرەویان لەسەرکردبێت."

وتی لەژێر رۆشنایی ئەم مەترسییەدا، ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا "پێشنیازی دەرکردووە داوا لە هەموو دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان دەکات کە زۆرترین چاودێری و وریایی بنوێنن و ئامادەکاریی باش بکەن بۆ هەوڵەکانی دوژمن".

وتیشی ئاراستەکراون کە "پێداچوونەوە بکەن بۆ ئۆپەراسیۆنە ئەمنیە رێگرەکان و هەڵسەنگاندنەوە بكه‌ن بۆ هەوڵه‌ هەواڵگرییه‌كان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پلانه‌ تیرۆریستیه‌كان".

مەتلەبی وتی: "کەڵەکەکردنی هەوڵەکان دەبێت بەگوێرەی پێوانەی ئاستەنگە ئەمنیە سەرەکیەکان بێت لە دۆخی ئێستادا."

داوای لە هێزە عێراقیەکان کرد بەردەوامبن لە راوەدونانی شانە نوستوەکانی داعش و پشتیوانانیان تا بنەبڕیان بکەن و ئەو مەترسیەی کە هەیانە نەیهێڵن.

فەرمانە نوێکان شانە تیرۆریستیەکان دەکەنە ئامانج

شەممە، هێرشێکی خۆکوژی نزیك بازگەی ئەمنی مەیدانی عەدەن لە باکوری بەغدا لانیکەم پێنج کەسی کوشت.

دوابەدوای ئەم رووداوانە، کە دوای چەندین مانگ لە ئارامی رێژەیی هاتن لە پایتەخت، سەرەکوەزیران حەیدەر عەبادی دووشەممە بەشداریکرد لە کۆبونەوەیەکی کتوپڕدا لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و سەرکردەکانی دەزگا هەواڵگرییەکان.

نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرەکوەزیران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند لەکاتی کۆبوونەوەکەدا، "چەند رێنمایی و بڕیار و فەرمانێك دەرکران سه‌باره‌ت بە شوێنکەوتن و سزادانی شانە نوستووە تیرۆریستیەکان و پاراستنی ئەمنیەتی هاوڵاتیان".

لە بەیاننامەیەکی دیکەدا، خانەی میدیای جەنگ هۆشداریی دا لە "هەڵمەتێکی رێکخراو بۆ بڵاوکردنەوەی ترس لەنێو هاوڵاتیاندا".

ئاژانسی فرانس پرێس گواستییه‌وه‌ كه‌ شیکاروانی عێراقی هیشام هاشمی وتی 180 کەس کوژراون لەو هێرشانه‌دا كه‌ كراونه‌ته‌سه‌ر مەیدانی تەیه‌ران لە 2011وە، "زۆربەی کات پێش هەڵبژاردنەکان بووە یان ماوەیەكی کەم دوای هەڵبژاردنەکان".

وتیشی ئەم هێرشانە ئامانجیانە "پشێوی دروستبکەن و دوبەرەکییە تائیفیەکان توندبکەنەوە".

خانەی میدیای جەنگ رایگەیاند: "هەندێك لایەن هەن کە دەیانەوێت دۆخی ئەمنی بشێوێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و گەندەڵی."

داوای لە خەڵك کرد کە "وریا و هۆشدار بن و بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ روو لە سەرچاوە فەرمییەکان بکەن و ئه‌و درۆیانه‌ بڵاونەکەنەوە كه‌ مەبەستی گوماناوییان له‌پشته‌وه‌یه‌".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500