دوای ئەوەی بە باکوری عێراقدا بڵاوبۆوە لە ئابی 2014، "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) شارۆچکەی تل سقوفی لە پارێزگای نەینەوا گرت و بێڕهحمیی بهرامبهر کڵێساکانی كرد و دانیشتوانە زۆرینە مەسیحیەکەشی ناچاركرد به هەڵهاتن.
لە 3 ئایاری 2016 وە، کاتێك هێزەکانی پێشمەرگە داعشیان لەم شارۆچکەیهی باکوری موسڵ دەرپەڕاند، دانیشتوانەکە بۆ شارۆچکەکە گەڕانەوە و دەستیانکرد بە هەوڵەکانی بنیاتنانەوە و دانانەوەی شوێنەکانی پەرستن بە هاوکاری هاوسێکانیان کە سەر بە ئاینهكانی دیکەن.
کڵێسای مار کۆرکیس، کە گەورەترینە لە شارۆچکەکەدا، لە کانونی یەکەمدا کرایەوە دوای شەش مانگ کاری نۆژەنکردنەوە و لەکاتی خۆیدا ئامادەکرا بۆ ئاهەنگی کریسمسی مەسیحیەکان.
قەشە سالار سلێمان بوداغ بە دیارونای وت: "ئەمە یەکەم کڵێسایە لە شارۆچکەکەماندا چاککرابێتەوە. ئەمە نیشانەی هیوایە بۆ تەواوی دانیشتوانەکە بێ گوێدان به باکگراوندی [ئاینییان]."
وتی ئەوە نیشانیدەدات "ئاشتی مەحاڵ نییە. ئێمە دەتوانین بەرەو پێشەوە بچین بەرەو ژیانێکی نوێ کە تیایدا تیرۆریزم و توندوتیژی جێگایان نابێتەوە."
کڵێساکە كه لهلایهن داعشهوه بهسهختی زیانی پێگهیهندرابوو، بەپشتگیری خۆبەخشەکان و کۆمەكبەخشە نێودەوڵەتیەکان درووستکراوەتەوە.
بوداغ وتی: "هەمووشتێکمان نۆژەنکردەوە بە سەقفەکە و کاشی و دەرگا و دیکۆرەکانەوە." وتیشی شوێنی نوێژی قەشە و وتارخوێندن دانراون و سیستەمەکانی کارەبا و ئاویش تەواوبوون.
وتیشی: "خوداپەرستان ئێستا بە ئهمینی سەردانی کڵێسا دەکەن و نوێژەکانیان بە دڵخۆشییەوە ئەنجامدەدەن." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه بەرپرسان لە هەوڵی ئەوەدان کڵیساکەی تری شارۆچکەکە، مار یەعقوب، بنیاتبنێنهوه."
'نمونەیەکی سهرسامكهر'
خزمەتگوزاریە گشتیەکان لە تل سقوف کاردەکەن دوای چاكردنهوهی وزە و خزمەگوزاریەکانی شارەوانی و نۆژهنكردنهوهی بیناكانی تەندروستی و پەروەردە.
راوێژکاری پارێزگاری نەینەوا، دورێد حیکمەت توبیە، وتی کارەکانی دامەزراندنەوە لەگەڵ باشکردنی رەوشی ئەمنی هانی ئاوارەکانی داوە بگەڕێنەوە ماڵهكانیان.
توبیە بە دیارونای وت: "ئاوارەکانی تل سقوف کە نزیکەی 900 خێزان بوون، گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان."
شارۆچکەکە ئێستا "نمونەیەکی سهرسامكهر"ی ئەوەیە کە چۆن ئەو شارانەی ناڵاندویانە بەدەست توندوتیژی داعشەوە دەتوانن ژیانی ئاساییان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
وتیشی: "گەڕانەوەی دانیشتوانەکە بۆ ماڵەکانیان و توانایان بۆ بەردەوامیدان بە ژیانیان و کاری رۆژانەیان، نیشانەی سەرەتای کۆتایهاتنی سەردەمی تاریکییە."
وتی زەنگەکان کە دوای سێ ساڵ بێدەنگی جارێکی دیکە لێدرانەوە لە کڵێسای مار کۆرکیس, ئاماژهن بۆ سەردەمی کار و بنیاتنانەوەیە.
ئاوهدانكردنهوهی شارەکانی نەینەوا
ئەندامی لیژنهی ئەمنی له ئهنجومهنی پارێزگای نەینەوا، بنیان جەربا، بە دیارونای وت ئەنجومەنهكه بەرنامەی کاری رێکخستووە بۆ چاكردنهوهی شارەکانی دیکەی پارێزگاکە.
وتی ئامانجی کۆکردنەوەی سەرچاوەکانە بۆ ئەوەی رەوشی شارۆچکەکان باشتربکات یان ئەو ناوچانەی دانیشتوانەکەیان لە چەندین پێکهاتە درووستبووە، ئەمەش بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە شارەکانیان و سهقامگیری مسۆگهربکرێت.
وتیشی بەرنامە نوێکە نوێنەری "چاکسازییەکی تەواوەتی دەکات لە گەشەکردنی ستراتیژیانە لە هەموو بوارەکاندا".
جهربا وتی نەینەوا "ناوازهیه له پێكهاته ئێتنیهكهیدا" و ئاماژەی کرد بهوهش كه گرنگە پارێزگاکە ئەو لایەنە بپارێزێت و پێكهاتهی کۆمەڵایەتی زیندووبكاتهوه کە داعش ویستی پارچە پارچەی بکات.
وتی تل سقوف زۆر رێگای بڕی تا گەیشت به سهقامگیری لەدوای رزگاربوونیەوە.
وتیشی: "گەڕانەوەی دانیشتوانەکە و هاتنی مەسیحی و موسوڵمانان و خەڵكی ئایینەکانی دیکە بۆ جهژنهكان لایەنێکی ئەرێنی نیشاندەدات."
ههروهها وتی: "هیواخوازین شارەکانمان بگەڕێنەوە بۆ سهربڵندیی پێشتریان. ئێمە دەبینین بەرەوپێشچوونەکان لەسەر ئەرزی واقع رۆژانە روودەدەن و ئێمەش ئەوەمان دەوێت."