ژمارەی کوژراوان لە تەقینەوەکەی شەوی یەکشەممە (7 کانونی دووەم)داکە بنکەیەکی ئەنجاد قەوقاز (سەربازانی قەوقاز)ی توندڕەوی کردبووە ئامانج لە ناوەندی شاری ئیدلیبدا، بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، چالاکوانانی ناوچەکە سێشەممە بە دیارونایان وت.
روانگەی سوری بۆ چاودێریی مافی مرۆڤ رایگەیاند تەقینەوەکە لانیکەم 43 کەسی کوشت، لەنێویاندا 28 مەدەنی، کە لەچاو ئامارەكانی پێشوودا بەرزتربووهوە.
سیازدە ژن و پێنج منداڵ لەنێو کوژراواندا بوون.
زیاد لە 100 کەس لە تەقینەوەکەدا برینداربوون، ژمارەی کوژراوانیش دەکرێت بەرزببێتەوە چونکە هەندێكیان لە دۆخێکی هەستیاردان.
چالاکوانی بواری میدیا له ئیدلیب، هەیسەم ئیدلیبی، کە ناوی خوازراوی بەکارهێنا لە ترسی سەلامەتی خۆی، وتی هێرشەکە ئەنجاد قەوقازی کردە ئامانج، كه گروپێکی دڵسۆزی هاوپەیمانێتی تەحریر شامه، کە لەلایەن بەرەی نوسرەی پێشووەوە کۆنترۆڵکراوە.
بهڵام ئیدلیبی بە دیارونای وت تەقینەوەکە زۆر گەورەبوو، کاریگەریی هەبوو بۆ سەر ناوچەیەکی فراوانی دەوروبەری بینا بە ئامانجکراوەکە.
وتی بیناکانی ناوچەکە زیانێکی گەورەیان بەرکەوت، بەجۆرێك هەندێكیان هێندە ناسهقامگیر بوون بههۆی هێزی تەقینەوەکەوه کە چیتر ناتوانرێت بەکاربهێنرێن.
گروپێكی بیانی كراوهته ئامانج
هێرشەکە بەئاشکرا ئەنجاد قەوقازی کردە ئامانج، كه گروپێکی توندڕەوه و پێکهاتووه لە چەکدارانی بیانی لە چیچان و قەوقاز و وڵاتانی بەڵقان.
ئیدلیبی وتی ئەم گروپە لە ناوهڕاستی 2012 لە سوریا دەرکەوت وەك لایەنگری قاعیدە و "ئێستا وەك گروپێکی سەربەخۆ کاردەکات کە هەماهەنگی سەربازیی لەگەڵ تەحریر شام هەیە".
پێکهاتووه لە نزیکەی 200 چەکدار، لەلایەن ئەمیرێکەوە بەڕێوەدەبرێت بەناوی عەبدولحەکیم شیشانی.
ئیدلیبی وتی: "پەیوەندی نێوان ئەنجاد قەوقاز و تەحریر شام بەتەواوی تێکچوو لەم هەفتانەی دواییدا."
روونیشیکردەوە كه گروپەکە چەند مانگێك لەمەوبەر بڕیاریدا خۆی بەدووربگرێت لە هەر شەڕێك کە لەلایەن تەحریر شامەوە دژی گروپەکانی دیکەی نێو سوریا بکرێت.
وتی نزیکەی هەفتەیەك لەمەوبەر کێشەیەکی نوێ دروستبوو لەسەر سووربوونی ئەنجاد قەوقاز بۆ رۆیشتن بەرەو باشوری ئیدلیب بۆ بەشداریکردن لە شەڕدا لەدژی رژێمی سوریا و میلیشیاکانی سەر بەو.
بەڵام تەحریر شام رێ بە گروپەکە نادات ناوچەکە بەجێبهێڵێت، کە وایکرد ئەنجاد قەوقاز تۆمەتباری بکات بە "رادەستکردنی ناوچەکە بە رژێم" و تەرکیزخستنەسەر دەرکردنی گروپە رکابەرەکانی لە ناوچەكانی ژێردەستی خۆیدا.