هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

روسیا بەربەست دەخاتە بەردەم رێککەوتنی 'هێورکردنەوە'ی ئەمریکا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

سەربازێکی روسی لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی بنکەی ئاسمانی خمه‌یمیم له‌ سوریا، کە رێچکەی فڕین بۆ فڕۆکە روسییەکان دیاریدەکات. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

سەربازێکی روسی لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی بنکەی ئاسمانی خمه‌یمیم له‌ سوریا، کە رێچکەی فڕین بۆ فڕۆکە روسییەکان دیاریدەکات. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

ماوەیەکە روسیا مەرجەکانی رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا پێشێلدەکات کە مەبەست لێیان رێگرتنە لە رووداو لە ئاسمانی سوریادا، کە مەترسی پێکدادان دروستدەکات بەجۆرێك قەیرانی سوریا سەختتر دەکات، پسپۆڕان بە دیارونایان وت.

وتیان بەم کارانە، روسیا "قومار" بە وەڵامدانەوەی ئەمریکاوە دەکات.

سی ئێن ئێن رایگەیاند كه‌ له‌ رووداوێكدا 13 کانونی یەکەم، فڕۆکە F-22 شه‌به‌حه‌كانی ئه‌مریكا رێگرییان لە دوو فڕۆکەی جەنگی روسی کرد دوای ئەوەی لە رووباری فورات پەڕینەوە و بەسەر خۆرهەڵاتی "هێڵی هێورکردنەوە"دا فڕین کە دانراوه‌ بۆ جیاكردنه‌وه‌ی هێزی ئاسمانی روسیا له‌وانه‌ی هاوپەیمانان.

نیویۆرك تایمز لە 8 کانونی یەکەم رایگەیاند فڕۆکەی جەنگی دیکەی روسی تائاستی پێکان لە هێزە زەمینیەکانی هاوپەیمانان لە سوریا نزیکبوونەتەوە یاخود راستەوخۆ بەسەریاندا فڕیون، کە بۆتەهۆی دروستبوونی شلۆقی و مەترسیی تەقەکردن.

رۆژنامەکە رایگەیاند لەوەتەی فەرماندە ئەمریکی و روسییەکان رێككه‌وتن لە تشرینی یەکەمدا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك به‌سه‌ر رۆخێكی رووباری فوراتدا بفڕن بەدرێژایی 45 میل لە خۆرهەڵاتی سوریا، فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا لە رۆژێکدا زیاد لە شەش جار ئەم رێککەوتنەیان پێشێلکردووە.

فەرماندە ئەمریکیەکان دەڵێن روسیا هەوڵدەدات ئیرادەی ئەمریکا تاقیبکاتەوە و وابکات فڕۆکەوانەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا کاردانەوەی بەپەلەیان هەبێت و یارمەتی رژێمی سوریا بدات لە زیادكردنی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی خاکەکەی پێش گفتوگۆ دبلۆماسییەکان کە ئامانجیان چارەسەرکردنی شه‌ڕه‌ له‌ وڵاتەکە.

دوو ساڵ لەمەوبەر، سوپای روسیا و ئەمریکا هێڵێکی پەیوەندییان دروستکرد بۆ یارمەتیدان و رێگرتن لە کارەسات لە ئاسماندا.

بەگوێرەی نیویۆرك تایمز، هەموو رۆژێك، ئەفسەرێکی هێزی ئاسمانی ئەمریکا تەلەفۆن بۆ هاوشانێكی روسیی دەکات لە بنکەی ئاسمانی لازقیە بۆ رێگریی لە ئەگەری هەر کێشەیەك لە سوریا.

بەرگرتن لە کێشەی سەربازی

شیکاروانی سەربازی، لیوای خانه‌نشینی سوپای میسر، عەبدولکەریم ئەحمەد، روسیا و ئەمریکا لە 2015 رێککەوتن لەسەر چوارچێوەیەکی سەربازی کە دەرفەتی راستەوخۆ دەڕەخسێنێت بۆ پەیوەندی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا، کە دواتر ناسرا بە رێککەوتنی "هێورکردنەوە" لەنێوان هەردوولادا.

ناوبراو بە دیارونای وت ئەمە داڕێژرا بۆ رێگرتن لە رووداوی ئاسمانی و روونیکردەوە کە "رێسایەکی نێودەوڵەتییە لە دۆخی پێکدادانی سەربازیدا لە دۆخێکدا کە زیاد لە وڵاتێك هێزی ئاسمانی لە شوێنێکدا هەبێت".

ئەو میکانیزمە تائێستا بۆتە هۆی بەرگرتن لە پێکدادنی سەربازی لە سوریا لەنێوان ئەو دوو هێزەدا، سەرەڕای چەند پێشێلکارییەك لەلایەن فڕۆکە روسیەکانەوە.

رێککەوتنەکە دەشڵێت کە پرۆتۆکۆڵی تایبەت هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەك یان پێکدادانێك لەلایەن ئەفسەرە سەربازییە باڵاکانی هەردوولاوە کە هاوشان بن لە پێگەی سەربازییدا.

ئەحمەد وتی بەگوێرەی مەرجەکانی ئەو رێککەوتنە، لایەنەکان گه‌رەنتی ئەوە دەدەن جوڵەیان نەبێتە هۆی پێکدادان بە رێکخستنی کات و شوێنی فڕین و پێکەوە کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی فڕۆكه‌كان نه‌كرێنه‌ ئامانج لەلایەن سیستمی بەرگریی هیچ لایەکیانەوە یان لەلایەن رژێمی سوریاوە.

دنەدانی بەردەوام

فەرهاد خۆجا، ئەفسەری هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لە ناوچەی سنووری نێوان پارێزگاکانی دێرەزوور و حەسەکە جێگیرکراوە، وتی روسیا "قومار" بە ئاسمانی سوریاوە دەکات چونکە بەردەوامە لە دنەدانی هێزە ئاسمانیەکانی ئەمریکا.

خۆجا به‌ دیارونای وت هێزه‌كانی ئه‌مریكا "ئاستی ئه‌وپه‌ڕی دانبه‌خۆداگرتنیان نیشانداوە".

رۆژنامەنوسی سوری، محەمەد عەبدوڵا، بە دیارونای وت رێککەوتنی ئەمریکا و روسیا بۆ دابەشکرندی ئاسمانی سوریا نهێنی نیە و رەوتێکی سروشتی کارە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکاندا.

وتی بەمدواییانە چەند پێشێلکارییەك لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی روسیاوە ئەنجامدراوە، لەنێویاندا رووداوی 15 تشرینی دووەم کە فڕۆکەیەکی جەنگی روسی 100 مەتر دووربوو لە دوو فڕۆکەی جەنگی ئەمریکی A-10، کە بووە هۆی ئەوەی فڕۆکە جەنگیە ئەمریکیەکان لابده‌ن تا پێکدادان روونەدات.

چەند رۆژێك دواتر، لە دوو حاڵەتدا فڕۆکە جەنگیە روسیەکان راستەوخۆ بەژێر فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمریکادا فڕین لە خۆرهەڵاتی فورات.

لە رووداوێکی دیکەدا، فڕۆکەیەکی جەنگی روسی راستەوخۆ بەسەر هێزەکانی هاوپەیمانان و هاوپەیمانە سورییەکانیاندا فڕین و وەڵامی داوایەکی فەرماندەیی هاوپەیمانانیان نەدایەوە بۆ پاشەکشێ.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500