زیاد لە 150 خێزان لە شاری ئیدلیب بەبێ داهات ماونهتهوه لەوەتەی تەحریر شام ئهو کوشکانهی لابردووە کە لە هەندێك شەقام دانرابوون و رێگریشی لە فرۆشیارانی سەر شەقامهكان کردووە، چالاکوانانی ناوچەکە بە دیارونایان وت.
وتیان کارگێڕی خۆجێی مۆڵەتی بە دەستگێڕەکان بەخشیوە بە مەرجی پابەندبوون بە هەندێك مەرجی تایبەتەوە.
بەڵام ئەو هاوپەیمانێتیە توندڕەوە، کە لەلایەن بەرەی نوسرەی پێشوەوە کۆنترۆڵکراوە، کارەکانی کارگێڕییەکەی ماوەیەك لەمەوبەر هەڵپەسارد.
چالاکوانان بە دیارونایان وت هۆکاری سەرەکی پشت بڕیارەکە ئەوەبوو دەستگێڕەکان رەتیانکردەوە باجبدەن بە تەحریر شام.
چالاکوانی بواری رۆژنامەوانی له ناوچەکە، موسعەب عەساف، کە ناوی خوازراو بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی ژیانی، وتی پاسەوانەکانی تەحریر شام دووشەممە (1 کانونی دووەم) دەستیانکرد بە دەستبەسەرداگرتنی هەموو ئەو شمەکانەی لەلایەن دەستگێڕ و خاوەن کوشکەکانەوە دەفرۆشران لە ئیدلیب.
عهساف بە دیارونای وت: "پرۆسەکە سێشەممە کۆتاییهات بە دەستبەسەرداگرتنی هەموو کوشکەکان بۆ ماوەیەکی کاتی و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەك فرۆشیار کە هەوڵیاندا دژی ئەندامانی هاوپەیمانێتیەکە بوەستنهوه."
وتی: "دەستگێڕەکان هەژارن، خەڵکی کەم دەرامەتن کە هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی داهاتیان نیە."
وتیشی هەندێكیان چەندین ساڵە ئەم کارە دەکەن، لەکاتێکدا ئەوانیدی ئاوارەن کە هەموو موڵكوماڵێكیان لەدەستداوە.
ههروهها وتی هاوپەیمانێتیەکە ئەم هەنگاوەی نا دوای ئەوەی دەستگێڕەکان رەتیانکردەوە ئەو باجە بدەن کە سەپێنرابوو بەسەریاندا و ئاماژەشیکرد بەوەی بێماندووبوون هەوڵدەدات پارە بکێشێتەوە بە هەر رێگەیەك پێیبکرێت بەهۆی ئەوەی سەرچاوەکانی کەمبوونەتەوە.
هەوڵی سەپاندنی دهسهڵات
محەمەد خالید کە ئاوارەیەکی گوندەکانی دێرەزوورە و ماوەیەکە وەك دەستگێڕ لەسەر شەقامەکان کاردەکات بە دیاروونای وت ئەو شمەکانەی دەیفرۆشت سێشەممە دەستیان بەسەردا گیرا.
بەگوێرەی خالید، هاوپەیمانێتیەکە وتویەتی گوایە ئەم هەڵکوتانەسەره بۆ رێگرتنە لە چالاکی دەستگێڕیی ناڕێکخراوی سەر شەقامەکان و پاککردنەوەی شەقامەکان لە کوشك.
بەگوێرەی چەندین دەستگێڕ هۆکاری سەرەکی رەتکردنەوەی زۆربەیان بوو بۆ ملکەچبوون بە فەرمانەکانی پێدانی باج وەك دوکانەکانی دیکە.
خالید وتی ئەمە ناکرێت، چونکە دەستگێڕەکانی سەر شەقام داهاتێکی زۆر کەمیان هەیە و ناتوانن ئەو پارەیەی باج بدەن کە هاوپەیمانێتیەکە سەپاندوێتی.
خالید وتی: "هاوپەیمانێتیەکە رێگرییکرد لە رۆیشتنی دەستگێڕەکان بۆ شوێنەکانی دیکە لە بازاڕەکە و هۆشداریی پێدان، دوای بهدهستهێنانی ههموو زانیارییه كهسییهكانیان، تا بەتەواوی کارەکانیان بوەستێنێت یان بکەونە بەردەم مەترسی سزادانی دارایی."
بە بەکارهێنانی ئهو دەزگا نوێیهی پێكیهێناوه "حکومەتی رزگاری نیشتیمانی" کە هەوڵی خۆسەپاندن دەدات لە ناوچەکە، هاوپەیمانێتیەکە ماوەیەکە هەموو بڕیارە کارگێڕیەکانی هەڵوەشاندۆتەوە کە لەلایەن ئیدارەی خۆجێی پێشترەوە درابوون.
خالید روونیکردەوە كه یهكێك لهوانه بریتیبوو له بهخشینی مۆڵەت به دەستگێڕەکان به ههندێك مهرجی دیاریكراو، لهوانه پابەندبوونیان بە کارکردن لە هەندێك شوێنی دیاریکراودا، راگرتنی پاکژی و نەقۆستنەوەی نرخەکان.
وتیشی بەهۆی ئەم بڕیارەی هاوپەیمانێتیەکەوە، "خێزانهكانی لانیکەم 150 فرۆشیاری سەرشەقام بێ داهات ماونهتهوه لە ئێستادا، چونکە نانپەیداکەرانیان بێكارن".