هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەروەرەدە و خوێندن

خوێندن لە یەکەمین زانکۆی کۆبانێ دەستپێدەکات

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

ستاف و خوێندکار و بەرپرسان بەشداری بۆنەی فەرمیی کردنەوەی زانکۆی کۆبانێ دەکەن لە 10 کانونی یەکەم. [خاوەنی وێنە: ساڵح موسلیم]

ستاف و خوێندکار و بەرپرسان بەشداری بۆنەی فەرمیی کردنەوەی زانکۆی کۆبانێ دەکەن لە 10 کانونی یەکەم. [خاوەنی وێنە: ساڵح موسلیم]

لەئێستادا ساڵی یەکەمی ئەکادیمی زانکۆی کۆبانێ دەستیپێکردووە، دوای بۆنەی فەرمیی کردنەوەی لە 10 کانونی یەکەم وەك یەکەمین زانکۆی ناوچەکە.

خوێندکاران و دایکوباوکان پێشوازیده‌كه‌ن لە زانکۆکە، چونکە تەواوکردنی خوێندنی باڵا مانای ئه‌وه‌یه‌ چیتر گەشتنه‌كه‌ن بۆ ناوچەکانی دیکە بۆ خوێندن، کە ببووە بارێکی قورس بەسەر شانی خێزانەکانی ناو و دەوروبەری شارەکە.

هاوسەرۆکی زانکۆ، کەمال بیسراوی، بە دیارونای وت زانکۆکە، کە خوێندنی باڵا تیایدا بەخۆڕاییە، سەرەتا بە دوو بەشەوە کراوەتەوە، بەش و خوێندنی دیکەشی بۆ زیاد دەبێت لە ساڵی داهاتوودا.

پلانی کردنەوەی زانکۆی کۆبانێ لە بۆنەیەکی فەرمیی کۆتایی ئەیلولدا راگەیەندرا و خۆتۆمارکردن لە 10 تشرینی یەکەمدا دەستیپێکرد.

زانکۆی کۆبانێ، کە بەفەرمی 10 کانونی یەکەم کرایەوە، دوو كۆلێژی هەیە و پلانی داناوە كۆلێژی زیاتر بکاتەوە لە ساڵی نوێی خوێندندا. [خاوەنی وێنە: ساڵح موسلیم]

زانکۆی کۆبانێ، کە بەفەرمی 10 کانونی یەکەم کرایەوە، دوو كۆلێژی هەیە و پلانی داناوە كۆلێژی زیاتر بکاتەوە لە ساڵی نوێی خوێندندا. [خاوەنی وێنە: ساڵح موسلیم]

بیسراوی وتی خۆتۆمارکردن بۆ ماوەیەك درێژکرایەوە، تا رێ بە زۆرترین ژمارەی خوێندکاران بدرێت خۆیان تۆماربکەن بۆ ئه‌مساڵی خوێندن، بەوجۆرە 45 خوێندکار لەئێستادا خۆیان لە دوو كۆلێژ تۆمارکردووە.

وتیشی: "چاوەڕواندەکرێت ئەم ژمارەیە لە ساڵی داهاتوودا زیادبکات، چونکە زانکۆکە هێشتا نوێیە و زۆربەی خوێندکاران کە ئامادەییان تەواوکردووە لەمساڵدا خۆیان لە زانکۆکانی دیکەدا تۆمارکردووە."

كۆلێژه‌كانی زانست و زمان

لەئێستادا زانکۆکە دوو كۆلێژی هەیە -- زانسته‌ بنەڕەتییه‌كان و زمانەکان -- بەڵام ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ کردنەوەی كۆلێژ و به‌شی نوێ.

بیسراوی وتی خواستی خۆتۆمارکردن لە كۆلێژی زانست بەرزترە و ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ كۆلێژه‌كه‌ پێكدێت لە سێ به‌شی: فیزیا و کیمیا و بیرکاری.

وتیشی كۆلێژی زمان لەئێستادا تەنیا یەك به‌شی هەیە كه‌ زمان و ئەدەبی کوردییه‌.

هه‌روه‌ها وتی: "زانکۆکە فرەزمانە و عەرەبی، کوردی، ئینگلیزی و زمانەکانی دیکە له‌خۆده‌گرێت و بابەتەکە جێهێڵراوە بۆ مامۆستا و خوێندکاران تا رێبكه‌ون لەسەر ئەو زمانەی لە خوێندندا بەکاردێت."

13 مامۆستا هەن، زۆربەیان بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان هەیە.

بیسراوی وتی هه‌چی ئه‌و مەنهەجه‌شه‌ كه‌ ده‌گیرێته‌به‌ر، زانکۆکە سەرچاوەی بەکاردەهێنێت و ده‌خوازێت هه‌ردوو سەرچاوەی عەرەبی و بیانی بەکاربهێنێت بۆ دیاریكردنی ئه‌و مەنهەجه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كێك له‌ به‌شه‌ جیاوازه‌كاندا ده‌گونجێت.

سەرکەوتن بەسەر ئاستەنگەکاندا

بیسراوی وتی: "ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی زانکۆکە دەبنەوە رەنگدانەوەی ئەوانەن كه‌ رووبەڕووی شاری کۆبانێ دەبنەوە، واتە شەڕی ناوخۆی سوریا و رووداوە پەیوەندیدارەکان."

وتیشی: "ئەمە بەتایبەتی پەیوەستە بە ستافی فێرکارانەوە، چونکە ژمارەیەکی کەم بەشی تایبەتمەندی و مامۆستای تایبەتمەند هەن."

وتی بەڵام کێشەکە ورده‌وورده‌ چارەسەردەبێت تا بتوانرێت هەموو بەشەکان دابینبکرێن و ئاماژەشیکرد بەوەی پاڵپشتی دارایی بۆ زانکۆکە لەلایەن لیژنەی پەروەردەی کارگێڕی خۆسەری هەرێمی فوراتەوە وە دابیندەکرێت.

خوێندکارێكی زانکۆكه‌، ئەڤین عەتۆ، بە دیارونای وت دامەزراندنی زانکۆی کۆبانێ یەکێك لە باشترین رووداوەکان بووە بۆ ئەو و خوێندکارانی ناوچەکە.

وتی: "لە رابردوودا، خوێندنی زانکۆ بۆ هەمووان مۆتەکە بوو، چونکە خوێندکاران دەبوو گەشتبکەن بۆ پارێزگاکانی دیکە یان دەرەوەی وڵات."

وتیشی تەنانەت لە باکوری سوریاش، نزیکترین زانکۆ لە هەرێمەکانی عەفرین و جەزیرەن، کە خەرجیی هاتوچۆ و مانەوەیان دەیەوێت لەگەڵ کرێی خوێندن، كه‌ لەسەروو توانای خوێندکارانه‌وه‌یه‌ بۆ پارەدان.

خوێندن 'ئاسان و له‌بەردەستە'

عەتۆ وتی لەئێستادا خوێندنی زانکۆ "بۆ هەمووان ئاسان و له‌بەردەستە" و وتیشی "دۆخەکە لە زانکۆ نایابە و هەموو ستافی کارگێڕی و مامۆستایان و خوێندکاران کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی ساڵی یەکەمی خوێندن".

ساڵح عەبدۆی دانیشتوی کۆبانێ بە دیارونای وت کردنەوەی زانکۆی کۆبانێ بارێکی قورسی لەسەر شانی ئەو كه‌مکردۆتەوە.

وتی منداڵەکانی دەتوانن درێژه‌بده‌ن به‌ خوێندن، کە خه‌ریكبوو ده‌ستی لێهه‌ڵبگرن بەهۆی نرخی هاتوچۆوه‌ بۆ ناوچەکانی دیکە و خه‌رجیه‌كانی دیکەوە و وتیشی زۆر خێزان کاریگەریی ئەم دۆخانەی دواییان لەسەرە.

له‌وانه‌ بوونی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە ناوچەکانی دەوروبەری کۆبانێ لەگەڵ شەڕی بەردەوامی سوریا، کە وایکردووە ناردنی خوێندکاران بۆ ناوچەکانی دیکە بۆ تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ کارێکی سەخت بێت.

عەبدۆ وتی: "ئێستا خوێندن بەخۆڕاییە و بۆ هەمووان و بەبێ جیاوازی رێی پێدەدرێت." ئاماژەشیکرد بەوەی کە زانکۆ یارمەتییان دەدات کۆتایی بە کۆچی گەنجان بێنن بۆ ناوچەکانی دیکە، کە بووەتە کێشە بۆ کۆبانێ.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500