دەرکەوتنی گروپێکی تیرۆریستی نوێ لە ناوچە شاخاوییە دوورەدەستەکانی پارێزگاکانی کەرکوك و سەڵاحەدین کە هەمان ئایدۆلۆژیای "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ی هەیە بووەتە جێگای نیگەرانی لەناو هاوڵاتیاندا.
بەڵام سەرکردەکانی ئاسایش دەڵێن گروپەکە كاریگهرییهكی كهمی ههیه و بەڵێنیان داوه ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی بەتەواوەتی لەناویانبەرن.
چەند راپۆرتێکی پشتڕاستنەکراوە لەسەر زاری دانیشتوانەکە و میدیا ناوخۆییهكانهوه ئاماژەدەکەن بە هەبوونی گروپێکی نوێی ناسراو بە "ئاڵا سپییەکان" کە هەوڵیداوە شوێنپێی خۆی بکاتەوە لە نزیك کەرکوك و شارۆچکەی توزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، سەڵاح خەزرەجی، وتی دانیشتوانەکە و ئەندامانی ئاسایش گروپی چەکداری بچوكیان بینیوه لە ناوچە دووردەستە شاخاوییەکان کە لە جل و بەرگ و شێوەدا لە داعش دەچن.
وتی: "گروپەکە هەوڵدەدات جێگەی داعش بگرێتەوە." زانیاریە هەواڵگریەکانیش دەریانخستووە کە لە ریزەکانیدا ئەو چەکدارانەی داعش هەن کە گروپەکەیان بەجێهێشتووە لەگەڵ دەستپێکی شکستەکانیدا.
وتیشی: "گروپە نوێکە جیاوازی نیە لەگەڵ گروپە تیرۆریستیەکانی دیکەدا لە جێبەجێکردنی ئایدۆلۆژیەکەیدا." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد گروپەکە خۆی مەڵاس داوە بۆ ئەوەی دابەشبوونه ئایدۆلۆژی و مەزهەبی و ئێتنیەکانی خەڵكی عێراق بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی دهروازهیهك بۆخۆی بكاتهوه.
وتی گروپەکە هەوڵدەدات دابەشبوونهكان بۆ قازانجی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بچێتەناو شارەکانەوە و دەستیان بەسەردا بگرێت.
خەزرەجی وتی رێکارەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی توزخورماتوو و پاراستنی ئەمنیەتی کەرکوك رێگە لهو گروپه دهگرێت و دواجار بهكۆرپهیی لهناویبهرێت بەرلەوەی بڵاوببێتەوە و گەورەببێت.
کێ سەر بە گروپی 'ئاڵا سپییەکانە'؟
وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆر، سەباح نوعمان، وتی: "ئاسایشی عێراقی و ئاژانسەکانی هەواڵگری زانیاری زۆر راستیان لەسەر گروپەکە لەلایە."
نوعمان بە دیارونای وت زانیاریەکان "ناوی سەرکردەکان و شوێن و سروشتی چالاکیەکانیان لەخۆدەگرێت."
وتی گروپەکە پاشماوەی گروپێکە كه ناسرابوو بە ئەنسار ئیسلام، کە 2005 دەرکەوت لە ناوچە سنووریەکانی نێوان ئێران و عێراق.
وتیشی زۆربەی شانەکانی گروپەکە ئەوکاتە لەناوبران بەڵام هەڵهاتوەکانی داعش بەرەبەرە چوونەتەناو پاشماوەکانی ئەو گروپەوە.
وتی گروپەکە ئەو کاتە دهستیكرده چالاكی کە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لەناوچەکە سەریانهەڵدا و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه ناوچەکانی نزیك کەرکوك و توزخورماتوو لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت بوون بۆ ماوەی سێ ساڵ.
وتی: "وێناکردنی گروپەکە لەلایەن میدیاکانەوە وایکردوە قەبارە و توانای گروپەکە گەورەتر لەخۆی نیشانبدرێت."
وتیشی گروپەکە هیچ ههرهشهیهكی گەورەی دروستنهكردووه بۆ ئاسایش و ئاماژەی بەوەش کرد كه دەنگۆی ئەوەی ژمارەیان زیاتر لە 2,000 چەکدارە، دوورە لە راستییەوە "چونکە لە راستیدا ژمارەیان لەوە کەمترە".
نوعمان ئاشکرایکرد كه هێزەکانی عێراق ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی بە تەواوەتی لەناویانبەرن و باسی لەوەش کرد كه عێراق رێنادات بە دەرکەوتنی گروپی نوێی تیرۆریستی و بەرپەچی هەموو ئەوانە دەداتەوە کە هەوڵدەدەن ئاسایشی وڵاتەکە تێكبدەن.
لەناوبردنی گروپی 'ئاڵای سپی'
شرۆڤەکاری سیاسی فازڵ ئەبو رەغیف بە دیارونای وت: "ئهو گروپەی تازە سهریههڵداوه زۆر بەئاسانی دەکرێت لەناوببرێت بەرلەوەی بواری پێبدرێت دهسهڵاتی بهرفراوان بكات یان لە ئێستای گەورەتر ببێت."
داوایکرد زنجیرەیەك رێکار بگیرێتهبەر بۆ زیادكردنی ئهگهرهكانی سەرکەوتنی عێراق بەسەر تیرۆریزمدا و بەرپەچدانەوەی هەر هەوڵێكی گەڕانەوە لەلایەن داعش یان هەر گروپێکی دیکەی هاوشێوەوه.
وتی گرنگترین رێکارەکان پێوسیتیی دهوڵهمهندكردنی بانکی زانیاری ئەمنییه کە ئاژانسەکانی هەواڵگری عێراق بەکاریدەهێنن، به زانیاری زیاتر لەسەر تیرۆریستەکان و سروشتی هەوادارییهكانیان و جوڵەیان لە وڵاتەکەدا.
ئەبو رەغیف داواشیکرد گۆڕینەوەی زانیاری هاوبەش لەنێوان وڵاتانی هەرێمەکە و جیهاندا بەهێزتربکرێت وەك بەشێک لەو هاوکاریە زۆرەی بۆ پشتیوانیی عێراق دهیبهخشن لەم قۆناغهی ئێستادا.
داوایکرد رێکارە ئەمنیەکان توندتربکرێنەوە لەسەر دەروازە سنووریە زەمینیەکان و فڕۆکەخانەکان لەگەڵ چاودێری وردی گروپە توندڕەوەکان لە ناوە و دەرەوەی وڵاتدا.
وتی میدیاش دەبێت رۆڵی هەبێت لە ئاشکراکردنی ئایدۆلۆژیای تیرۆریستی لە رێگای دەرخستنی کاریگەریە ماڵوێرانکەرەکانیهوه لەسەر کۆمەڵگە و داواکردن لە هاوڵاتیان بۆئەوەی هاوکاریی دەزگا ئەمنیەکان بکەن، بەتایبەتی لە ناوچە مەترسیدارەکاندا.
وتیشی: "گروپی ئاڵای سپی کەشێکی لەباری دۆزیوەتەوە،" هەرچەندە لهوه بێهێزترە كه هیچی دەستکەوێت لەسەر ئەرزی واقیع و ناتوانێت ببێتە شوێنگرەوەی داعش لەبەرئەوەی شوینێکی ئارامی نییە تیایدا گەشەبکات.
ئەبو رەغیف پێشبینیکرد كه "گروپەکە بەم نزیکانە بە تەواوەتی لەناوببرێت".
بەپێی سەرچاوە ئەمنیەکانی عێراق هەڵکوتانەسەر گروپەکە دەستیپێکردووە و چەندینیان لێ دەستگیرکراوە، لهنێویاندا سەرۆکردهیهكی گروپەکە، عاسی قەوالی.