هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

لە تەواوی رەققەدا چالاکی بیناسازی بەردەوامە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

بەهۆی هەوڵەکانی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە و دانیشتوانی ناوچەکەوە، ئەم خوێندنگەیەی رەققە بەمدواییانە بەڕووی خوێندکاراندا کرایەوە. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

بەهۆی هەوڵەکانی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە و دانیشتوانی ناوچەکەوە، ئەم خوێندنگەیەی رەققە بەمدواییانە بەڕووی خوێندکاراندا کرایەوە. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

کارکردن بەردەوامە لە شاری رەققەی باکوری سوریا و دانیشتوان و ئەنجومەنی مەدەنی شارەکە پێکەوە کاردەکەن بۆ لابردنی هەر پاشماوەیەکی شەڕ و خستنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ بۆ سەر رێچکەی بووژانەوە.

مامۆستای خانەنشین و دانیشتووی رەققە، مەحمود ئەمین، کە دوای ئازادکردنی لەدەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) گەڕایەوە شارەکە، وتی: "بۆتە شوێنێکی به‌رفراوانی بیناسازی."

بە دەربڕینی سەرسوڕمانەوە لە ئاستی چالاکی لەنێو شارەکەدا، ئەمین بە دیارونای وت: "هەمووان بە ویستی گه‌یشتن به‌ ئامانجەوە دەجوڵێن بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکەی پێیان سپێردراوە."

وتیشی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە، کە کارگێڕیی شارەکەی بەدەستە، بەهەموو ئاراستەکاندا دەڕوات و "پێدەچێت لە کێبڕکێدا بێت لەگەڵ کات بۆ بنیاتنانەوەی شارەکە".

لیژنەی بیناسازیی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە کاردەکات بۆ نەهێشتنی داروپەردوو لە شارەکە تا ئامادەکاری بکات بۆ گەڕانەوەی دانیشتوان. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

لیژنەی بیناسازیی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە کاردەکات بۆ نەهێشتنی داروپەردوو لە شارەکە تا ئامادەکاری بکات بۆ گەڕانەوەی دانیشتوان. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

ئەندامانی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە لەگەڵ ریشسپیە خێڵەکیەکان کۆدەبنەوە بۆ هەماهەنگی له‌ هەوڵەکانیاندا بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاریه‌كان بۆ شارەکە. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

ئەندامانی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە لەگەڵ ریشسپیە خێڵەکیەکان کۆدەبنەوە بۆ هەماهەنگی له‌ هەوڵەکانیاندا بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاریه‌كان بۆ شارەکە. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

هه‌روه‌ها وتی ئەندامانی ئەنجومەن کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی خزمەتگوزاریەکان له‌بەردەستدان بۆ ئەو خەڵکەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە گەڕەکەکانیان، هەر کە لە مین و داروپەردوو پاککرانەوە.

وتی ماوەیەکە ئەنجومەنی مەدەنی رەققە لەیەك کاتدا کاردەکات بۆ نەهێشتنی پاشماوەی تەقەمەنی شەڕ و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاریەکانی کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆش.

وتیشی هاوکات، ئەنجومەنەکە هەڵمەتی تەندروستی گشتی راگەیاندوە بۆ سوودی هەموو دانیشتوان و کاردەکات بۆ بنیاتنانەوەی خوێندنگەكان و تەنانەت هه‌ماهه‌نگی بۆ رێكسختنی چالاکیە وەرزشیەکان بۆ گەنجانی شارەکە.

لەکاتی کێبڕکێیه‌كدا کە لەلایەن لیژنەی وەرزش و لاوانی ئەنجومەنەکەوە رێکخرابوو لەژێر ناوی "پێشبڕکێی رەققە لە دڵماندایە"، 14 تیمی تۆپی پێ کێبڕکێیان بوو بۆ نوێنەرایەتیکردنی رەققە.

ئەمین وتی: "کێ بڕوای دەکرد پێشبڕکێیەکی بچوکی تۆپی پێ رێکدەخرێت و تیمەکان نوێنەرایەتی شارەکە دەکەن لەمکاتەدا، کە زۆر بەسەر رزگارکردنی شارەکەدا تێنەپەڕیوە؟"

بنیاتنانەوە ئاستەنگی دێتەبەردەم

ئەندامی لیژنەی بیناسازی له‌ ئەنجومەنی مەدەنی رەققە، خالید مستەفا، وتی: "ئەنجومەنی مەدەنی رەققە بەردەوام کۆدەبێتەوە بۆ بەدواداچوونی پێشهاتەکان له‌سەر زەمین و ده‌ستبه‌كاربوون بو وەڵامدانەوەی هەر کورتهێنانێك."

مستەفا بە دیارونای وت ئەندامانی ئەنجومەن لە راوێژی بەردەوامدان لەگەڵ ریشسپیەکانی شارەکە بۆ نوێکردنەوەی ئەنجومەنەکە و باشترکردنی ئەدای.

وتی ئەمە بەدەستدەهێنن لەڕیگەی "پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند و هەڵبژاردنی خەڵکی شیاوه‌وه‌ بۆ ئەنجامدانی زۆر ئەرك کە چاوەڕوانیان دەکات".

مستەفا وتیشی "بیناسازی کلیلی گەڕاندنەوەی ژیانە بۆ شارەکە" و ئاماژەشیکرد بەوەی کە لیژنەی بنیاتنانەوە لەئێستادا داروپەردووی بینا رووخاوەکان لاده‌بات تا دانیشتوانه‌كه‌ بتوانن بگەڕێنەوە گەڕەکەکانیان.

هه‌روه‌ها وتی ئەنجومەنەکە رووبەڕووی هەندێك ته‌حه‌دا بۆتەوە لە ئەنجامدانی کارەکانیدا، بەتایبەتی کورتهێنانی سەرچاوەکان، بەڵام بەمدواییانە 50 ئۆتۆمبیلی کاری پێگەیشتوە، لەنێویاندا لۆری و بلدۆزەر، لەگەڵ هەندێك ئامێری میکانیکی.

وتی: "ئاستەنگێکی دیکە مینەکانن." ئاماژەشیکرد بەوەی تیمە ئەندازیارییەکان تائێستا 12 گەڕەکی شارەکەیان پاککردۆتەوە.

مستەفا وتی ئەرکەکانی لیژنەکەی بریتین لە دڵنیاییدان لەوەی دانیشتوانه‌ گەڕاوەکە دەستیان بە ئاوی خواردنەوە و کارەبا رادەگات لەگەڵ نەهێشتنی داروپەردوو لەسەر شەقامەکان تا بتوانرێت هەوڵی بنیاتنانەوە دەستپێبکات.

وتیشی: "بەڵام هەوڵەکانی بیناسازی پێویستیان بە پشتگیریی بەرچاوی نێودەوڵەتیە بۆ تەواوکردنیان." ئاماژەشیکرد بەوەی كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا هەندێك لە دانیشتوانی خاوەن سامانی شارەکە بنیاتنانەوە و بیناسازی به‌ پارەی خۆیان ئه‌نجامده‌ده‌ن.

گەڕاندنەوەی خوێندنگەكان و خزمەتگوزاری تەندروستی

مستەفا وتی ماوەیەکە لیژنەی بیناسازی ئەنجومەنەکە کاردەکات لەگەڵ لیژنەی پەروەردە بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هەندێك لە خوێندنگەکانی ناوچەکە و لەئێستادا زیاد لە 180 خوێندنگەی ناوچەکە کراوەن بۆ خوێندکاران.

وتیشی: "خوێندنگەکان دووبارە کاردەکەن، بەهۆی هەوڵە هاوبەشەکانی لیژنەکانی ئەنجومەن و دانیشتوان و مامۆستاکانه‌وه‌."

وتی کاری خۆبەخشانە رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە خێراکردنی کردنەوەی خوێندنگەکاندا، بەڵام هێشتا کاڵا پێویستە و زۆربەیان پێویستیان بە کاری بیناسازیی زۆر هەیە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی سەدام هوه‌یدی وتی: "ئەنجومەنی مەدەنی رەققە کاڵای تەندروستی و دەرمانی دابینکردووە، دواتر دابەشکراون بەسەر نوسینگە تەندروستیەکاندا لە هەندێك گەڕەك کە دانیشتوانه‌كه‌ی گەڕابوونەوە."

هوه‌یدی بە دیارونای وت گەڕەکی مەشلەب یەکەم گەڕەك بوو کە دانیشتوانه‌كه‌ی گەڕانەوە.

وتی کاری لیژنەی تەندروستی درێژدەبێتەوە بۆ دەوروبەری رەققە، کە لیژنەکە پەیوەندیی دروستكردووه‌ لەگەڵ دەرمانخانەکانی ناوچەکە.

وتیشی "سەختترین ئەرکی تەندروستی دابینکردنی چارەسەره‌ بۆ قوربانیانی ئەو مینانەی لەلایەن داعشەوە چێنراون،" چونکە ئەمانە زیانی گەورە بە خەڵکی دەگەیەنن.

هوه‌یدی وتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ برینداره‌کانی مین، لیژنەی تەندروستی چەند نوسینگەیەکی تەندروستی پێکهێناوە و كه‌لوپه‌لی پێداون بە باشترین شێوە تا بتوانن بچن به‌ده‌م ئه‌و دۆخه‌ کتوپڕانه‌وه‌ كه‌ تاڕاده‌یه‌ك هه‌موو رۆژێك دێنه‌لایان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500