مریەم تۆفیق مەهدی کە تەلەفونی بۆ دایکی کرد 15 تشرینی دووەم، نەیدەزانی ئەوە دوایین جارە گوێی لە دەنگی دایکی دەبێت.
دوای ئاخاوتنەکەیان، دایکی مریهم، رهنا عەجیلی -- كه پەیامنێری جەنگ بوو، روماڵی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی رۆژئاوای ئەنباری دەکرد -- بەهۆی مینێکی"دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە کوژرا .
لە دوا وتەکانیاندا، مریەم -- کە خوێدنکاری خوێندنگای سەرەتاییە و گەورەی خوشك و براکانێتی -- وتی لە دایکی پرسیووە کە ئایا باشە؟
"ئەویش وتی: کچەکەم، خەمی منت نەبێت، من [بەهێزم هێندهی] 100 پیاو."
مریەم بە دیارونای وت: "زۆر قسەمانکرد بەڵام لە کۆتاییدا پێی وتم کە ئاگام لە چوار خوشك و براکانم بێت ئەمەش دڵەڕاوکێی لا درووست کردم."
رۆژی دواتر مریەم زانی كه دایکی کوژراوە.
'سیمبۆڵی بوێری'
عەجیلی، 38 ساڵ، لەو کاتەدا کوژرا کە سەرقاڵی روماڵکردنی چالاکییەکانی هێزەکانی عێراق بوو، کە کاریان دەکرد بۆ ئهمینكردنی قائیم لە رۆژئاوای ئەنبار و پاککردنەوەی لە تەقەمەنییەکان.
فۆتۆگرافەری رۆژنامەوان، مونتەزەر عادل و شوفێری ئەو ئۆتۆمبیلەی عەجیلی تیادابوو برینداربوون دوای ئەوەی ئۆتۆمۆبیلەکەیان بەسهر مینێكدا رۆیشت.
مریەم وتی دوای تەقینەوەکەی یەکەم دایکی لە ئۆتۆمۆبیلەکە هاتۆتە دەرەوە و کەوتووە.
ئەو لە "تەقینەوەی دووەمدا کە لە نزیكیەوە روویدابوو" کوژرا.
کچەکەی عەجیلی وتی: "دایکم ژیانی خۆی بەخشی بە میدیا... ئەو بە ئێمەی دەوت وەکو سەربازێك وایە و چالاکییەکەی گواستنهوهی راستی بوو به خهڵك به راستگۆیانه."
مریەم وتی شانازیدهكات بە دایکییەوە کە بووە به "سیمبۆڵی بوێری و نمونەیەكی دڵسۆزیی ژنانی عێراقی بۆ وڵاتەکەی و خەڵكەکەی."
وتیشی: "دایکم تاکە سەرچاوەی پەیداکردنی نان بوو بۆ ئێمە دوای نەخۆشکەوتنی باوکم." ئاماژەی بهوهش کرد كه حکومەتی عێراقی بەڵێنی داوە هاوکاریان بکات.
بە بەڵگەکردنی پێشێلکارییەکانی داعش
عەجیلی ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق بوو، لە چەندین دەزگای راگەیاندن کاری کردووە بەر لەوەی دوا کاری بکات وەك پەیامنێری تیمی راگەیاندنی سەربازی بۆ روماڵكردنی شەڕی عێراقییەکان دژ بە داعش.
ئەو بەڵگەی زۆری لەسەر پێشێلکارییەکانی گروپەکە لە پەیجی فەسیبوکی خۆی بڵاودەکردەوە و ئەم وشانەی لەسەر داعش وتبوو لە دواپۆستیدا، کە رۆژێك بەر لە مردنی نوسیبوونی:
"ئەوەی له ئێوه ماوەتەوه تهنها یادگارییەکی ساختهی بەسەرچووە بەناوی ئایینەوە، ئێوه کە هیچ ئایینێکتان نیە."
عەجیلی دووەم ژنە پەیامنێر بوو لەکاتی رووماڵی جەنگی داعشدا گیان لەدەستبدات. لە 25 شوباتدا کارمەندی راگەیاندن، شیفا کوردی، بەهۆی بۆمبێکی چێندراوی دەستکردەوە گیانی لەدەستدا لەکاتی روماڵی شەڕی رۆژئاوای موسڵدا.
ئیبراهیم سەڕاج، سەرۆکی دەزگای بەرگری لە مافەکانی رۆژنامەنووسانی عێراقی، وتی عەجیلی "نمونەی باڵای ژنێكی بوێری عێراقی بوو".
ناوبراو بە دیارونای وت عەجیلی روماڵێكی "باڵای" سەرکەوتنەکانی عێراقی دهكرد "بە ئاشکراکردنی ساختهكاریی تیرۆریستان و بێهێزکردنی پڕوپاگەندە ساختهكهیان."
وتی: "لەدەستدانی ئەو شۆکێکی گەورە و خەمێکی مەزن بوو بۆ رۆژنامەنووسان." داواشیکرد "لایەنە پەیوەندیدارەکان خێرا دەستێکی هاوکاری بگەیەننە خێزانەکەی و ماڵیان بۆ دابینبکەن، چونکە کرێچین".
رۆژنامەوانانی عێراقی لەژێر هەڕەشەدان
بهگوێرهی روانگەی عێراق بۆ ئازادی چاپەمەنی، 21 رۆژنامەوانی عێراقی لە ئایاری 2016 بۆ ئایاری 2017 کوژراون، زۆربەیان لەکاتی روماڵی شهڕی دژ بە داعشدا.
کازم میقدادی، سەرۆکی بەشی راگەیاندن لە زانکۆی فارابی، وتی لەدەستدانی ئەو ژمارە زۆرە لە پەیامنێرانی جەنگ پێویستی بە پشکنین هەیە.
میقدادی بە دیارونای وت: "کێشەکە لێرەدا پەیوەندی هەیە بە میکانیزمەکانی کارکردنی پەیامنێری جەنگەوە، کە پێویستی بە ئەزموونی زۆرە بۆ شوێنکەوتنی رووداوەکان لە کەشێکی پڕ لە مەترسیدا."
وتی: "بوێری و گەڕان بەدوای سەرەداوەکاندا و قوربانیدان خهسڵهتێكن كه جێگای رێزن. بەڵام دەبێت ئەوەش بخەینەڕوو كه بهدهستهێنانی تواناییه پێویستهكان و راهێنانی تهواو و ئاگاداری له رێکارەکانی سهلامهتی لە کاتی کارکردندا پێویستن."