هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراقیەکان ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن بەسەر داعشدا

خالید تائی

نمایشێکی سەربازی یەکشەممە (10 کانونی یەکەم) ئەنجامدرا بۆ ئاهەنگێڕان بۆ سەرکەوتنی عێراق بەسەر رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)دا. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەره‌کوەزیرانی عێراقەوە وەرگیراوە]

نمایشێکی سەربازی یەکشەممە (10 کانونی یەکەم) ئەنجامدرا بۆ ئاهەنگێڕان بۆ سەرکەوتنی عێراق بەسەر رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)دا. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەره‌کوەزیرانی عێراقەوە وەرگیراوە]

عێراقیەکان یەکشەممە (10 کانونی یەکەم) ئاهەنگی سەرکەوتنیان راگەیاند لەلایەن سەره‌کوەزیران حەیدەر عەبادییەوە، بەسەر رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا تا دوا کاتژمێرەکانی شەو.

عەبادی شەممە لە گوتارێکی تەلەفزیۆنیدا گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی بەسەر تەواوی خاکی وڵاتدا راگەیاند لە شەڕی سێ ساڵەی دژی داعشدا.

سەره‌کوەزیران راگەیاند: "هێزەکانمان کۆنترۆڵی تەواوەتی سنوری عێراق-سوریایان کردووە، بۆیە کۆتایی شەڕی دژی داعش رادەگەیەنم."

وتی: "دوژمنەکەمان ویستی شارستانیەتەکەمان لەناوبەرێت بەڵام بە تەبایی و ئیرادەی خۆمان بردمانەوە" و یەکشەممەی بە پشویەکی گشتی لەقەڵەمدا.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند سەرۆکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان فەریق عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا شەممە وتی دۆڵی بیابانی جەزیرە لەژێردەستی هێزەکانی عێراقدایە تا دەگاتە پارێزگای نەینەوا لە باکورەوە تا ئەنبار لە خۆرئاوا.

وتی هێزە فیدراڵیەکان "ئێستا کۆنترۆڵی سنور لەگەڵ سوریا دەکەن لە دەروازەی سنوری وەلیدەوە بۆ رەبیعە"، به‌درێژایی 435 کیلۆمەتر.

عێراقیەکان ئاهەنگ دەگێڕن

هێزە چەکدارەکانی عێراق یەکشەممە نمایشێكی سەربازییان سازكرد لە بەغدا بۆ ئاهەنگێڕانی سەرکەوتن. نمایشەکە راستەوخۆ پەخشنەکرا و تەنیا میدیای دەوڵەت رێگەی پێدرابوو بەشداربێت.

سەرەڕای کەشی سارد لە مەیدانی تەحریری بەغدا، سەدان هاوڵاتی گردبوونەوە لەگەڵ چەندین مەیدانی گشتی دیکە، ئاڵا و پەرچەمی عێراقیان بەدەستەوە بوو، ستایشی سەرکەوتنی سەربازییان کرد.

هاوڵاتی عومەر سەلامی بە دیارونای وت: "دەمێك بوو چاوەڕێی ئەم رۆژە مێژووییەمان ده‌كرد. هێزەکانمان خەونەکەیان کردە راستی."

وتیشی: "قوربانیمان بە ژیانی بەنرخی خۆمان داوە و دەبێت ئێستا ئەم سەرکەوتنە بپارێزین."

خدر عەباس کە ملپێچێکی لە رەنگەکانی ئاڵای عێراق بەستبوو وتی: "وڵاتەکەی خۆمان رزگارکردووە و داعش چۆتە زبڵدانی مێژووەوە."

شەقامەکانی پایتەخت پڕبوون لە ئاهەنگێڕان و یاری ئاگرین کە ئاسمانی شەویان رووناککردبووه‌وە. هاوڵاتیان سەمایان ده‌كرد له‌گه‌ڵ مۆسیقا کە لەلایەن ئەو مۆسیقارانەوە دەژەنران كه‌ به‌ شەقامی بازرگانیی کەڕادە داخلدا هاتوچۆیان ده‌كرد.

لوئەی حەسون کە پەرچەمێكی بەدەستەوەگرتبوو لێی نوسرابوو "سەرکەوتن بۆ پاڵەوانەکانمانە" بە دیارونای وت: "شاگەشکە بووین لە خۆشیدا."

هاوڵاتی فاتن عەبدولواحید وتی: "کاتی بنیاتنانەوە و کار هاتووە."

سەرەڕای سەرکەوتن ئاستەنگەکان ماون

هاوڵاتی عەلی مازن عوبێدی وتی: "ئاستەنگی دیکە چاوەڕێمان دەکات، یەکەم و پێش هەمووشتێك گەندەڵی. بەڵام ئەوەش بنەبڕدەکەین هەروەك تیرۆریزم."

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، عەمید تەحسین خەفاجی، بە دیارونای وت: "باجی [سەرکەوتن] زۆر لەسەرمان کەوت، بەڵام دواجار تیرۆریزممان تێکشکاند."

وتی: "رۆژی پاڵەوانبازیی، خۆبەقوربانیکردن و مێژووە. پیاوەکانمان لە هەموو هێزەکانەوە یەکێتی وڵاتیان پاراستووە، خەڵکەکەیان پاراستووە و شارەکانیان رزگارکردووە."

خەفاجی وتی: "دوای ئەم سەرکەوتنە هێشتا کاری دیکەمان ماوە بیکەین. دەبێت وڵاتەکەمان لە پاشماوەی تیرۆریستان پاکبکەینەوە، شەڕی شانە نوستووەکانیان بکەین و هاریکاری لەگەڵ خەڵکدا بەهێزبکەین."

تکای لە عێراقیەکان کرد کە "شەڕی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی تیرۆریستان بکەن، رەگەکانی هەڵکێشن و شارە وێرانبوەکان بنیاتبنێنەوە".

پەرلەمانتاری عێراقی، عەلی عەلاق، بە دیارونای وت: "بەم سەرکەوتنە سەلماندمان کە خەڵکێکین ئیرادە و ویستمان پۆڵایینە. ئێمە دژی دوژمنێکی دڕندە وەستاین بە ورەیەکی بەرزی شەڕەوە."

وتیشی: "ئێستا هێزەکانمان ئەزمونێکی درێژیان هەیە لە شەڕی تیرۆریستاندا و وڵاتانی دیکە دەکرێت سوودی لێببینن."

عەلاق وتی سەرکەوتنەکە خەڵکی یەکگرتوو کردووە و هەموو لایەنە سیاسییەکانیش،. هه‌روه‌ها داوای لە هەمووان کرد کە "ئەم دەستکەوتە مێژووییە بپارێزن" تا "خزمەتی هاندەری بنیاتنانەوە و بەهێزکردنی سەقامگیری بێت".

نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان یان کۆبیش تکای لە هەموو گەلی عیراق کرد کە "داهاتویەکی باشتر بنیاتبنێن و چارەنوسێکی هاوبەش بۆ وڵاتە یەکگرتوەکەیان درووستبکەن بەهەمان نیشتیمانپارێزی و ئیرادەوە کە کۆتایی بە شەڕی نەتەوەکە دژی تیرۆریستان هێنا".

ئاژانسی سعودییه‌ پرێسی فەرمی رایگەیاند یەکشەمە سعودیە پیرۆزبایی لە عێراق کرد بەجۆرێك وەزارەتی دەرەوە جاڕی شکستی داعشی بە "سەرکەوتنێکی مەزن بەسەر تیرۆریستاندا لە ناوچەکە" لەقەڵەمدا.

سەرۆکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش لە عێراق و سوریا یەکشەممە پیرۆزبایی لە حکومەتی عێراق کرد بۆ شکستهێنان بە داعش، بەڵام هۆشدارییدا لەوەی کە کاری زیاتر پێویستە بۆ دڵنیابوون لەوەی توندڕەوان دووبارە هێرشناکەنەوە.

فەریق پاوڵ ئی فەنكی دوو لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "کاری زۆر ماوە و بەردەوامدەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە عێراقیەکانماندا بۆ دڵنیابوون لە شکستی تەواوەتی داعش و رێگرتن لە توانای بۆ هەڕەشەکردن لە شارستانیەت، لە ناوچەکە و جیهان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500