وەك بەشێك لە هەڵمەتێکی سەربازی بۆ پاککردنەوەی بیابانی رۆژئاوای ئەنبار لە حەشارگە ماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) هێزەکانی عێراق سێشەممە (21 تشرینی دووەم) بەتەواوی رێگای نێوان شارەکانی راوە و قائیمیان ئهمینكرد.
یەکەکانی فیرقەی 7 و 8 و ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە بە هەماهەنگی لەگەڵ شەڕکەرانی خێڵهكانی ناوچهكه لە هەردووبەری ئەو رێگا 85 کیلۆمەتریه جێگیرکران.
هەڵمەتەکە دوو رۆژ لەمەوبەر دەستیپێکرد بۆ گرتنی ئەندامانی داعش دوایئەوەی هەینی لە راوە وەدەرنران کە دوایین پێگەی شارنشینی بەهێزی گروپەکە بوو لە عێراق.
فەرماندەیی لیوای فوراتی سەروو، عەقید موسا کەربولی، بە دیارونای وت یەکە سەربازییهكان "دەستیانکرد بە پێشرەوی بۆناو بیابانی ئەنبار بەرەو پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ لە باکورەوە."
وتیشی رێگای راوە-قائیم بەتەواوی ئهمینكراوه و خاڵی پشکنین و پێگهی پاسەوانی دانراون و رێگاکە لە بۆمبی دەستکرد پاککراوەتەوە.
هەروەها وتی نزیکەی 50 بۆمبی دەستکرد کە لەلایەن ئەندامانی داعشەوه چێنرابوون بۆ خاوکردنەوەی پێشڕەویی هێزەکانی عێراق، پوچەڵکرانەوە.
کەربولی وتی: "37 شوان کە گومانیان لێدهکرا شەڕکەری هەڵاتوی داعش بن، دەستگیرکران لە ناوچەکە." ئاماژەشی دا بەوەی لە ئێستادا لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت.
وتیشی: "ئێمە رووبەرێکی فراوانی ناوچەکەمان پاککردۆتەوە کە بە دورگەی راوە ناسراوە و گەیشتووینەته ئەو بەشانەی بیابان کە لەژێردەستی هێزە ئەمنیەکاندا نەبووە بۆ چەندین ساڵ."
هەروەها وتی: "ئەمڕۆ هێزە هاوبەشەکانمان پێشڕەویدەکەن بە پشتیوانی سوپا و فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی."
کەربولی وتی: "ئێمە ئەزمونێکی زۆرمان بەدەستهێناوە لە راوەدونانی دوژمن و بەردەوامین لە تێکشکاندنی هەموو حەشارگەکانی [داعش] و پاککردنەوەی بیابانەکە لە بوونی گروپەکە."
وتیشی: "کاتێك ئامانجەکە بهدهستهات ئێمە هێزەکانمان ئاراستەدەکەین لە باشوری روباری فوراتەوە بۆ بیابانی وادی حەوران بەرەو بیابانی روتبە بۆ پاککردنەوەی تەواوی ئەو سنورە لە هەر تیرۆریستێکی خۆحەشارداو."