هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

تەحریر شام پۆلیسی 'حه‌سبە' لە ئیدلیب دادەمەزرێنێتەوە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

بەگوێرەی چالاکوانە ناوخۆییەکان، هاوپەیمانێتی تەحریر شام حه‌سبەی لە چەند بەشێکی پارێزگای ئیدلیب دامەزراندۆتەوە. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبۆتەوە]

بەگوێرەی چالاکوانە ناوخۆییەکان، هاوپەیمانێتی تەحریر شام حه‌سبەی لە چەند بەشێکی پارێزگای ئیدلیب دامەزراندۆتەوە. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبۆتەوە]

هاوپەیمانێتی تەحریر شام حه‌سبە (پۆلیسی ئایینی) دامەزراندۆتەوە لە هەندێك ناوچەی گوندنشینی پارێزگای ئیدلیب، چالاکوانان و خەڵکی ناوچەکە بە دیارونایان وت.

وتیان ده‌وریه‌كانی حه‌سبە لەناو شاری ئیدلیبیشدا بینراون، دوای چەند مانگێك لەوەی دەزگاکە هەڵپەسێردرا بەهۆی ناڕەزایی خەڵکی ناوچەکەوە.

چالاکوانی دانیشتووی ئیدلیب، موسعەب عەساف، کە داوایکرد ناوی خوازراوی بۆ بەکاربهێنرێت تا سەلامەتی بپارێزرێت، وتی ده‌وریه‌كان بەتەواوی دیارنه‌مان، دوای ئەوەی شەڕ دەستیپێکرد لەنێوان تەحریر شام -- کە لەلایەن بەرەی نوسرەی پێشووەوە کۆنترۆڵکراوە -- لەگەڵ لایەنە چەکدارەکانی دیکەی ناوچەکە.

وتی ده‌وریه‌كان ئێستا گەڕاونەتەوە و ئاماژەی بەوەش کرد كه‌ کاری حه‌سبە پێشتر هەڵپەسێردرابوو دوای ئەوەی بەتەواوی رەتکرایەوە لەلایەن ئەو خەڵکەوە کە په‌سه‌ندیان نه‌كرد ملکەچی فەرمانەکانی بن.

عه‌ساف وتی تەحریر شام ئەندامانی حه‌سبەی لە شارەکانی سەلقین و ئیدلیب جێگیرکردووە و وتیشی کە ئەوان دەستیانکردووە بە هەڵکوتانەسەر دوکانەکان تا رێ لە تێکەڵاوبوونی رەگەزەکان بگرن.

هه‌روه‌ها وتی ئەوان دوکاندارەکانی پۆشاکیان ناچارکرد سەری بوکەڵەکان بپۆشن یان بەتەواوی لایانبەرن.

عه‌ساف وتی: "ئەندامانی حه‌سبە دوکاندارەکانیان ئاگادارکردۆتەوە کە یەکەم هەڵە سزاکەی 50 دۆلارە و بە دووبارەکردنەوەی هەڵەکە، دوکانەکە دادەخرێت و خاوەنەکەی دەبرێتە بەردەم دادگای ئایینی."

حه‌سبە فرۆشتنی جگەرە و بەکارهێنانی نێرگەلەی قەدەغەکردووە، هەڕەشەی لە قاوەخانە و خاوەن دوکانەکان کردووە کە بانگێشتیان ده‌كات بۆ دادگای ئایینی لە حاڵه‌تی پێشێلکاریدا.

عەساف وتی یەکشەممە (19 تشرینی دووەم) پاسەوانەکانی حه‌سبە لە شاری ئیدلیبدا سوڕانەوە بەڵام بەبێ ئەوەی خۆیان لە هاوڵاتیان بگەیەنن.

وتیشی: "خەڵکی شارەکە دەرکەوتنی ئەوانیان وەك هۆشدارییەك لەقەڵەمدا بەوەی ده‌وریه‌كان دەگەڕێنەوە."

'رەتکردنەوەی تەواوەتی'

مامۆستایه‌كی ئیدلیب، غادە حسێن، کە لە ترسی سەلامەتی خۆی داوایکرد ناوی خوازراوی بۆ بەکاربهێنرێت، وتی گەڕانەوەی حه‌سبە رووبەڕووی رەتکردنەوەی تەواوەتی خەڵکی دەبێتەوە.

ناوبراو بە دیارونای وت: "فەرمانەکانی گروپەکە بۆ سەپاندنی یاسای ئیسلامی و لێپرسینه‌وه‌ له‌ هاوڵاتیان لەڕێی دەزگای حه‌سبەوە بەتەواوی رەتدەکرێتەوە لەلایەن خەڵکی ئیدلیب و ناوچەکانی دەوروبەریەوە."

وتی: "تەنانەت بوونی حه‌سبە رەتدەکرێتەوە، نەك کارەکانی، دنەدان و سەپاندنی مامەڵەی نامۆیە بە کۆمەڵگە." وتیشی کە زۆر له‌ ژنان کاری جۆراوجۆر ده‌كه‌ن و بەو پێوەرانە توانای جوڵه‌ و بژاردەکانیان سنووردار دەبێت.

خاتو غاده‌ وتی بەڕێوبەری خوێندنگەکان ئاگادارکراونەتەوە کە پێویستە کوڕ و کچ لە خوێندنگەکانیان جیابکرێنەوە.

وتیشی جیاکردنەوەی رەگەزەکان شوێنە گشتیەکانیش دەگرێتەوە و ئاماژەی به‌وه‌ش کرد كه‌ ژنان و کچان رێگەیان پێنەدراوە بەبێ مەحرەم (پاسەوانی نێرینە) بنێردرێنە دەرەوە.

هه‌روه‌ها وتی کارەکانی نوسرە هاوشێوەی ئەوانەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ن کە لەناوچەکانی خۆیدا سەپاندبووی، کاتێك هەوڵیدەدا یاسای ئیسلامی بەزۆر و هەڕەشەی زیندانیکردن و لێدان و سزای دیکە بسەپێنێت.

وتی بەڵام ئەمە تەنیا رەتکردنەوەیانی بەهێزترکرد لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500