حکومەتی عێراق لەگەڵ کەسایەتییه خێڵەكیهکان کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سەقامگیرکردنی کۆمەڵگە نێوخۆییەکان کە لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئازادکراون، سەرچاوەیەك له خێڵهكان هەینی (17 تشرینی دووەم) وتی.
سەرۆك خێڵێك لە شاری حەدیسە، شێخ عەبدوڵا جوغەیفی، کە سەرۆکی ئەحرار فوراتیشە وتی: "حکومەت 41 کەسایەتی دەستنیشانکردووە لە خێڵی جیاواز لە سەرانسەری وڵاتدا."
جوغەیفی بە دیارونای وت ئەو کەسایەتیانە کە پێیان دەوترێت "عاریفە" بەگوێرەی نەریتی خێڵهكان لەنێویاندا سیانیان خەڵکی پارێزگای ئەنبارن.
وتیشی: "عاریفەکان کەسایەتی ناسراون لەنێو خێڵ و کۆمەڵگاکاندا بەهۆی هەڵوێستی نیشتیمانی و ئەرێنییان و پشتیوانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و دادیان بەدەستهێناوە."
هەروەها وتی ئەوان پشتیوانی دادنوس و دادوەر و هێزە ئەمنیەکان دەکەن لە چارەسەرکردنی کێشەكانی نێوان هۆزەکاندا و بەهێزکردنی سەقامگیری لەو شارانەی لەدەست داعش رزگارکراون.
چاککردنهوهی درزەکان
جوغەیفی وتی کەسایەتیهكانی خێڵهکان کاریش دەکەن بۆ چارەکردنهوهی ئهو درز و بەربەرەکانیانهی نێوان خێڵهکان کە لهلایهن ئەندامانی داعشەوە هێنراونهته كایهوه لهو ماوهیهدا كه ناوچەیەکی زۆری وڵاتیان لهژێردهستدا بوو.
جەختیشی كرد لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان کە ئەگەر بە چارەسەرنەکراوی بمێننەوە "لەوانەیە کاریگەری نەرێنی بخەنهسەر هەموو ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستهاتوون دژی تیرۆریستان و هەوڵەکان دوابخات بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری."
لەماوەی داگیرکردنی عێراقدا لە هاوینی 2014، داعش هەوڵیدا سۆزی خێڵەکان بەدەستبهێنێت لەو ناوچانەی دەستیبەسەرداگرتن. ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەو خێڵانە خۆیان ناونوسکرد تا شانبەشانی شەڕکەرە بیانیەکانی ئەو گروپە شهڕبكهن.
ئەو شەڕکەرە نێوخۆییانە کە داعش ناوینان ئەنسار (پشتیوانان) بەشداریانکرد لە کردەوەی توندوتیژیی وەك کوشتن و ئاوارەکردنی بەزۆر و هێرشکردنەسەر موڵكوماڵ لەناوەوە و دەرەوەی کۆمەڵگا ناوخۆییەکاندا.
جوغەیفی وتی: "ئەمڕۆ ئێمە جیابووینەوە لەو گروپە دڕندەیە دوای قوربانییەکی زۆر. ئێستا دەمانەوێت هەموو پاشماوەی تیرۆریستان پاکبکەینەوە و رێگەیان نەدەین سود لەهیچ ناکۆکییەك ببینن."
وتیشی: "هەروەك هێزەکانمان یەکخست بۆ تێکشکاندنیان، ئاوا پێکەوەش کاردەکەین بۆ سڕینەوەی کاریگەرییان و خۆمان تەرخاندەکەین بۆ بنیاتنانەوە."