هێزەکانی عێراق هەینی (17 تشرینی دووەم) دوایین شارۆچکەی وڵاتیان گرتهوه کە هێشتا لەژێردەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا مابوو، لهكاتێكدا بهناو "خەلافەتی" گروپەکە رووبەڕووی داڕمان بووهتهوه لەهەردوولای سنور لەگەڵ سوریادا.
گرتنەوەی خێرای راوە کە شارۆچکەیەکی بچوکە لەسەروی فورات دوای ئەوە دێت کە داعش هێرشی کرایەسەر بۆ دووەم رۆژ لە ئەلبو کەمال کە دوایین شارۆچکەیە هێشتا لەژێردەستیدایە لەسەرانسەری سنورهكه لەگەڵ سوریادا.
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، عەمید یەحیا رەسوڵ، بە دیارونای وت: "هێزەکانی عێراق بەرەبەیانی هەینی هێرشیانکردە سەر راوە لە دوو لاوە."
وتیشی ئەو هێرشە دوو بەرەیە لە ناوچەکانی فورات و مەعامیل ئەنجامدران و ئاماژەشی دا بەوەی هێزەکانی عێراق بەخێرایی ئەمەیان ئەنجامدا دوای شەڕ و پێکدادانی ناوشار لەگەڵ شەڕکەرانی داعشدا بۆ گرتنەوەی ژمارەیەك گەڕەك.
هەروەها وتی: "زیانی قورسی گیانی و مادی بە داعش گەیشتووە."
نێردەی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، برێت مەکگورك، هەینی لە لێدوانێکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا رایگەیاند: "رۆژانی خەلافەتە درۆزنەکە ئێستا له كۆتاییدایه."
داعش لە هەموو قەڵا سەرەکیەکان وەدەرنراوە
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە شەڕی داعش دەکات چوارشەممە رایگەیاند گروپەکە لە سەدا 95 "خەلافەت"ەکەی هەردوو دیوی سنوری لەدەستداوە کە لە عێراق و سوریا رایگەیاند لە 2014.
لەدەستدانەکان هەموو قەڵا گرنگەکانی دەگرێتەوە کە سنورداری دەکات بۆ حەشارگەکانی دەرەوەی شار.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە ئەنبار، فهریق عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا، لە بەیاننامەیەکدا وتی هێزه سەربازیەکانی عێراق و یهكه نیمچهسهربازییهكان "تەواوی راوەیان ئازادکرد و ئاڵای عێراقیان لەسەر هەموو بینا فەرمیەکان هەڵکرد."
سەرەکوەزیران حەیدەر عەبادی ههستا به ستایشكردنی "ئازادکردنی شارەکە له كورتترین کاتدا" و وتی هێزە سەربازیەکان ئێستا "ئۆپەراسیۆنی گەڕان ئەنجامدەدەن لە بیاباندا بۆ پاراستنی سنورهكه لەگەڵ سوریا".
رەسوڵ وتی: "لەڕووی سەربازییەوە داعش تێکشکاوە بەڵام ئێمە پاشماوەکانی راوەدودەنێین بۆ بنەبڕکردنی ئامادەبوونی."
شارەزای کاروباری داعش لە عێراق، هیشام هاشمی، وتی دوای لەدەستدانی راوە گروپەکە چیتر هیچ دەسەڵاتێکی راستەقینەی سەربازی و ئیداری نەماوە.
هاشمی وتی: "ئەوەی ئازادکراوە ئهو ناوچە پڕ له دانیشتوانانەن كه سنورهكانیان دیاریکراوه. بەڵام دۆڵه وەرزیهكانی روبارەکان و مێرگهكان و چۆڵهوانییه بهرینهكانی بیابانهكه کە نزیکەی لهسەدا چواری خاکی عێراق پێکدێنێت هێشتا لەژێردەستی داعش دایە.
لەسەر سنوری سوریا، داعش هێشتا نزیکەی لهسەدا 25 دەوروبەری دێرە زووری لەژێردەستدایە بەڵام لەژێر هێرشدایە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات و رژێمی سوریاوە.