وەزارەتی بەرگری روسیا سێشەممە (13 تشرینی دووەم) چەند وێنەیەکی پۆستکرد و رایگهیاند كه بەڵگەن بۆ ئهوهی سەربازانی ئەمریکا هاوکاریی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەکەن لە خۆرهەڵاتی ناویندا بەڵام بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە یەکێك لە وێنەکان وێنەی یارییەکی ڤیدیۆییە.
پەیجی فەرمی وەزارەتەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا رایگهیاند كه وێنە رەش و سپییهكان له 9 تشرینی دووەم لە نزیك سنووری عێراق و سوریا گیراون و "بەڵگەی حاشاهەڵنەگرە کە ئەمریکا پاڵپشتی یەکە شەڕکەرەکانی داعشی کردووە".
بهڵام رێکخراوی ناحکومیی تیمی ههواڵگریی ململانێكان کە بنكهی لە مۆسکۆیە، هاوشانی چەندین بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، زۆر بەخێرایی یەکێك لە وێنەکانیان بەراوردکرد بە وێنەی یارییەکی شەڕ بهناوی "AC-130 Gunship Simulator: Special Ops Squadron".
بهگوێرهی رێكخراوهكه، وێنهی تر كه لە تویتەر بڵاوکراونەتهوە، دەرکەوتووه كه لە ڤیدیۆوه وەرگیراون لهلایهن وەزارەتی بەرگری عێراقهوه لە 2016 بڵاوكراونهتهوه و هێزی ئاسمانی عێراق نیشاندەدات كه چەکدارانی داعش بۆردومان دەکەن لە فەلوجه.
ئاژانسی فرانس پرێسیش توانی وێنەکان بەراوردبکات کە لە بەیاننامە ئیمەیڵکراوەکەی وەزارەتی بەرگری روسیدا بووە لەگەڵ وێنەی یارییه ڤیدیۆییەکە لەسەر یوتیوب و لێکچونەکەشی پشتڕاستکردەوە.
وێنهكان دواتر لەسەر ئهكاونتی فەیسبوك و تویتەری وەزارەتەکە لابران.
'رستێك درۆ'
باڵوێزخانەی ئەمریکا لە مۆسکۆ لە تویتێکدا رایگهیاند: "ئەمریکا کات ناکوژێت بهو وتە بێمانایانەی وەزارەتی بەرگری روسیاوه کە تۆمەتباریکردووە بە کارکردن لەگەڵ [داعش] بە بەکارهێنانی وێنەکانی یارییەکی ڤیدیۆیی و وێنەی کۆنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە وڵاتێکی دیکەدا."
وتەبێژی سەربازیی ئەمریکا عەقید رایان دیلۆن بەیاننامەکەی روسیای بە "رستێك درۆ" ناوبرد و وتی "تهنها هێندهی ههڵمهته ئاسمانییهكهیان راسته".
وتیشی: "من ناتوانم بە دڵنیاییەوە پشتراستی بکەمەوە بەڵام راپۆرتم بینیوە کە یەکێك لە وێنەکان لە یارییەکی ڤیدیۆییەوە وەرگیراوە، بۆیە جارێکی دیکە ئەوە هاوتەریبی ئەو شتانهیە کە بینیومانن لە [وەزارەتی بەرگری] روسیاوه دێنهدهرهوه کە بێبنەما و ناڕاست و بهتهواوی ساختهن."
سەرەتای ئەمساڵ چەندین لایەنی میدیا سەرۆك ڤلادیمیر پوتینیان بەوە تۆمەتبارکرد کە ڤیدیۆیەکی سەربازی ئەمریکیەکانی لە شەڕی ئەفغانستان لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا وەك هەوڵەکانی هێزی ئاسمانی روسیا لە سوریا ناساندووە.
کرێملین رەتیکردەوە كه پوتین ڤیدیۆی هەڵەی پیشانی دەرهێنەری ئەمریکی ئۆلیڤەر ستۆن دابێت لەکاتی یهكێك له زنجیرە چاوپێکەوتنهكاندا.