هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

عێراق بیرە نەوتەکانی باکور دەخاتەوەگەڕ

خالید تائی

هێزەکانی بەرگری شارسانی عێراقی ئاگری بیرە نەوتێك دەکوژێننەوە کە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌ لە گەیارە ئاگری تێ بەردرابوو لە پارێزگای نەینەوا.

هێزەکانی بەرگری شارسانی عێراقی ئاگری بیرە نەوتێك دەکوژێننەوە کە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌ لە گەیارە ئاگری تێ بەردرابوو لە پارێزگای نەینەوا.

حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ بەگەڕخستنەوەی بیرە نەوتەکان لە ناوچەکانی باکور کە لەده‌ست "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگارکراون و رایگەیاندووە هەندێك لە خەرجیەکانی بنیاتنانەوەی ناوچەکانی پێ دابین دەکرێت.

لە کۆتایی 2014، داعش دەستیگرت بەسەر ئه‌و كێڵگه‌ نەوتیانه‌دا كه‌ هێشتا لەژێر گه‌شه‌پێداندا بوون، بەتایبەتی كێڵگه‌كانی گەیارە و نەجمە لە نەینەوا و عەلاس و عەجیل لە رۆژهەڵاتی تکریت.

گروپەکە چەندین ملیۆن دۆلاری پەیداکرد بە دزین و بەقاچاخبردنی ئەو نەوتە.

پرۆفیسۆری دارایی و بانك لە زانکۆی موستەنسڕییە، سادق بەهادلی، وتی داعش لە لوتکەی دەسەڵاتیدا کۆنترۆڵی به‌شێكی زۆری بەرهەمی نەوتی دەکرد چونکە یەك لەسەر سێی نەوتی یەدەگی عێراق کەوتۆتە باکوری عێراقەوە.

ناوبراو بە دیارونای وت: "جگە لەو بیرە نەوتانەش، چەکدارەکان پاڵاوگەی بێجیشیان کۆنترۆڵ کرد، کە بەرهەمە نەوتیەکانی دەگەیشتە 15 ملیۆن تەن لە ساڵێكدا."

گەڕانەوەی ئەم بیرە نەوتانە بۆ ژێردەستی دەوڵەت یەكێكە لە دەستکەوتە گرنگەکانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش و وتی: "دەکرێت داهاتی زۆر پەیدابکات ئەگەر نۆژەنبکرێنەوە و بەگەڕبخرێنەوە لەسەر پلانێکی تۆکمە و پراکتیکی."

وتیشی: "کۆی بەرهەمی ئەو بیرە نەوتانە دەکرێت بگاتە ملیۆنێك بەرمیل لە رۆژێکدا، کە مانای ئەوەیە نەوتی هەناردە زیاتردەکات و داهاتیش زۆرتر دەبێت."

داهاته‌كه‌ ده‌توانێت كورتهێنانی بودجە پڕبكاته‌وه‌

بەهادلی وتی ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ له‌ داهاتدا دەکرێت كورتهێنانی بودجەی پێ پڕبکرێتەوە کە هۆکارەکەی كه‌مبوونه‌وه‌ی فرۆشی نەوتی عێراقی و دابەزینی نرخی نەوتی خاوە لە بازەڕەکانی جیهاندا.

وتیشی دەکرێت ئەو بۆشاییەش پڕبکاتەوە كه‌ لەلایەن زۆر خەرجیی حکومەتەوە هاتۆته‌كایه‌وه‌ لە سێ ساڵی رابردوودا بەهۆی خەرجیی شه‌ڕ لە دژی داعش و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ ئەو خەرجیە چارەکێكی بودجەی دەوڵەتە لە ئێستادا.

وەزیری نەوتی عێراق، جەبار لوعەیبی، لە 3 تشرینی یەکەم وتی كه‌ فەرمانی کردووە بە دانانی پلانێکی بەپەلە بۆ کاراکردنەوەی كێڵگه‌ نەوتیەکانی پارێزگای نەینەوا.

وتیشی رێنمایی کۆمپانیای نەوتی باکوری کردووە لەگەڵ كاربه‌ده‌ستانی كێڵگه‌ی نەوتی نەینەوا بۆ "دانانی پلانێکی بەپەلە بۆ بۆژاندنەوە و زیاترکردنی بەرهەمی بیرە نەوتەکانی نەینەوا بۆ زۆرتر لە 30,000 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لە چەند مانگی داهاتوودا."

ئامانجەکە بۆ داپۆشینی پێداویستیەکانی وزەیە لە پارێزگاکە و شارە رزگارکراوەکاندا.

لوعەیبی فەرمانی کردووە "هەموو سەرچاوە ماددی و تەکنیکیەکان بهێنرێن بۆ ئەوەی سەرکەوتنی هەوڵەکانی وەزارەتەکە مسۆگەر بكرێت بۆ نۆژەنکردنەوەی یەکەکانی نەوت و كێڵگه‌كان لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین و کەرکوك."

داهاتی نەوت بۆ بنیاتنانەوە

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان، عەبدول زەهرا هینداوی، وتی: "دەستپێکردنەوەی کاروباره‌كان له‌ سێکتەری نەوتدا لە ناوچە رزگارکراوەکان داهاتێك مه‌یسه‌رده‌كات کە دەکرێت بۆ پاڵپشتی هەوڵەکانی بنیاتنانەوە بەکاربهێنرێت."

هینداوی بە دیارونای وت: "دوای رزگارکردنەوەی زۆربەی ناوچەکانمان لە دەست تیرۆریزم، حکومەت ئەمڕۆ هه‌نگاوده‌نێت بۆ چاكردنه‌وه‌ و نۆژەنکردنەوەی پرۆژەکانی هەناردەکردنی نەوت و بۆریەکان."

وتی ئەمەش توانای حکومەت زیاتردەکات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌حه‌داكانی بەردەم بنیاتنانەوە و گەشەکردن لە هەموو ئه‌و شارانه‌دا کە لە دەست داعش رزگارکراون.

وەزارەتی پلاندانان پێشبینی دەکات شارەکان پێویستیان بە لانیکەم 100 ملیار دۆلار بێت بۆ خەرجیی هەوڵەکانی بنیاتنانەوە.

هینداوی وتی حکومەت هەوڵدەدات بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دیکەی داهات جگە لە نەوت بۆ بنیاتنانەوەی ئه‌و ناوچانه‌ی بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون.

ئەندام پەرلەمانی عێراقی، زاهید عەبادی، کە ئەندامی کۆمیتەی پەرلەمانی نەوت و وزەیە، باسی لە پێویستیی زیاترکردنی داهاتی دیکە کرد لەلایەن دەوڵەتەوە جگە لە داهاتی نەوت بۆ ئەوەی لە بنیاتنانەوەدا بەکاربهێنرێت.

عەبادی بە دیارونای وت: "زۆر گرنگە کار بکرێت بۆ بوژاندنەی سێکتەرەکانی بەرهەمهێنانی وەکو گەشت و گوزار، کشتوکاڵ و پیشەسازی."

وتی: "ئێمە سەرچاوەی زۆر و توانای زۆرمان هەیە جگە لە نەوت" و جه‌ختی لەوەش کرد كه‌ ئەو سەرچاوانە دەبێت "بەباشی بەکاربهێنرێن بۆ دروستکردنەوەی ئەو ژێرخانەی داعش رووخاندی".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500