دانیشتوانی شاری سنووریی قائیمی پارێزگای ئەنبار بەترسهوه لە ماڵەکانیان دێنهدهرهوه تا بەناو شەقامە پڕ داروپەردووەکاندا بگەڕێن، لهکاتێكدا هێزەکانی عێراق بەدوای پاشماوەی چەکدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا دەگەڕێن.
ئازادکردنەکە کۆتایی بە سێ ساڵ لە "زیندانی کراوە" دەهێنێت، وەك خۆیان ناوزەدیانکرد.
قاسم دێربی بە زەردەخەنەوە وتی: "لانیکەم دەتوانین بە ئارامی بخەوین بەبێ نیگەرانبوون لە هێرشی ئاسمانی یان دەستگیرکردن."
"چیتر ترسمان لەوە نیە بخرێینە زیندانهوه یان هەر شتێکی دیکە."
هێزەکانی عێراق هەینی (3 تشرینی دووەم) قائیمیان گرتەوە، یەکێك لە دوایین قەڵاکانی داعش لە عێراق.
لهكاتێكدا هێزەکانی عێراق دههاتنەناو شەقامەکانی قائیمهوه و تەپوتۆزیان لێنیشتبوو، نەك تەنیا بەهۆی وێرانکاریی شەڕەوە بەڵکو بەهۆی رەشەبای لمیشەوە، دێربی باسی ژیانی ژێردەستی داعشی کرد.
ساڵی 2014 گروپەکە چووەناو ئەو شارە گرنگەوە کە چەند کیلۆمەترێك لە سنووری سوریاوە دوورە و دەستبەجێ وایکرد هەست بە بوونی بکرێت.
وتی: "رێگەمان پێنەدەدرا تەلەفۆن بەکاربهێنین، نەماندەتوانی بخەوین، هیچ مافێکمان نەبوو بۆ هیچ شتێك."
وتیشی: "ئێمە لە زیندانێکی کراوەدا دەژیاین کە تەنیا رێگەمان پێدرابوو بسوڕێینهوه -- بۆ هەر شتێکی دیکە دژایەتیمان دەکرا."
یەکشەممە، بۆ یەکەمجار و لە ماوەی سێ ساڵدا، ئاڵای نیشتیمانی عێراق جارێکی دیکە لەسەر قائیم بەرزکرایەوە -- لەلایەن سەرهکوەزیران حەیدەر عەبادییەوە.
بەرپرسانی عێراق ئێستا شەڕی دوایین پاشماوەکانی توندڕەوان دەکەن لە دوایین پێگەکانیاندا لە دەوروبەری شارەکە.
لەودیوی سنور لە سوریا، داعش كهوتۆتهبهر ئاگری رژێمی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە هاوپەیمانێتیەکی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی-کوردییە.
'چەوساندنەوە و رسواکردن'
دوای هێرشەکەی داعش لە 2014، بیابانی خۆرئاوای عێراق لە پارێزگای ئەنبار و سنوورە لاوازهكهی بووە پێگەی قاچاخ و هاتوچۆی کاڵای توندڕەوەکان.
عەقیل موسا کە لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی وەستابوو لە قائیم باسی لە "چەوساندنەوە و رسواکردن" كرد لەژێردەستی داعشدا.
وتی: "دەستمان بە هیچ رانەدەگەیشت -- نە خوێندنگە، نە کارەبا، نە ئاو. تەنانەت نانیشمان نەبوو."
دێربی وتی دانبهخۆداگرتن سوودی هەبوو بۆ ئهو ژمارە کەمهی خەڵکی قائیم کە مانەوە، لەنێو 50,000 کەسدا کە لەوێ دەژیان پێش ئەوەی داعش بێتەناوەوە.
وتی: "هێزە ئەمنیەکان ئێمەیان ئازادکرد." وتیشی رۆیشتنی داعش مانای گەڕانەوەی چاوەڕوانکراوی خزم و کەسەکانیانە کە لە کوشتار هەڵاتن.
ههروهها وتی: "ماوەی چەند مانگێکە نەمانبینیون، هەندێکیان چەند ساڵێکە."
"ئەمڕۆ، خوا حهزكات، دەگەڕێنەوە و دووبارە دەیانبینینەوە."
کەمێك لە خوار رێگەکەوە، گروپێکی بچوکی پیاوان، هەندێکیان ئاڵای سپییان پێبوو، رژاونەسەر شەقامەکان، بەنێو ئۆتۆمبیلی سوتێندراودا کە وەك بۆمب بەکارهێنراون.
شەقامەکانی دیکە هێشتا گیراون بە تاسەی خۆڵ کە لەلایەن چەکدارانی "خەلافەت"ەوە دروستکراون و ئێستا بە بلدۆزەری هێزە عێراقییەکان تێکدەدرێن.
منداڵان ئاماژەی سەرکەوتن بەرزدەکەنەوە کە سوپا و سەربازەکان بە شەقامەکاندا تێپەڕدەبن.
لەوکاتەوەی داعش نزیکەی سێیەکی خاکی عێراقی گرت لە 2014، هێزەکانی عێراق تاڕادهیهك هەموویان گرتۆتەوە.
ئێستا تەنیا شاری راوەی ئەو نزیکانە لەسەر رووباری فورات و ناوچە بیابانیهكهی تەنیشتیان لەژێردەستی داعشدا ماون.