هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

دوای شکستی داعش رەققەی سوریا 'شوێنی ژیان' نیە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

دوکانەکانی شاری رەققە ئاماژەی بەرکەوتنی زیانیان پێوەیە دوای شەڕێك بۆ دەرکردنی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

دوکانەکانی شاری رەققە ئاماژەی بەرکەوتنی زیانیان پێوەیە دوای شەڕێك بۆ دەرکردنی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

هەرچەند دڵخۆشن بەوی رزگاریانبووە لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، دانیشتوانی رەققەهێشتا ناتوانن بگەڕێنەوەبۆ ئەوەی لە ماڵەکانیان جێماوە چونکە ژێرخانی شارەکە داڕوخاوە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات هەینی (20ی تشرینی یەکەم) ستایشی "سەرکەوتنی مێژوویی"ان کرد بەسەر داعشدا لە شاری رەققە و بەڵێنیاندا دەسەڵاتی شارەکە بدەنە دەست ئەنجومەنی مەدەنی رەققە، کە باڵی کارگێڕیی مەدەنییە.

بەڵام هێزەکانی سوریای دیموکرات رایانگەیاند كه‌ جارێ ئەوە روونادات -- مەدەنیەکانیش ناتوانن بگەڕێنەوە -- تا لابردنی پاشماوەی تەقه‌مه‌نیه‌کانی شه‌ڕ لە شەقامەکانی شارەکە و دەرهێنانەوەی ئەو جەستانەی لەژێر داروپەردودا گیریانخواردووە.

جێگری بەڕێوەبەری لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە، سەدام هوێدی، وتی: "دۆخی ئێستا لەبارنیە بۆ گەڕانەوەی ئەو مەدەنیانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و دوکان و کێڵگەکانیان."

هوێدی بە دیارونای وت سەرەڕای ئەوەی "مین و داروپەردو لەهەموو شوێنێکە"، کێشەی تر هەیە کە دەبێت باسیبکرێت پێش ئەوەی دانیشتوانه‌كه‌ بگەڕێنەوە.

وتی پێویستیە کورتمەوداکان بۆ بنیاتنانەوەی شارەکە لە دەرەوەی توانای ئەنجومەنەکەدان و داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتی و فریاگوزارییەکان کرد کە دەستوەردانێکی کتوپڕ ئەنجامبدەن.

وتیشی: "لابردنی داروپەردو ئەولەویەتی لەپێشینەیە لەبەرئەوەی تەنیا کاتێك کە بۆمب و جەستەکان لابران و شارەکە پاکژکرایەوە مەدەنیەکان دەتوانن بگەڕێنەوە."

لابردنی داروپەردو و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان

لوئەی مەتەر، ئەندازیارێكی خەڵکی رەققە کە پێشتر کاری بۆ ئەنجومەنی پارێزگا دەکرد، وتی ئەولەویەتی ئێستا کردنەوەی رێگە سەرەکیەکانە کە دێنەسەر شارەکە بە لابردنی داروپەردو و تەقەمەنییه‌كان و دواتر ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوە دەستپێدەکات.

مەتەر بە دیارونای وت: "شارەکە بەم دۆخەی ئێستایەوە ژیان تیایدا ئەستەمە و ناتوانرێت 300,000 دانیشتوانەکەی تێدا جێگیربکرێت." ئاماژەی بەوەشکرد كه‌ داعش بەتەواوی ژێرخانی بنەڕەتیی تێکداوە وەك ئاو و پاکژی و کارەبا.

وتی: "گەڕاوەکان کێشەیان بۆ دروستدەبێت، بەتایبەتی له‌گه‌ڵ نزیکبونەوەی زستان."

وتیشی: "کێشەی کردنەوەی خوێندنگەکانیش گرنگە تا منداڵان زیاتر دوانەکەون لە خوێندن، کە بەوجۆرە بووە لەوکاتەوەی داعش دەستیگرت بەسەر شارەکە و دەوروبەریدا."

مەتەر وتی داعش هەندێك خوێندنگەی کرد بە بنکە و شوێنی مەشقکردن، کە وایکرد هەندێك لە دانیشتوانی رەققە هەڵبێن بۆ کەمپی ئاوارەکانی ئەو نزیکانە تا دەستیان بە خوێندن رابگات بۆ منداڵەکانیان.

وتیشی: "بنیاتنانەوەی شارەکە هیچ کەمترنیە لە رزگارکردنی لەدەست داعش،" بەڵام ئەوە روونادات بەبێ بوونی پاڵپشتیی راستەوخۆی نێودەوڵەتی.

هوێدی وتی لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنەکە کاردەکات بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی تەندروستیی شارەکە بۆ رێخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی مەدەنیەکان.

وتیشی ئامانجی سەرەتایی بنیاتنانەوەی نەخۆشخانە و کلینیکەکانە و ئاماژەی بەوەشکرد كه‌ بنیاتنانەوەی تەواوی سیستمی تەندروستی هەوڵ و پاڵپشتیەکی ماددی بەرچاوی دەوێت.

دانیشتوان خەون بە گەڕانەوەوە دەبینن

جەمال بەکار، جوتیارێکی ناوچەی رەققە کە لە عەین عیسا داڵده‌دراوه‌، وتی: "خەونی من گەڕانەوەیە بۆ رەققە بەهەرجۆرێك بێت. بەڵام دوای دەرکردنی داعش و رزگارکردنی شارەکە دەبێت ماوەیەك چاوەڕێبم چونکە ئێستا هیچ بۆ ژیان ناگونجێت."

بەکار بە دیارونای وت ئەو خەڵکەی شارەکە کە هەڵاتن بۆ کەمپی ئاوارەکان چییان هەبوو لەدەستیانچوو، سەرەڕای حەزیشیان بۆ گەڕانەوە، واقیعەکە ناچاریان ده‌كات به‌ چاوەڕوانكردن.

وتی زۆرینەی خه‌ڵك ماڵ و سامانیان لەدەستداوە، بەڵام جوتیاران ناتوانن بگەڕێنەوە سەر کێڵگەکانیان بەهۆی ئه‌و بۆمبە دەستکردانه‌وه‌ كه‌ داعش چاندونی و تێکدانی تۆڕەکانی ئاودێری لەلایەن گروپەکەوە.

وتیشی: "گروپێك لە مەدەنیەکان ویستیان بگەڕێنەوە بەڵام هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەنجومەنی مەدەنی رەققە کە لە دەوروبەری شارەکە بنكه‌یان داناوە بەشێوەیەکی ژیرانە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکە کرد."

هه‌روه‌ها وتی بەربەست و مەترسییەکانیان بۆ گەڕاوەکان روونکردەوە و هه‌مڕاییان کردن بۆ نزیکترین شوێنی سەلامەت.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند سەرەڕای رێنمایی روون لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە، مەدەنیەکان هەموو رۆژێك لە دەروازەکانی شار چاوەڕوانن بۆ دەرفەتێك تا بڕوانن چی لە ماڵەکانیان بەجێماوە و هەوڵی قایلکردنی چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەدەن تا رێیان پێبدەن بچنە ناوەوە.

ئەو کەسانەی گوێ بە هۆشدارییەکان نادەن، رووبه‌ڕووی مەترسی ده‌بنه‌وه‌، بەجۆرێك تیمێکی پزیشکیی هێزەکانی سوریای دیموکرات رۆژی هەینی رایگەیاند 15 کەس، لەنێویاندا نۆ مەدەنی، کوژراون لەوەتەی شەڕەکە تەواوبووە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500