هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

گۆڕە بەکۆمەڵەکانی داعش: میراتێکی تاوانکاریی گەورە

عەلا حسێن لە بەغدا

تیمە پزیشکیەکانی عێراق پاشماوەی قوربانیانی کەمپی سپایکەر دەردەهێننەوە کە لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)ه‌وە کوژران و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژراون لە ناوچەکە لە 2014. [خاوەندارێتی وێنە: پەیجی فەیسبوکی سپایکەر]

تیمە پزیشکیەکانی عێراق پاشماوەی قوربانیانی کەمپی سپایکەر دەردەهێننەوە کە لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)ه‌وە کوژران و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژراون لە ناوچەکە لە 2014. [خاوەندارێتی وێنە: پەیجی فەیسبوکی سپایکەر]

چەند رۆژێك لەمەوبەر، محەمەد عەبودی پاشماوەی جەستەی کوڕەکەی، کەمال، بەدەستگەیشتەوە، کە دەرهێنرابووه‌وه‌ لە گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە پارێزگای سەلاحەدینی عێراق چەند مانگێك لەمەوبەر.

پێش ئەوە، جەستەکەی بۆ چەند ساڵێك ون بوو.

لە 2014، کەمال مەشقی سەربازیی دەکرد لە کەمپی سپایکەر لە سەلاحەدین، کاتێك پارێزگاکە کەوتە ژێردەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، باوکی بە دیارونای وت.

عەبودی وتی: "دەمانزانی لەلایەن تیرۆریستانەوە کوژراوە چونکە لە یەکێك لەو ڤیدیۆیانەدا بینیمان کە لەلایەن گروپەکەوە بڵاوکرابووه‌وە. لەنێوان ئەو سەربازانەی دیکەدا بوو کە برابوون بۆ سێدارە، بەڵام نەمانبینی بکوژرێت."

سەدان جەستە کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کەمپی سپایکەردا دۆزرانەوە دەردەهێنرێنەوە. [خاوەندارێتی وێنە: پەیجی فەیسبوکی سپایکەر]

سەدان جەستە کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کەمپی سپایکەردا دۆزرانەوە دەردەهێنرێنەوە. [خاوەندارێتی وێنە: پەیجی فەیسبوکی سپایکەر]

هەرکە تکریت رزگارکرا، چیرۆکی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرکەوتن.

عەبودی وتی: "تاکە ئامانجمان دۆزینەوەی پاشماوەی کوڕەکەمان بوو." ئاماژەی بەوەشکرد کە دی ئێن ئەی کوڕەکەی دابوو بە تیمی پزیشکی لە بەغدا تا بتوانرێت بەراورد بکرێت بە سەدان جەستەی تر کە لەو شوێنە دۆزراونەتەوە.

چەند رۆژێك لەمەوبەر، جەستەی کەمال دۆزرایەوە و گەڕێندرایەوە بۆ خێزانەکەی.

عەبودی وتی: "راستیەکەی جەستە نەبوو، بەڵکو تەنیا چەند ئێسقانێکی بێ رواڵه‌ت بوو." بەڵام وایکرد خێزانەکەی بتوانن لە شوێنێکی دیار بینێژنەوە.

وتیشی: "سوپاسی خودا دەکەم کە ئێستا کەمال گۆڕی هەیە و دەتوانین جەژنان سەردانی بکەین."

کوشتنی هەڕەمەکی

خێزانەکەی عەبودی شیعەن، بەڵام خێزانی سەدان هەزار قوربانی دیکەی داعش لە هەموو تائیفەکان کە کەسی خۆشەویستیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزرانەوە چیرۆکێکی هاوشێوەیان هەیە.

ئەبو نزار، سونییەکی حەویجە، هەڵات بۆ کەرکوك دوای ئەوەی داعش ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت لە 2014.

ناوبراو بە دیارونای وت ئەو لەنێوان یەکەمین ئەو کەسانەدا بوو کە گەڕایەوە بۆ حەویجە دوای رزگارکردنی، بۆ گەڕان بەدوای پاشماوەی خزمەکانیدا، کە لەلایەن گروپەکەوە کوژرابوون و رەنگە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا نێژرابن.

وتی لە وێنەیەکدا کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە، داعش دوو ئامۆزای ئەبو نزاری نیشاندا لەسێدارە دەدران. وێنەیەکی دیکە جەستەکانیان نیشاندەدا بە دەروازەی شارەکەوە هەڵواسراون.

ئەبو نزار وتی خزمەکانی لەسێدارەدران "تەنیا بەهۆی ئەوەی یارمەتی هەندێك کەسیان دا لە حەویجە هەڵبێن".

هه‌روه‌ها وتی: "گومانلێکراوبوون بە تێوەگلان لەگەڵ هێزە ئەمنیەکاندا و بڕیاری مەرگیان درا." وتیشی کە رۆژی رۆیشتنی ئەو هاتووە بۆ گەڕان بەدوای پاشماوەکانیاندا لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا، کە دەركه‌وتن دوای ئەوەی شارەکە رزگارکرا.

ئەبو نزار وتی هەوڵی گەڕانەکە سەختتر بوو لەوەی بیری لێدەکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە جەستەکانیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بەهۆی به‌سه‌رچوونی کاته‌وه‌ رزیون.

داوای لە حکومەت کرد بەخێرایی گۆڕەکان هەڵبداتەوە و جەستەکان بناسێنێت، پێش ئەوەی هاوڵاتیان خۆیان گۆڕەکان هەڵدەنەوە و پرۆسەی ناسینەوەکە ئاڵۆزبکەن.

ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی عێراق فازل غەڕاوی وتی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقی بەدەستی داعشەوە ناڵاندیان و دەتوانرێت لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی گروپەکەدا بدۆزرێنەوە.

غەڕاوی بە دیارونای وت: "گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەتوانرێت لە کەمپی سپایکەر، دوزخورماتو و بەشیردا بدۆزرێنەوە لە پارێزگای سەلاحەدین و کەرکوك، کە هەموو قوربانیەکانیان شیعەن."

وتی بەڵام گروپەکە ئەو سوننانەشی دەکردە ئامانج کە دژی بوون و جەستەکانیان دەتوانرێت لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عەلەم، فەلوجە و دیالە بدۆزرێنەوە، لەکاتێکدا چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ کە پاشماوەی ئێزدییەکانی تێدایە لە شەنگال دۆزراونەتەوە.

غەڕاوی وتی: "کۆمەڵگەی عێراقی بەگشتی لەسەر لیستی کوشتاری داعش بوو."

وتی هێشتا نەزانراوە چەند قوربانی فڕێدراونەتە گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە "چونکە سەختە دەستت پێیانڕابگات بەهۆی کێشەی ئەمنیەوە،" وتیشی: "بەڵام هەندێك نیشانەی مەترسیدار ئاماژە بە بوونی هەزاران دەکەن."

شایەتیه‌كانی شایەتحاڵەکان

خەفسە یەکێکە لەو هەزاران گۆرە بە کۆمەڵە به‌دناوه‌ی تائێستا دۆزراونەتەوە، کە ژمارەی نافەرمی ئاماژە بەوە دەکەن پاشماوەی 25,000 جەستەی تێدایە.

لە راپۆرتێكی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤدا کە 22ی ئازار بڵاوکرایەوە، شایەتحاڵەکانی ناوچه‌كه‌ رووداوی تۆقێنەری ئەو قوربانیانە دەگێڕنەوە کە کوژراون و فڕێدراونەتە چاڵی سروشتیەوە، هەشت کیلۆمەتر لە باشوری خۆرئاوای موسڵ.

شایەتحاڵەکان وتیان چەندین كوشتنی بەکۆمەڵیان بینیوە لە چاڵەکاندا ئەنجامدراون، هەندێکجار هەفتانە، لە سەرەتای حوزەیرانی 2014وە و بەردەوامبوو تا ئایار یان حوزەیرانی 2015.

وتیان گوێیان لە چەکدارانی داعش بووە باسی كوشتنی دیکەیان کردووە، ئەوانەی پۆلیسەکانی پێشوو، ئەندامانی پێشووی هێزە ئەمنیەکانی عیراق و ئەندامانی سەحوە.

"هەندێك لە قوربانیەکان رەنگە دەستبەسەرەکانی زیندانی بەدوشبووبن، 10 کیلۆمەتر خۆرئاوای موسڵ، کە داعش لە 10 حوزەیرانی 2014 گرتی،" راپۆرتی رێکخراوەکە رایگەیاند.

پێنج شایەتحاڵ وتیان لە حوزەیرانی 2014، چەکدارانی داعشیان بینی چوار لۆری خەڵکی دەست و چاو بەستراویان هێنا بۆ ناو چاڵەکە. ریزیانکردن لەسەر لێوارەکە و تەقەیان لێکردن تا راستەوخۆ بکەونە ناویەوە.

یەکێك لە شایەتحاڵەکان لە ئەیلولی2014 وتی لانیکەم 13 ژن -- هەموویان بە رووی داپۆشراو و عه‌باو چاوبه‌سته‌وه‌ و به‌ دەستی بەستراوەوە -- بردران بۆ هەمان شوێن و كوژران.

راپۆرتەکە رایگەیاند پێنج شایەتحاڵەکە، کە نزیك بە خەفسە دەژیان، وتیان بیستویانە نزیکەی 3,000 بۆ 25,000 کەس لەو شوێنە كوژراون.

وتیان چەندینجار گوێیان لە هاوار و گوللە دەبوو و سەرەتای 2015 بۆنی جەستەکان وایانلێهات بەرگەی نه‌ده‌گیرا.

بەڵگەی تاوانەکانی داعش

بەگوێرەی وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی عێراق، عەلی بەیاتی، خەفسە "گۆڕی قوربانیانی سه‌ربه‌ هەموو پێکهاتەکانی عێراقە".

بەیاتی بە دیارونای وت: "ئەمە مانای ئه‌وه‌ نیە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دیکە کەمتر گرنگ بن." ئاماژەی بەوەشکرد یەكێك لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی لە بەشیر دۆزراونەتەوە پاشماوەی جەستەی ژنێکی تێدایە لەگەڵ منداڵەکانیدا.

وتی سەرەڕای قەبارەی بچوکی، گۆڕەکە هێشتا رەنگدانەوەی "دڕەندەیی تاوانبارانە کە بێ هیچ هۆیەك ژنێك و منداڵەکانیان کوشتووە".

بەیاتی داوای پاڵپشتی و پسپۆڕی نێودەوڵەتی کرد بۆ یارمەتیدانی بەرپرسانی عێراق، کە نوێنەرایەتی دەکرێن لەلایەن دەزگای شەهیدانی عێراقەوە، بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان و ناسینەوەی جەستەی ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە سەرانسەری وڵاتدا.

وتی عێراق رووبه‌ڕووی سەختییەکی ئابوری بۆتەوە و کێشەی هەیە لە دەستکەوتنی پارە بۆ هەڵدانەوە. "سەرەڕای ئەوەش، ژمارەیەکی زۆر گۆڕی بەکۆمەڵ هەن کە هەزاران قوربانییان تێدایە کە هیچ دەزگایەکی عێراقی بەتەنیا ناتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات."

بڕیاری ژمارە 2379ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان، کە 21 ئەیلول دەرکرا، داوای لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد تیمێکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە دابمەزرێنێت بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵە نێوخۆییەکان تا داعش بەرپرسیار رابگرێت بەرامبەر کارەکانی لە عێراقدا.

تیمەکە بەڵگەی ئەو کارانە کۆدەکاتەوە و دەیهێڵێتەوە و دەیپارێزێت کە دەبنە تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون لە عێراق.

تیمەکە کاردەکات بە رێزگرتنی تەواو لە سەروەری عێراق و دەسەڵاتی یاسایی بەسەر تاوانەکاندا کە لە ناوچەکەیدا ئەنجامدراون و دادوەری لێکۆڵینەوەی عێراقی تێدادەبێت لەگەڵ پسپۆڕی تاوانکاریی دیکە، کە لەگەڵ پسپۆڕە نێودەوڵەتیەکاندا کاردەکەن.

بەیاتی وتی بڕیارەکە میکانیزمێك پێشکەشدەکات تا عێراقیەکان گۆڕەکان هەڵبدەنەوە، چونکە ئەم شوێنانە بەڵگەی گشتگیریان تێدایە دەربارەی تاوانەکانی داعش.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500