هێزەکانی سوریای دیموکرات کێوماڵی پاشماوەکانی رەققەیان کرد بۆ رزگاربووان و بۆمبهكان، چوارشەممە (18 تشرینی یەکەم)، دوای دەرکردنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و وەشاندنی زەبرێکی کوشندە لە خەونی بوون به دەوڵەتی.
هێرشێکی خێرای کۆتایی سێشەممە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە وایکرد بەرگرییهكانی گروپەکە دابڕمێن، خێراتر لەوەی پێشبینیدەکرا و رێیدا بە هێزە رزگارکەرەکان سەرکەوتنێکی بەرچاو بەدەستبهێنن لە شەڕی سێ ساڵەیاندا دژی داعش.
چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات گروپەکانی داعشیان لە نەخۆشخانەی سەرەکی رەققە و یاریگای شارەوانی دەرکرد و کۆتاییان هێنا بە هێرشێکی چوار مانگە بۆ دەرکردنی گروپەکە لە پایتەختی دیفاکتۆی بەناو "خەلافەت"ەکەی.
هێزەکانی سوریای دیموکرات سێشەممە ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا لە مەیدانی نەعیم، کە ناسراوە بە "گۆڕەپانی دۆزەخ"، کە داعش بەکاریدەهێنا بۆ لهسێدارهدانه جەماوەرییهكانی.
چەکدارێكی هێزەکانی سوریای دیموکرات، حازم کۆبانێ، وتی "ئەمە ئەو ساتەیە کە چاوەڕێی بووین،" کە ئاڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵبکەین لە گۆڕەپانەکە، کە داعش سهردهمێك چەندین سەری بڕاوی رکابەرەکانی پێوەدهکرد و لەوێ کتێب و بهسته جگەرەكانی دهسوتاند.
شارێکی دڵشکاو
ههچهنده دووریش بوون لە هێڵی پێشەوە، خەڵکی رەققە زۆر هەستیان جوڵا کاتێک زانییان نەعیم گیراوەتهوه.
ئوم عەبدوڵا، 44 ساڵ، کە سێ ساڵ لەمەوبەر لەدەست داعش هەڵات وتی: "برازاکەیان سەربڕیم. چوار جار شێلاقەم لێدرا لەسەر نەبەستنی نیقاب بە دروستی."
لەکاتێکدا بیری لەو چەند مانگە کردەوە کە لەژێر فەرمانڕەوایی داعشدا بوو، دەستیکرد بە گریان.
وتی: "بەهیوام سەری هەموو چەکدارانی داعش بەهەمان ئهو پهرژینه ئاسنانهدا هەڵواسرێت."
ئەحمەد حەسەن، ئەندامێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە خەڵکی رەققەیە، وتی گرتنهوهی گۆڕەپانەکە یادەوەری ستەمکارییەکانی داعشی هێنایەوە بیر.
بەڵام هێشتا بیری یادەوەرییەکانی نەعیمی ماوە پێش ئەوەی داعش لە 2014 شارەکە بگرێت.
لهكاتێدا حەسەن ئاماژهیدا به گۆرانبێژێکی لوبنانی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ناسراوە، وتی: "پڕبوو لە رێستۆرانت، قاوەخانە، باشترین حانوتیش کە هۆڵی مۆسیقایان هەبوو، فەیروزیان لێدهدا، بە دەنگی بەرز بەجۆرێك لەهەموو رەققەدا گوێت لێی دەبوو."
وتی هێشتا بیری ماوە مۆزی لە عەرەبانەیەك دەکڕی لەوێ و کێکی لە دوکانێکی بچوك دەکڕی کە پیاوێك بەڕێوەیدەبرد ناوی ئەبو محەمەد بوو.
ئەو کە لە عەین عیسای باکوری رەققەوە قسەیدەکرد، وتی: "بەهیوام بتوانین هەموویان بگەڕێنینەوە، گەر هێشتا لە ژیاندا مابن."
پاککردنەوەی شەقامەکان
چوارشەممە، تیمهكانی چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات جێگیرکران لەنێو داروپەردووی شەقامەکاندا بۆ گەڕان بۆ تەقەمەنییه نەتەقیوەكان و بۆمب کە لەلایەن گروپەکەوە جێهێڵراون.
وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات مستەفا بالی وتی: "دەیانەوێت دڵنیابن لەوەی چیتر شانەی نوستوو نەماوە."
بالی وتی "ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی مین و کردنەوەی شارەکە بەردەوامە" و وتیشی کە هێزەکانی سوریای دیموکرات تەنیا کاتێک رزگارکردنی شارەکە رادەگەیهنن كه ئۆپهراسیۆنهكه تهواوبوو.
هاوکات، هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەزگای هەواڵگریی کوردی رێنمایی روونیان بڵاوکردۆتەوە کە رێگرییان لە خێزانە ئاوارەکان کردووە هەوڵی گەڕانەوە بدەن بۆ نێو ماڵەکانیان.
ئاسایش، کە دەزگای ئەمنی ناوخۆی کوردە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "تکا لەو خەڵکە دەکەین کە لەکاتی فەرمانڕەوایی داعشدا هەڵاتن نەگەڕێنەوە بۆ شارەکە لەبەر سەلامەتی خۆیان تا بۆمب و تەقەمەنی ناهێڵین."
لەکاتێکدا رەققە رزگارکراوە، رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی سێشەممە هۆشداری دا کە قەیرانی مرۆیی لە ناوچەکە هێشتا پەرەدەسێنێت.
بەڕێوەبەری سوریای ئەو رێکخراوی کۆمەکە، سۆنیا خوش، لە بەیاننامەیەکدا وتی: "هێرشی سەربازی بۆ رەققە رەنگە کۆتایی بێت، بەڵام قەیرانی مرۆیی هێشتا لەهەرکات گەورەترە."
رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی هۆشداری دا کە ئەو "نزیکەی 270,000 کەسەی لە شەڕی رەققە هەڵاتون هێشتا زۆر پێویستیان بە کۆمەکە و کەمپەکان زۆر جەنجاڵ و پڕن" و وتیشی زۆربەی خێزانەکانی رەققە ماڵیان نیه بۆی بگەڕێنەوە.