هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

چالاکوانان هۆشداریدەدەن قەیران مەترسی بۆسەر گرتوخانەی حومس دروستدەکات

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

بەندکراوانی گرتوخانەی ناوەندیی حومس لەم وێنە ئەرشیفەدا لە 2016. [خاوەنی وێنە: ئەیاد عاسی]

بەندکراوانی گرتوخانەی ناوەندیی حومس لەم وێنە ئەرشیفەدا لە 2016. [خاوەنی وێنە: ئەیاد عاسی]

گرتوخانەی ناوەندیی حومس کە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی رژێمەوە بەڕێوەدەبرێت لە لێواری کارەساتێکی مرۆییدایە، چالاکوانێکی سوری هۆشداریدا بە دیارونا.

چالاکوانی بواری میدیا، ئەیاد عاسی، وتی زیندانیانی سیاسی کە لە بەندیخانەکەدا گیراون خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا سێشەممە (17 تشرینی یەکەم) بۆ داواکردنی ئازادکردنیان دوای چەندین ساڵ لە بەندکردن بەبێ دادگایی.

عاسی بە دیارونای وت ژمارەیەك چالاکوان توانیویانە پەیوەندی بكه‌ن به‌ نزیکەی 2,000 بەندکراوه‌وه‌ لەناو گرتوخانەکەدا.

وتیشی لەو ژمارەیە زیاتر لە 500 کەسیان بەشێوەی هەڕەمەکی دەستگیرکراون له‌سه‌ر دژایەتیکردنی رژێمی سوریا و بەشێوەی رەشبگیری هێڵدراونەتەوە. هیچ کامێکیان نەدراونەتە دادگا.

وێنەیەکی دزەپێکراو بەندکراوانی گرتوخانەی ناوەندیی حومس پیشاندەدات کە خۆپیشاندان دەکەن سێشەممە (17 تشرینی یەکەم). [خاوەنی وێنە: ئەیاد عاسی]

وێنەیەکی دزەپێکراو بەندکراوانی گرتوخانەی ناوەندیی حومس پیشاندەدات کە خۆپیشاندان دەکەن سێشەممە (17 تشرینی یەکەم). [خاوەنی وێنە: ئەیاد عاسی]

بەندکراوانی گرتوخانەی ناوەندیی حومس نارەزایی ده‌رده‌بڕن و داوای ئازادکردنیان دەکەن لەکاتی خۆپیشاندانێکی پێشویاندا لە بەندینخانەکە. [خاوەنی وێنە: ئەیاد عاسی]

بەندکراوانی گرتوخانەی ناوەندیی حومس نارەزایی ده‌رده‌بڕن و داوای ئازادکردنیان دەکەن لەکاتی خۆپیشاندانێکی پێشویاندا لە بەندینخانەکە. [خاوەنی وێنە: ئەیاد عاسی]

هەروەها وتی هەندێكیان زیاتر لە پێنج ساڵە بەندکراون و ئاماژەشی دا بەوەی "ژمارەیەکی زۆری بەندکراوان لە گرتوخانەی جیاواز گیراون و شەش مانگ لەمەوبەر لە گرتوخانەی حومس کۆکراونەته‌وە.

عاسی وتی: "خۆپیشاندان و مانگرتنی ئەمدواییە دوایئەوە دەستیپێکرد کە دەستەی نوێی بەڕێوەبەری گرتوخانەکە فەرمانیدا هەندێك خۆراك لە بەندکراوان ببڕێت.

وتیشی هەروەها دەرمان و چاودێری پزیشكییان لێبڕدراوە و رێگەیان لێگیراوە لە بەدەستگەیشتنی پارە کە لەلایەن کەسوکاریانه‌وه‌ بۆیان دەنێردرا یان چاوکەوتن بە سەردانیکەرانیان.

رێکاری سزای توند

عاسی وتی کاتێك بەندکراوان جوڵانه‌وه‌یه‌كیان راگه‌یاند بۆ یاخیبوونی مه‌ده‌نی و دوایانکرد لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی دەستتێوەردان بکات و رزگاریان بکات، ئاو و کارەبا لە گرتوخانەکە بڕدرا لەلایەن ئیدارەکەیەوە.

وتیشی لە ترسی ئەوەی ئەو هێزە تایبەتانەی لە گرتوخانەکەدا جێگیرکراون هێرشبکەنە سەر ئەو بەشانەی لێیگیراون، بەندکراوان ئەو ناوچانەیان گرت بەبەکارهێنانی هه‌رشتێك به‌رده‌ستیان بكه‌وتایه‌.

هەروەها هۆشداریدا: "ئەگەر هێرشیان کرابایەسەر، قەتڵوعامێکی راستەقینە لەنێو بەندکراواندا روویدەدا" بەهۆی ژماره‌یئەو قەرەباڵغیە بێئه‌ندازه‌یه‌وه‌.

عاسی وتی لەناو گرتوخانەکەدا هەر ژوورێك کە بۆ لەخۆگرتنی چوار تا پێنج بەندکراو دروستکراوە، 20 بەندکراوی تێدایە و هۆڵە گەورەکانیش پڕبوون بە چەندین بەندکراو کە سه‌ره‌تاییترینی پێداویستییه‌كانیشیان نییە.

وتیشی قەیرانی گرتوخانەی ناوەندیی حومس بڕیاربوو چارەسەر بکرێت لەو کاتەوه‌ی رێککەوتنی ئاشتەوایی ئەنجامدرا لەنێوان رژێم و باڵەکانی ئۆپۆزسیۆندا.

وتی بەڵام رژێم رێزی لەو رێککەوتنانمانە نەگرت بەبیانوی ئەوەی پێویستە بەندکراوان لەپێشدا دادگایی بکرێن کە هێشتا دەستیپێنەکردووە.

وتیشی: "زۆربەی بەندکراوان بە هۆکاری توندی سیاسی دەستگیرکران دوای روودانی چالاكیی شۆڕشگێڕانه‌ لە سوریا."

هەروەها وتی لەنێویاندا ئەوانە هەن کە چەکیان هەڵگرتووە لەگەڵ سوپای سوریای ئازاد -- بەواتایه‌كی تر نەك ئەوانەی چەکیان لەگەڵ ئەو گروپە تیرۆریستیانەدا هەڵگرتووە کە لە سوریادا هەن.

مێژوویەك له‌ توندوتیژی

ئەمە یەکەمجار نیە کێشە لە گرتوخانەی ناوەندیی حومسدا رووبدات.

لە 21 تەمموزی 2012 ئاژاوەیەك لە گرتوخانەکە روویدا و بەندکراوان دەستیان بەسەر چەند بەشێکیدا گرت، بەگوێرەی راگەیاندراوێکی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ.

لە بەرامبەردا هێزەکانی رژێم گرتوخانەکەیان دەورەدا و تەقەیانکرد و گازی فرمێسكڕێژیان بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر گرتوخانەکە و سەرچاوەی خۆراك و ئاویشیان بڕی.

لانیکەم حەوت حاڵەتی مردن، لەنێویاندا سێ منداڵ، تۆمارکرا.

دوای رووداوەکە، رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ داوای لە هێزە ئەمنیەکان کرد، لەنێویاندا پاسەوانانی گرتوخانەکە، بۆ پابەندبوون بە بنه‌ما سەرەتاییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانه‌وه‌ سەبارەت بە بەکارهێنانی هێز و چەك لەلایەن بەرپرسانی جێبەجێکردنی یاساوه‌.

بنه‌ماكان داوا لە بەرپرسانی جێبەجێکردنی یاسا دەکات "زیانه‌كان و بریندارکردن کەمبکەنەوە و رێز لە ژیانی مرۆڤ بگرن و بیپارێزن" و تەنیا هێزی کوشندە لەکاتێکدا بەکاربهێنن کە بەتەواوی نەتوانن ژیان بپارێزن.

روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند هێزەکانی رژێمی سوریا خۆپیشاندانێکی تریان لە گرتوخانەکەدا کپکردەوە لە 9 ئەیلول 2013.

روانگەکە رایگەیاند لە 2014 بەندکراوانی گرتوخانەی ناوەندیی حومس مانگرتنیان لە خۆراك ئەنجامدا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەردەوامیدان به‌ بەندکردنیان.

هەندێکیان خزمەتی سزاکانیان تەواوکردبوو، هەندێکیشیان سزای هەتاهەتایی درابوون بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشانداندا لەکاتی روودانی شۆڕشەکەدا، لەکاتێکدا ئەوانیتر بەندکراوی تاوان بوون کە سزایان تەواوکردبوو بەڵام ئازادنەکرابوون و رژێم دەیگوت فایلەکانیان ونبووە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500