بۆ ریشەکێشکردنی ئایدۆلۆژیای توندڕەو کە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە برەوی پێدەدرێت، ماوەیەکە حکومەتی ناوخۆیی نەینەوا کاردەکات بۆ بەهێزکردنی رۆڵی پیاوە ئایینییەکان لە برەودان بە هۆشیاریی ئایینییدا.
لیژنەی وەقف و کاروباری ئایینی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا سێشەممە (17ی تشرینی یەکەکم) دەستپێکی پرۆژەی "رێنمایی و چاکسازی"ی راگەیاند بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانەکانی وهقفی سوننە و شیعە و مەسیحیەکان.
بەگوێرەی سەرۆکی لیژنەكه، غانم حەمید، ئامانجی پرۆژەکە "برەوپێدانی رۆحی برایەتی و ئاشتییە لەنێو ئەندامانی کۆمەڵگە و رەتکردنەوەی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی داعشە".
حەمید بە دیارونای وت بەرپرسەکانی پارێزگا دەستیانکردووە بە سازدانی کۆبوونەوە و راوێژکاری لەگەڵ وتاربێژانی مزگەوت و ئیمام و چەندین پیاوی ئایینی، چونکە ئەم کەسانە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر خەڵکی ناوچەکە هەیە.
وتیشی: "دەمانەوێت ئەم گروپە لە خەڵك رۆڵێکی چالاکیان هەبێت لە پەروەردەکردنی هاوڵاتیاندا دەربارەی ئایینی ئیسلام کە تەرکیز بخاتە سەر میانڕەوی." جەختیشیکردەوە لەسەر پرۆگرامێك کە بانگەشە بکات بۆ مامەڵەکردنی ئەخلاقیانە لەگەڵ خەڵك.
وتی: "هەروەها هەوڵدەدەین بۆ ئامادەکردنی پرۆگرامێکی رێنمایی ئایدۆلۆژی بۆ هەموو گروپە کۆمەڵایەتیەکان، بەتایبەتی خەڵکی لاو و هەرزەکاران."
وتیشی بەتایبەتی لاوان هەستیارن بۆ بوونه نێچیری گروپی وەك داعش، کە هەوڵدەدات رایانکێشێت بە "كاریگهریكردنه سهر هزریان و هەڵخەڵەتاندیان بە وتار و دروشمی ساختە".
'فڕێدانی زبڵی ئایدۆلۆژی'
حهمید وتی زۆر گرنگە بۆ داهاتووی پارێزگاکە کە شوێنەکانی خواپهرستی و دەزگا پەیوەندیدارەکان بەشداریبکەن لە بەرنامەكانی رێنمایی و چالاکییەکاندا.
ههروهها وتی ئەنجومەنەکە هەوڵیشدەدات سوود ببینێت لە کاریگەریی سەرکردە خێڵەکییەکان، چالاکوانانی مەدەنی و سەرکردە خاوەن بیروڕاکان لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی بنهمای میانڕەویی لە بیر و رەوشتدا.
وتیشی ئامانج فڕێدانی زبڵی ئایدۆلۆژیی گروپە تیرۆریستیەکانە.
تێبینی ئەوەشیکرد کە داعش بەشێوەیهكی چڕوپڕ پشتی دەبەست بە وتاربێژان بۆ بڵاوکردنەوەی ژەهری خۆی و پروپاگەندەکانی لەڕێگەی مزگەوتەکانەوە و هەوڵیدەدا نەك هەر خەڵك بە لاڕێدا بەرێت و بیروباوەڕە چەسپیوەکانیان نەهێڵێت، بەڵکو دەیتۆقاندن و بێدەنگیشی دەکردن.
وتی: "زۆربەی ئەم وتاربێژانە -- كه بە 100 بۆ 150 وتاربێژن دهخهمڵێنرێن -- لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کوژران لەکاتی شەڕی ئازادکردنی موسڵدا."
بەڵام هەندێك وتاربێژی داعش توانییان هەڵبێن.
وتیشی: "ناو و وردەکاریی ئەم کەسانە لەلایەن بەرپرسە ئەمنیەکانەوە زانراوە و وەك تیرۆریست و داواکراوی دادگا تۆمارکراون." ههروهها باوەڕی خۆی دەربڕی بەوەی بەرپرسان دواجار دەتوانن شوێنپێیان هەڵگرن.