هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

داعش 'خەلافەت'ەکەی لەدەستدەدات له‌گه‌ڵ راگەیاندنی سەرکەوتن لە رەققە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە

ئاژانسی فرانس پرێس

ئەندامانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆدەبنەوە لە گۆڕەپانی بەناوبانگی نەعیم لە رەققە لە 17ی تشرینی یەکەم دوای سه‌ندنه‌وه‌ی تەواوەتی شارەکە لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [بولەنت کیلیچ / ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەندامانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆدەبنەوە لە گۆڕەپانی بەناوبانگی نەعیم لە رەققە لە 17ی تشرینی یەکەم دوای سه‌ندنه‌وه‌ی تەواوەتی شارەکە لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [بولەنت کیلیچ / ئاژانسی فرانس پرێس]

هێزەکانی سوریای دیموکرات سێشەممە (17ی تشرینی یەکەم) رایانگەیاند کە به‌تەواوەتی رەققەیان لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) سه‌ندۆته‌وه‌، بە شکستهێنان بە دوایین حەشارگەکانی پایتەختی دیفاکتۆی سوریای "خەلافەت"ەکەیان کە لەئێستادا په‌رشوبڵاوبووه‌ته‌وه‌.

لەنێو رەققەدا، چەکدارە دڵخۆشەکانی هاوپەیمانێتیە عەرەبی-کوردییەكه‌ ئاهەنگیان گێڕا و ئاڵا زەردەکانیان لە گۆڕەپانی نەعیمی شارەکەدا بەرزکردەوە، کە ناسراوە بە "مەیدانی دۆزەخ" دوای ئەوەی بەکارهێنرا بۆ لەسێدارەدانی قێزەونی به‌رده‌م جەماوەر.

چەکدارەکان به‌ خۆشییه‌وه‌ هاواریانده‌كرد: "مەیدانی دۆزەخ دووبارە مەیدانی نەعیمە،" له‌كاتێكدا دەوریانگیرابوو بە بینای رووخاو و ئۆتۆمبیلی تێكشکاو و سوتاو لە شەڕێکی سەختدا بۆ شارەکە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە لە 6 حوزەیرانەوە شەڕی نێو شارەکە دەکه‌ن، توانییان ئەو چەند سەد سەربازەی داعش کە لە رەققە جێمابوون دەربکه‌ن لە دوایین پێگەکانیان لە نەخۆشخانەی سەرەکی و یاریگای نیشتیمانی.

وتەبێژی هاوپەیمانێتیەکە تەڵاڵ سەلۆ بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "هەموو شتێك لە رەققە تەواوبووە، هێزەکانمان ئێستا دەستیانگرتووە بەسەر رەققەدا بەتەواوەتی."

وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کێوماڵی شارەکە دەکه‌ن بۆ هەر ئەندامێکی ماوەی داعش کە خۆی رادەستنەکردووە یان نەکوژراوە، وتیشی کە ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی مینیش دەستیپێکردووه‌.

سەلۆ وتی: "ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە رەققە تەواوبووە، بەڵام ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوە ئێستا بەردەوامە بۆ دەرخستنی هەر خانەیەکی نوستوو لەوێ و بۆ پاککردنەوەی مینەکان."

راگەیاندنەکە چەند رۆژێك دوای ئەوە هات كه‌ هێزەکانی سوریای دیموکرات وتیان له‌ دوایین قۆناغی ئۆپەراسیۆنەکەدان بۆ گرتنەوەی شارەکە.

شەڕی توند

ترسی ئەوە هەبوو هاوپەیمانێتییەکە گیربخوات لە شەڕێکی دوورودرێژدا بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی لەسه‌دا 10ی شاره‌كه‌ كه‌ ئەندامانی داعش تێیدا خۆیان ئامادەکردبوو بۆ دوایین به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌.

هێزەکانی سوریای دیموکرات وتیان شەڕەکەی سێشەممە توند بوو لە دەوروبەری نەخۆشخانە و یاریگاکە، بەڵام گرتنەوەیان لە ماوەیەکی کەمدا خێرا راگەیەندرا كه‌ وایکرد بوونی سێ ساڵەی داعش لە شارەکەدا کۆتایی پێبێت.

سەلۆ لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا وتی "رزگارکردنی شارەکە" بەمزوانە رادەگەیەنرێت.

شەڕی نێو شارەکە سەخت بوو، بەجۆرێك روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند سێشەممە زیاد لە 1,000 مەدەنی لە شەڕەکەدا کوژراون.

روانگەکە تەواوی قوربانیەکانی خەمڵاند بە 3,250 کە 1,130 مەدەنییان لەنێویاندا بوو، بەڵام رایگەیاند هێشتا بە سەدان ونبوو مابوون.

بە دەیان هەزار مەدەنی لە شەڕەکە هەڵاتن، هەندێكیان پێش گەیشتنی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵاتن و هەندێکی دیکە هەڵاتن بەرەو هێزەکان کاتێك پێشڕەوییان دەکرد بۆ ناو شارەکە.

داعش كورتبۆته‌وه‌ بۆ 'ناوچەیەکی زۆر بچوك'

بۆ ئوم عەبدوڵای خەڵکی رەققە، کە سێ ساڵ لەمەوبەر لە شارەکە هەڵات، هەواڵی سه‌ندنه‌وه‌ی لەدەست داعش سۆزبزوێن بوو.

ئەم ژنە 44 ساڵە لە شاری کۆبانێوه‌ له‌ باکوری رەققە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ناتوانم وه‌سفی بەختەوەرییه‌كه‌م بكه‌م."

"کاتێك خوشکەکەم پێیوتم رزگارکراوه‌، دەستیکرد بە گریان و دواتر من دەستمکرد بە گریان. سوپاس بۆ خودا. سوپاس بۆ خودا."

دوای ئەوەی داعش لە 2014 رەققەی گرت، شارەکە بووە هاوواتای خراپترین مامەڵەی گروپەکە و کرا بە ناوەندی پلاندانان بۆ هێرشەکانی دەرەوە.

توێژەر لە ناوەندی بیر و لێکۆڵینەوەی نیو ئەمێریکان سیکیوریتی (ئاسایشی نوێی ئه‌مریكا) نیکۆڵاس هێراس وتی گرتنەوەی وادەکات گروپەکە "ناوچەیەکی زۆر بچوك"ی لەژێردەستدا بمێنێت لە پارێزگای دێرەزووری هاوسێی.

وتی: "داعش دەخزێنرێتە ناوچەیەکی ته‌سكه‌وە به‌درێژایی دۆڵی روباری فوراتی ناوه‌ڕاست لە پارێزگای دێرەزوور."

"ئەمە دەبێتە چه‌قی قورسایی داعش لە سوریا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500