هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

عێراق دەستدەکات بە بنیاتنانەوەی عەننە دوای چەند رۆژێکی کەم لە ئازادکردنی

عەلا حسێن لە بەغدا

هێزە ئەمنیەکانی عێراق چاودێری خاڵێکی پشکنین دەکەن لە عەننەی پارێزگای ئەنبار بۆ بەجێهێنانی ئاسایش لە شارەکەدا. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی قەزای عەننە]

هێزە ئەمنیەکانی عێراق چاودێری خاڵێکی پشکنین دەکەن لە عەننەی پارێزگای ئەنبار بۆ بەجێهێنانی ئاسایش لە شارەکەدا. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی قەزای عەننە]

دەستبەجێ کە دەنگی تەقە کپبوو و هێزەکانی عێراق عەننەیان لە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) گرتەوە، زنجیرەیەك چالاکیی بنیاتنانەوە دەستیپێکرد بۆ چاککردنەوەی خزمەتگوزاریەکانی ئەو شارەی پارێزگای ئەنبار.

ئازادکردنی عەننە لە 21 ئەیلول، تەنیا دوو رۆژ دوای دەستپێکردنی هێرشی ئازادکردنەکە، دوایئەوەهات کە هێزەکانی عێراق پێشڕەوییانکرد لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەدا بۆ وەدەرنانی داعش لە بەشی ئەوپەڕی رۆژئاوای وڵاتەکە.

ئازادکردنی خێرای عەننە نەبووە هۆی خاپورکردنی زۆری ژێرخانی شارەکە، بەرپرسانی عێراق وتیان، بەڵام هۆشداریی ئەو زیانانەیاندا کە ئەنجامدراوە دوای چەندین ساڵ لە فەرمانڕەوایی داعش.

پلانێكی دوو قۆناغی بۆ بنیاتنانەوە

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، تەها عەبدولغەنی، وتی دەستبەجێ کە عەننە ئازادکرا دەسەڵاتی خۆجێیی پلانێکی دوو قۆناغیی بنیاتنانەوەی دەستپێکرد.

عەبدولغەنی بە دیارونای وت: "قۆناغی یەکەم پێکدێت لە پاککردنەوەی شارەکە لە پاشماوه‌ی تەقەمەنییه‌كانی [داعش]."

وتیشی یەکە ئەندازیارییە سەربازیەکان پێشتر دەستیانكردووه‌ بە کار بۆ لابردنی مین و تەقەمەنی و ئاماژەشی دا بەوەی شکانی خێرای گروپەکە رێگریلێکردوون لە پیسکردنی هەموو شارەکە بە پاشماوەی نەتەقیو، جگە لە ژمارەیەك بینای حکومی.

قۆناغی دووەم بریتییە لە چاککردنەوەی خزمەتگوزاریەکانی وەك ئاو، کارەبا، گواستنەوە و بەرهەمێنانی نەوت دوای ئەنجامدانی ئامارگیری لەسەر زیانەکان.

سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، موشتاق تالیب، وتی پارێزگاکە لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێناوە بە سەرۆکایەتی جێگری پارێزگار، عەلی فەرحان، کە سەردانی شارەکەی کرد دوای چەند رۆژێك لە ئازادکردنی.

وتیشی فەرحان بە یاوەریی لێپرسراوانی ئاو، هاتوچۆ، ئاوەڕۆ و دەسەڵاتدارانی شارەوانی زیانی شارەکەیان هەڵسەنگاندووە.

چاککردنەوەی تۆڕی پەیوەندیەکان و رێگاکان

تالیب وتی زۆبەی خۆبەخشانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت بەڵێنیاندابوو پاڵپشتی له‌ هەوڵه‌كانی بنیاتنانەوە بکەن لە شارەکەدا هەر کە لە داعش پاککرایەوە.

وتیشی خەڵك بە پەرۆشه‌وه‌ن بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانی ئاسایی لە شارەکەدا.

هەروەها وتی: "زۆربەی زیانەکان بەر دەزگا حکومییه‌كان کەوتوون کە داعش هەوڵیدا تێکیانبشکێنێ لەماوەی فەرمانڕەواییدا و کاتێكیش لە شارەکە کشایەوە."

وتیشی لەگەڵ ئەوەشدا ژێرخان و قوتابخانەکان لە بارودۆخێکی باشدا ماون بە بەراورد بە شارەکانی تری عێراق کە لە داعش ئازادکراون.

تالیب وتی: "کارکردن دەستپێدەکات بەپێی لیستێک بۆ ئه‌وله‌ویه‌ته‌كان کە تیایدا خزمەتگوزارییە گرنگەکان لەسەرەوەن، لەنێویاندا ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندی بۆئەوەی دانیشتوان بتوانن دەنگیان بگاتە ئەوانەی دەرەوەی شارەکە دوای چەند ساڵێك لە دابڕان."

وتیشی دوایئەوە ئه‌و رێگا سەرەکییه‌ی عەننە و حەدیسە بەیەکەوە دەبەستێتەوە نۆژەندەکرێتەوە بۆ ئاسانکاریی جموجۆڵی ئەو بارهەڵگرانەی خۆراك و دەرمان دەگوازنەوە.

هەروەها وتی کارکردن بەردەوامە بۆ چاککردنەوەی کارەبای گشتی کە ئێستا کارەبا لەلایەن مۆلیدە ئەهلیەکانەوە دابینکراوە کە بەو سوتەمەنیە کاردەکەن کە حکومەت دابینیکردووە.

پته‌وتركردنی ئاسایش

تالیب وتی هەروەها بەهێزکردنی ئاسایشیش گرنگە بۆ بنیاتنانەوەی عەننە.

وتیشی ئەمه‌ش مانای جێگیرکردنەوەی هێزی ئەمنی و پۆلیسی خۆجێییە لەم شارە تاڕادەیەك گەورەیەدا کە لانیکەم پێویستی بە هێزێکی پۆلیسی بەهێزی 500 کەسی هەیە.

فەرماندەی حەشی عەشایەری لە قەزای بەغدادی، شێخ قەته‌ری سه‌مەرمەند، وتی هەموو شارەکە لە ئێستادا ئەمینە، سوپاس بۆ هێزە ئازادیکەرەکان و هێزی عەشایەری و پۆلیسی نێوخۆیی.

سەمەرمەند بە دیارونای وت ئەو هێزانە چاودێریی بنیاتنانەوەی شارەکە دەکەن.

وتیشی ئەوان یارمەتیدەر بوون بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری بە سەپاندنی قەدەغەکردنی هاتوچۆی خەڵکی ناوچەکە لەکاتی شەڕی ئازادکردندا لەجیاتی رێگەدان پێیان بۆ بەجێهێشتنی شارەکە.

هەروەها وتی ئەوە یارمەتیدەربووە بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانی ئاسایی بە هەنگاوی خێراتر چونکە ئەو کارمەندە حکومیانەی کە شارەزان لە چاککردنەوەی خزمەتگوزاریەکاندا لە شارەکە هەڵنەهاتوون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500