خێڵەکییەکانی پارێزگای ئەنبار بەردەوامن لە رۆڵی چالاکیان بۆ دەرکردنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە خۆرئاوای عێراق.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار کەریم کەربولی بە دیارونای وت نزیکەی 11,000 چەکدار هاوشان بە هێزە عێراقیەکان شەڕدەکەن و یارمەتی پاراستنی شارە رزگارکراوەکان دەدەن لە تەواوی پارێزگاکەدا.
وتی: "بە فەرمی تۆمارکراون و موچە وەردەگرن. بەڵام لە هەمان کاتدا، نزیکەی 8,000 [خەڵکی ناوچەکە و ئهندامانی خێڵهكان] خۆبەخشانە کاردەکەن بەبێ هیچ قەرەبوویەك."
کەربولی وتی ئەم خۆبەخشانە پاڵپشتی هێزە خێڵەکی و ئەمنیەکان دەکەن هەرکات ئەندامانی داعش هێرشێکی کتوپڕ بکەنە سەر ناوچەکانیان.
وتیشی: "لە هەر هێرشێكدا، ژمارەی چەکدارە خێڵەکیەکان راستەوخۆ زیاد دەکات و پێکەوە ریزدەبن بۆ بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستان."
وتی پاڵپشتی خێڵەکییەکان تەنیا سنووردار نیە لە ئۆپەراسیۆنی بەرگرییدا و ئاماژەی بەوەکرد كه چەکدارەکان بەشداریدهكهن لەو شەڕانهی ئازادکردنیشدا کە هێزە عێراقییەکان دەیکەن.
مانگی رابردوو، زیاد لە 1,300 چەکداری خێڵەکی -- زۆربەیان خۆبەخش بوون -- بەشدارییان کرد لەشەڕی گرتنەوەی عەکاشات، نزیك بە سنووری سوریا، کەربولی وتی
خێڵەکییەکان 'زۆر پێویستن'
کەربولی وتی خێڵەکییەکان رۆڵێکی زۆر پێویستیان هەبووە لە شەڕەکانی رزگارییدا، زۆر قوربانییان داوە و پشتگیرییەکی بەرچاوی هێزە ئەمنیەکانیان کردووە.
وتیشی لەئێستادا یاریدەی دەرکردنی داعش دەدەن لەو بنکانەی لەژێردەستیدا ماوە لە بەشەکانی ئەوپەڕی خۆرئاوای ئەنبار.
کەربولی وتی بۆ باشترکردنی بەشداریی خێڵەکییەکان، پێویست دەبێت ئەم چەکدارانە چەك و شمەکی زیاتریان پێبدرێت و موچەیان بەپێی پێویست پێبدرێت.
وتی خێڵەکییە بریندارەکان و خێزانەكانی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە شەڕی دەرکردنی داعش لە پارێزگاکە دەبێت قەرەبوویان پێبدرێت.
فەرماندەی هێزەکە، عەقید جەمال شیهاب مەحەلاوی، وتی هاوکات، چەکدارانی هێزه خێڵەکیەکانی خۆرئاوای ئەنبار پشتگیرییەکی جەماوەری زۆریان هەیە.
مهحهلاوی بە دیارونای وت: "خەڵکی ناوچەکە بۆ یارمەتیدانیان هەموو هەوڵێك دەدەن. لەگەڵ ئێمە و هێزە ئەمنیەکاندا هاوشان دەبن بۆ بەرزکردنەوەی ورەمان."
وتیشی: "لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا پشتگیری بۆ بهرزكردنهوهی وره هەیە و هەموو چینەکانی کۆمەڵگە لە ئەنبار قایلن بەوەی ئەم هاوسازانە بەهێزبکەن."
ههروهها وتی: "کاتێك پێویستمان بە خەڵکە بۆ شەڕ، هیچ سڵ لەوە ناکەنەوە چەك هەڵگرن." ئاماژەشی كرد به "یەکگرتوویی جەماوەری لەگەڵ خێڵ و هێزە ئەمنیەکان".
نزیکەی 200 چەکدار لە هێزی خێڵەکی خۆرئاواوە بەشدارییانکرد لە گەڕاندنەوەی قەزاکانی عەننە و رەیحانەبۆ ژێردەستی عێراق لە مانگی رابردوودا، مەحەلاوی وتی.
وتیشی سەرکەوتنەکانی ئەمدواییە دەکرێت بەهۆی پاڵپشتیی خەڵکی ناوچەکە و خێڵەکیەکانەوە بووبێت، بەتایبەتی ئەندامانی خێڵەکانی ئەلبو مەحەل، سەلمان و خێڵەکانی دیکەی خۆرئاوای ئەنبار.
پشتگیریی جەماوەریی بۆ چەکدارە خێڵەکیەکان
مەحەلاوی وتی: "دەبێت هەموومان شارەکانمان بپارێزین و رێگەنهدەین تیرۆریزم بگەڕێتەوە ناویان لەژێر هەر پاساوێکدا بێت. ئامادەیی پێویستمان هەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و شەڕکردن هاوشان بە هێزە ئەمنیەکانمان و پێدانی زانیاری پێیان."
فەرماندەی هێزە خێڵەکیەکانی حەدیسە، شێخ عەواد سەعید جوغەیفی، بە دیارونای وت: "لە هەموو بۆنەیەکدا دانیشتوان پشتگیری دەردەبڕن بۆ بهرزكردنهوهی ورهمان."
جوغەیفی وتی: "کاتێك چەکدارەکانمان لە شەڕ دێنەوە، هاوڵاتیان بە هاواری خۆشی پێشوازییان لێدەکەن، دهستبهجێ فیستیڤاڵیان بۆ دەگێڕن و پشتگیرییان دەکەن بە هەر جۆرێك پێیان بکرێت."
وتیشی ئەم سەرکەوتنانە ههر زوو بوون بە قسەی سەر شەقامەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.
جوغەیفی وتی: "ئەمە لە هەر شارێك یان ناوچەیەك رزگاری بکەین دووبارەدەبێتەوە. ئەو دانیشتوانەی کە ئەزمونی برسێتی و قاتوقڕییان کردووە، زۆر دڵخۆشن كه یارمەتیمان دەدەن لە ئاشکراکردنی حەشارگەی تیرۆریستاندا و هاوکارییمان دەکەن."
وتیشی ئهندامانی خێڵهكان و هێزە عێراقیەکان هاوشانن لە دژایەتیكردنی تیرۆریزم و کۆنترۆڵیان بەسەر هەموو ناوچە ئازادکراوەکاندا دەسەپێنن.
جوغەیفی داوای زیادکردنی ژمارەی چەکدارە خێڵەکیەکانی کرد بەهۆی قەبارەیانەوە لە پارێزگاکەدا و ئاماژەشی کرد بە بوونی ژمارەی پێویست لە چەکداری خۆجێی تا جێگیربکرێن لە بیابانەکە و ئاسایشی شارەکان بپارێزن.